هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان سەرپەرشتی و چاودێریی نێودەوڵەتیدا

هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان سەرپەرشتی و چاودێریی نێودەوڵەتیدا

 

 

( لە 27ی ئایاری 2021، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری – 2576- ماوەی ساڵێكی دیكەی بۆ ئەركەكانی نێردەی نێودەوڵەتی بۆ هاریكاریی عێراق -یونامی- درێژكردەوە، بەپێی ئەم بریارە، نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت تیمێكی چاودێری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق ئامادە بكات، ئەم تیمە دەبێت فەرمانبەری بەهێز و زیاتر لە خۆی بگرێت و، زۆر بە راشكاوی پێش بەرواری دیاریكراوی هەڵبژاردنەكان، دەبێت رابگەیەندرێت بۆ ئەوەی لە رۆژی هەڵبژاردندا لە زۆربەی هەرە زۆری جوگرافیای عێراقدا چاودێریی پرۆسەی دەنگدان بكەن و، هاوكاری بۆ هەڵبژاردنەكان بگەیننە دەنگدەرانی عێراقی. دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان پێویستە راپۆرتێك سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە پێشكەشی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت. سەبارەت بە بەشداری پێكردنی ئەو چاودێرە نێودەوڵەتی و هەرێمییانەش كە لەسەر داوای حكومەتی عێراق بانگهێشت دەكرێن، بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، كە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو چاودێرانەش بكرێت و هاوكاریی لۆجیستی و ئەمنییان پێشكەش بكرێت. هەروەها بڕیارەكە داوا لە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتەی لە یۆنامی لە ناو عێراقەوە بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووكانی بەرز كردووەتەوە، راپۆرتێكی پوختە پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات و، دەبێت ئەم راپۆرتە لەماوەی كەمتر لە 30 رۆژی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرابێت).

 چەند بڕگەیەك لە بریاری 2576ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق.

 

 بە چ میكانیزمێك نەتەوە یەكگرتووەكان

چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات؟

میكانیزمی چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا ئەگەر راشكاوانە بە مەحاڵیش لە قەڵەم نەدرێت، ئەوا لە پراكتیكدا بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیكی پاك و ئازاد و دوور لە ساختەكاری ئەنجام بدرێت، لە كارێكی نیمچە مەحاڵ دەچێت، ئەمەش ئەگەر بەشێكی پەیوەندیدار بێت بۆ بوونی چەكی میلیشیاكان و پارەی بێ شوماری لایەنە سیاسییە باڵا دەستەكانی شیعە، ئەوا بەشێكی دیكەی پەیوەندیدارە بە لایەنی لۆجیستی و ئەو ژمارە گەورەیەی چاودێران كە پێویستە بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگداندا لە سەر سندوقەكانی دەنگدان ئامادەبن. لێرەوە ئەگەر تەنیا هەڵوەستە لەسەر ئەم لایەنە لۆجستییە بكەین، ئەوا دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ بكەین:

بەپێی ئەو ئامارەی میقداد ئەلشریفی سەرۆكی پێشووی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسێونی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی پێ كردووە، لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتوو 8000 ناوەندی دەنگدان و 56 هەزار وێستگەی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق بوونی دەبێت، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم ئامارە شیكارێكی ماتماتیكی بكەین، ئەوا دەبێت رەچاوی ئەم ژمارانە بە وردی بكەین:

1- بۆ 8 هەزار ناوەندی دەنگدان ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان تەنیا چوار چاودێر بۆ هەر ناوەندێك بنێرێت، ئەوا تەنیا ناوەندەكانی دەنگدان پیویستیان بە 32 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی دەبێت.

