وەزارەتی داد یەكەی یەكسانیی جێندەری و مافی مرۆڤ دەكاتەوە

وەزارەتی داد یەكەی یەكسانیی جێندەری و مافی مرۆڤ دەكاتەوە

 

لە پێناو بایەخدان و بەگەڕخستنی تواناكانی خانمان و دەستەبەری یەكسانی لە ئەرك و مافدا لە نێوان هەر دوو رەگەز، لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەی یەكسانیی جێندەری كراوەتەوە، رۆژگار موحسین بەكر بەرپرسی یەكەی یەكسانیی جێندەری و مافی مرۆڤ لە وەزارەتی داد، وردەكاریی ئەو یەكەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو و لەمبارەیەوە رایگەیاند:

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«یەكەی یەكسانیی جێندەری لە 27/12/2018 لە دیوانی وەزارەتی داد بەفەرمی دامەزراوە، لە پێناو برەودان بە توانا و لێهاتوویی خانمان كاری كردووە و چەندین چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام دراوە، لەوانە چەند كۆنفرانسێك لەسەر چۆنیەتی كاراكردنی كاركردن بە یاسای بازرگانی كردن بە مرۆڤ،ئەنجامدانی دانیشتنێكی گەورە لە شاری هەولێر و لە بەغدا، هاوكات كاركردن لەسەر دۆخی ئەو منداڵانەی لە دایك و باوكی داعش لە دایك بوون، ئەویش بە مەبەستی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان، وێڕای ئەوانەش یەكەی یەكسانیی جێندەری كار دەكات بۆ دیراسە كردن و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی ئافرەتان لە چاكسازییەكان و لە نزیكەوە ئاگادر بوون لە گرفتەكانیان و چارەسەر كردنیان، هەروەها كاركردن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسایەك بۆ تاوانی كۆمەڵكوژی خوشك و برا ئێزیدییەكان لە شەڕی داعش. 

لەلایەكی دیكەوە نووسینەوە و ئامادەكردنی سیاسەتی یەكسانیی جێندەری لە وەزارەتی داد لە یەكەی یەكسانیی جێندەری و كاركردن بۆ بە دەستهێنانی ئامانجی یەكەكەمان، لە یەكەی یەكسانیی جێندەری كاردەكەین لەسەر یاساكانی تایبەت بە جێندەر و ئافرەت شانبەشانی هۆشیاركردنەوەی فەرمانبەر لەسەر مانای جێندەر، لە ڕێگای ئەو یەكەیە هەوڵ دەدرێت ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە شوێن و جێگەی بڕیاردان زیاد بكرێت.

هەرچەندە ئافرەتان لە تێكەڵ بوون بە كار لە فەرمانگە حكومی و ئەهلییەكان درێخیان نەكردووە و ئاستێكی باشیان بڕیوە، راستە رێژەی بەشداری فەرمانبەری ئافرەت لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت زۆرە، بەڵام لە شوێنی بڕیاردان و پۆستە باڵاكان ڕێژەكەیان زۆر كەمە.

لەبەر ئەو هۆكارانە پێموایە هەبوونی یەكەیەكی تایبەت بە پرسی یەكسانیی جێندەری لە وەزارەتەكان ڕۆلێكی باشی دەبێت، بەڵام پێویستی بەكات و كاركردنە، هەروەها پێویستی بە پلانێكی پوخت و گشتگیرە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانرێت ئەو یەكسانییە وەكو خۆی كە هەیە دەستەبەر بكرێت، لەوەش گرنگتر خەڵك لە مانای جێندەر و یەكسانی تێبگات بە تایبەتی ڕەگەزی بەرامبەر، ئەگەرچی بەداخەوە ئەوەی دژی یەكسانیی ماف و ئازادییەكانن تەنها پیاوان نین، بەڵكو ڕێژەیەكیش ئافرەت هەیە كە دژی ئەو بابەتە بووە و بە باشی نەزانیوە ئافرەت ڕۆڵێكی بەزر و بەرجەستەی هەبێت، ئەگەرچی ئەوانە ئافرەتن بەڵام بە هزر و فكری پیاوانە بیر دەكەنەوە و سەیری واقیعەكە دەكەن، ئەوەش زادەی پەروەردەیەكە كە پیاوسالاری بەرهەمی هێناوە، لێرەدا لەسەر هەمووان پێویستە كار بكەین بۆ ئەوەی ئەو جۆرە بیركردنەوانە بگۆڕدرێن و كار لەسەر هوشیار كردنەوەی تاك بە هەردوو رەگەزەوە بكرێت بە شێوەیەكی گشتی، ئامانجی یەكەكەمان ئەوەیە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە هەردوو رەگەزەوە بە ژن و پیاو و منداڵ و پیر وەك مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بەبێ جیاوازی لە كۆمەڵگەدا یەكسان بن».

 

Top