برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان - سوریا

برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان - سوریا

 

بەڕێز/ سعود مەلا سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان - سوریا
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا

بەبۆنەی(٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان - سوریا، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی حزبە خەباتگێڕ و دێرینەكەتان دەكەین و، ئومێدەوارین هەمیشە لە پێشكەوتن وسەركەوتندا بن و لە خەباتی نەپساوەی خۆتان بەردەوام بن لەپێناو بەدیهاتنی گشت ئامانجە رەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا وەكو یەكەم حزبی سیاسی كوردی لە كوردستانی سوریا، ٦٤ ساڵ پێش ئێستا لە بارودۆخێكی سیاسی گرنگی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نێوخۆیی سوریا دامەزرا بە مەبەستی كۆكردنەوەی هەوڵ تواناكانی گەلی كورد لە سوریا و ئاراستەكردنی بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان- سوریا یەكێكە لەو حزبە رەسەنانەی بەدرێژایی كاروانی خەباتی سیاسی و مێژوویی خۆی هەردەم داكۆكیكارێكی دڵسۆز بووە لە مافە رەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و، لە وێستگە جیاجیاكانی خەبات و تێكۆشانیدا رۆڵی كاریگەر و گرینگی خۆی بینیوە و لەو رێگایەشدا قوربانی زۆری داوە و تا ئەمڕۆش لەو رەوتە بەخششدارەی خۆیدا هەر بەردەوامە، ھەوەکو ھەمیشە رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەبووە بە مەبەستی یەكخستنی ریزەكانی گەلی كورد لە كوردستانی سوریا لەم پێناوەشدا هەنگاوی گەورە و گرنگی هەڵهێناوە تایبەت لە دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی، كە مایەی شانازییە بۆ مێژووی خەباتی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانەی لە رۆژئاوای كوردستان.

پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هاوپەیمانێكی بەردەوامی خەبات و تێكۆشانی ھاوبەش هەردەم ئەو كاروانە سەرفرازەی ئێوەی بەرزنرخاندووە و دەنرخێنێت، هەر لەسەرەتای بەرپابوونی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرابەرایەتی (بارزانی نەمر) کە داڕێژەری كۆڵەگە پتەو و هاوبەشەكانی ئەو هاوخەباتییە بووە بۆ كاركردن و پتەوكردن و بەهێزكردنی بزاڤەکەمان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی.

جارێكی دیكە بەبۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەتان پیرۆزبایتان لێدەكەین و ئاواتەخوازین هەر سەركەوتوو بن لە كاروانی خەباتی نەپساوە و بەردەوامتان و، دووبارەش جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیی و دۆستایەتی بەهێز و لەمێژینە و رەگداكوتاوی نێوانمان و سووربوون لەسەر پتەوكردنی پرەنسیپە راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی مەدەنیانە و دیموكراسیانە.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٤ـی٦ـی٢٠٢١

Top