2- بۆ 56 هەزار وێستگەی دەنگدان، كە بێگومان هەموو وێستگەیەك چەند ژوورێكی دەنگدانی تێدایە و پێوستە لە هەر ژوورێكی دەنگدان لانیكەم چاودێریكی نێودەوڵەتی هەبێت، بۆ ئەوەی رێگە لە ساختەكاری بگرێت، لێرەشدا ئەگەر وەك گریمانە وای دابێنین هەر وێستگەیەكی دەنگدان بە شێوەیەكی گشتی لە 3 ژووری دەنگدان پێكهاتبێت، ئەوا پێوسیتە نەتەوە یەكگرتووكان 200 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی (168 هەزار بۆ وێستگەكانی دەنگدان و 32 هەزار بۆ ناوەندەكانی هەڵبژاردن) رەوانەی عێراق بكات، ئەوجا ئەگەر بەشێك لەم 200 هەزارە چاودێری وڵاتانی دیكەی نێودەولەتی و هەرێمیش بن، ئەوا دابینكردنی لایەنی لۆجیستی و ئەمنییان بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش هەر لە ئەستۆی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت.

3- ئەم 200 هەزار چاودێرە نێودەوڵەتییە، پێویستیان بە دابینكردنی شوێنی حەوانەوە( VIP) و دابینكردنی ئاسایشیان هەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا لە ئێستای عێراقدا شوێنی حەوانەوەی (VIP) سەقامگیر بۆ ئەو ژمارە زۆرە دابین دەكرێت؟ لەلایەكی دیكەوە حكومەتی ئێستای عێراق لە توانایدا نییە تەنیا ناوچەی سەوز و تەلارەكانی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتیی كۆمار بپارێزێت و ئاسایشیان بۆ دابین بكات، ئایا دەتوانێت لە سەرانسەری عێراقدا ئاسایش بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی دابین بكات؟

4- پرسیارێكی دیكە ئەوەیە: ئایا تەواوی ئەو هێزە سیاسییانەی شیعە كە خاوەنی چەك و پارەی سیاسین بە چاودێری نێودەڵەتی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ هەڵبژاردنەكان رازی دەبن و هاوكار دەبن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەو لێدوانانە وەردەگرینەوە كە نوێنەرانی ئەو هێزانە بە راشكاوی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەیدەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەنەوە، ئاشكرایە كە بەشی هەرە زۆریان چاودێری نێودەوڵەتی بەو میكانیزمەی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش هاتووە بە پێشێلكردنی سەروەریی وڵات دادەنێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو هێزە میلیشیایانە رێگە نادەن زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بێت، كە ئەگەر ئەو زەمینەیە دروست بوو، بە كۆتایی خۆیان كۆتایی دێت.

5- نوێنەرانی خۆپیشاندانەكانی تشرین، كە بەنیازن وەك كاندیدی سەربەخۆ و نوێنەری شەقام بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكەن، ئەوانیش بە چاودێری نێودەوڵەتی رازی نین و داوایان ئەوە بوو كە پێوستە نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق بكات، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش لەبەر چەندین هۆكاری بڕیاری لەسەر چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان داوە، هەر بۆیە نوێنەرانی خۆپیشاندانەكان هەر لە ئێستاوە شەرعیەت لە ئاكامی هەڵبژاردنی داهاتوو وەردەگرنەوە و بڕیاریان داوە خۆپیشاندانەكان بەردەوامی پێ بدەن.

كەواتە ئەگەر لە روانگەی ئەم واقیعە سیاسییەی ئێستای عێراقەوە خویندنەوەیەكی زانستییانە بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە رۆڵی چاودێریكردنی ئەم هەڵبژاردنەش لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە رۆڵیان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 زیاتر نابێت، كە تیایدا لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رێژەی بەشدار بوون زۆر كەمتر بوو لە 20% و، هەورەها ساختەكارییەكی بێ شوماریش ئەنجام درا و بەشێكی سندوقەكانیش سووتێندران، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتی خۆیدا شەرعیەتی بە هەڵبژاردنی 2018 دا، سەرەنجامیش ئەو بارودۆخەی لێكەوتەوە، كە جیا لەوەی عێراق ناچار بوو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، لە هەمان كاتیشدا پرۆسەی سیاسی بووە پرۆسەیەكی شكستخواردووی بێ دەسەڵات.

  هێزی چەكداری میلیشیاكان و پارەی بێ شوماری لایەنە سیاسییەكان چ جۆرە هەڵبژاردنێكیان دەوێت؟

فراكسیۆنی سائیرون كە لەناو پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرایەتیی رەوتی سەدر دەكات و، رەوتی سەدریش كە هەر لە ئێستاوە بانگەشەی ئەوە دەكات، سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەبێت كاندیدی ئەوان بێت، یان دەبێت خۆیان كاندیدەكە پەسەند بكەن، لە هەڵمەتەتێكی پێشوەختەی هەڵبژارندا و لە یەك دوو مانگی رابردوو، مانۆڕێكی 100 هەزار چەكداری لە شەقامەكانی بەغدای پایتەخت ئەنجام دا، ئەم مانۆڕە چەكدارییەی میلیشیاكانی سەدر ئەو پەیامەی بە عێراقیەكان دا، كاتێك رەوتی سەدر پێشوەختە بانگەشە بۆ ئەوە دەكات، كە دەبێت سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئەوان دیاری بكەن، ئەوا ئەم داوایە لەو هێزە چەكدارییەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە یەك مانۆڕدا لە شەقامەكانی بەغدای پایتەخت بینیمان.

لە چەند رۆژی رابردووش دوای ئەوەی فەرماندەیەكی لیوای حەشدی شەعبی لەلایەن هیزەكانی عێراقەوە دەستگیر كرا، دیسان مانۆڕە چەكدارییە گەورەكەی حەشدی شەعبیمان بینی كە چۆن ناوچەی سەوزیان گەمارۆدا و، ئەم مانۆڕەی حەشدی شەعبی-یش دیسان ئەو پەیامەی دا بە عێراقییەكان كە ئەوان بە كردەیی خاوەنی دەسەڵاتن و لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بەهێزترن و كەی بیانەوێت نەك هەر دەتوانن كودەتای سەربازی ئەنجام بدەن، بەڵكو دەشتوانن حكومەت و دامەزراوەكانی دیكەی دەوڵەت بە دیل بگرن.

لە بەرامبەر ئەم دوو مانۆڕە سەربازییەدا، حكومەت و سوپای عێراق وەك دوو كاراكتەری بێدەسەڵات دەركەوتن و نەیانتوانی هیچ كاردانەوەیەكیان هەبێت، بۆیە لەناو ئەم واقیعە پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: كاتێك حكومەتی مستەفا كازمی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنیكی پاك و بێگەرد و دوور لە ساختەكاری دەكات، ئەم بانگەشەیەش دەسەڵات و نفووزی ئەو هێزە سیاسییانەی كە خاوەنی هێزی چەكدارن دەخاتە مەترسییەوە، ئایا زەمینە ئەوەندە لەبار دەبێت كە بتوانرێت بەو شیوەیە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت؟ دیارە لەناو پاشاگەردانی ئەمنی و سیاسیی عێراقدا ئەم پرسیارە بێ وەڵامە.

لەناو ئەم واقیعە سیاسیی و ئەمنییەی ئێستادا كە بانگەشەكان بەو ئاراستەیەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكاتی خۆی لە 10ی 10ی 2021 بەڕێوە دەچێت، هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە ئاكامی هەڵبژاردن جارێكی دیكە بۆ بەرژەوەندیی (شیعەی سیاسی) یەكلایی ببێتەوە، ئەمەش ببێتە چەترێكی شەرعیەت بۆ ئەوەی راشكاوانەتر هەنگاو بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی سیاسیی شیعە هەڵبگرن.

ئەم واقیعە لای جنین بلاسخارت-ی سەرۆكی نێردەی نێودەوڵەتیش ئاشكرایە و، هەر لەو كاتەوەی بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانی سەردانی ئایەتوڵا سیستانی كرد و، پاش ئەویش بۆ راگرتنی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر نێردە نێودەوڵەتیەكان كە سەردانی – ئەبو فەدك- ی جێگرەوی مەهدی موهەندیسی كرد، بە كردەیی ئەوەی سەلماندووە كە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان كێشەیەك نییە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتیكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و مەدەنی بكات، یان دەسەڵاتیكی میلیشیایی وەك هێزەكانی حەشدی شەعبی.

ئەم واقیعە ئەوە دەسەلمێنیت كە نەتەوە یەكگرتووەكان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان ئەو راستییەی لا ئاشكرایە كە پرۆسەی هەڵبژاردن نەخشەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی پێ ناگۆڕێت و، نەخشەكە هەر دەبێت بەو شێوەیە بێت كە لایەنەكانی شیعەی سیاسی دەیانەوێت و، ئەگەر هەوڵێكیش هەبێت، كە پێچەوانەی خواستی لایەنەكانی شیعەی سیاسی بێت، ئەوا لای روونە كە هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا ئەنجام نادرێت، ئەمەش لەلایەن بەشی زۆری لایەنەكانی شیعەی سیاسیی نەشاردراوەتەوە و لەگەڵ ئەوەی ئاماژە بەوە دەكەن، ئامادەباشییان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام بە باشتری دەزانن كە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە ئەنجام نەدرێت و چاوەڕێی ئەوە بكەن، ئەم خولەی پەرلەمان كارەكانی خۆی تەواو بكات.

لەسەر ئەم بنەمایە چاودێرانی سیاسی بەو جۆرە شرۆڤەی ئەم بارودۆخە سیاسی و ئەمنییە ئاڵۆزەی ئێستای عێراق دەكەن، كە شیعەی سیاسی لە عێراق – كۆی لایەنە سیاسییەكانی شیعەی دەسەڵات- لە هەوڵی ئەوەدان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، دوو چەتری شەرعیەت بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بە شێوەیەكی پراكتیكی زامن بكەن، كە یەكەمیان چەتری شەرعیەتی ئاكامەكانی هەڵبژاردنە، چەتری دووەمیشیان دووبارە كاندیدكردنەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە، ئەمەشیان وەك وەكیلێكی هاوبەش بۆ كۆی لایەنە سیاسییەكانی شیعە لەناو پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا، بێگومان وێڕای ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی شیعە كەم تا زۆر رەخنەی توند لە ئەدای حكومەتەكەی كازمی دەگرن، بەڵام كازمی لە ماوەی ئەو ساڵ و چەند مانگەی لەم قۆناخە سەخت و دژوارە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كردووە، راستە گوتاری زۆر توندی داوە، بەڵام بە پراكتیكی هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە زیانی بۆ شیعەی سیاسی لە عێراقدا هەبێت، لەمەش زیاتر هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە كە لەگەڵ ئەوانەی پێیان دەگوتریت – چەكی لە یاسا دەرچوو- كارێك بكات بیگەیەنێتە مریشكە رەشە.

لێرەوە ئاراستەی نەخشەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو دوو ئاراستە هەنگاو هەڵدەگرێت، یەكەمیان پاراستنی ستراتیژیەتی ئیسلامی سیاسیی شیعە. دووەمیان زەمینە خۆشكردن بۆ گۆڕانگاریی تەكتیكی، ئەم دوو ئاراستەیە لە ناوەرۆكدا ستراتیژیەتی ئیسڵامیی سیاسیی شیعە وەك خۆی دەهێڵێتەوە و بەرەو پێشەوەی دەبات، لە رووكاریشیدا گۆڕانكارییەكی تاكتیكی دروست دەكات، كە وەلامی خۆپیشاندەران و كۆمەڵگەی نێودەڵەتی پێ دەداتەوە.

 

Top