سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: پلەی ناشایستەو نایاسایی لە فەرمانبەران وەردەگیرێتەوە

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: پلەی ناشایستەو نایاسایی لە فەرمانبەران وەردەگیرێتەوە

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا حكومەتی ھەرێم سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە، كە دەست بكەن بە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەراندا، ئامانجیش لەمەدا بۆ ئەوەیە كە بزانرێت ھەر كەسێک بە نایاسایی یان ناشایستە پلەیەكی وەرگرتبێت لێی وەربگیرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەشی بەوە كرد كە بەپێی زانیاریی دەستەی دەستپاكی زۆربەی وەزارەتەكان خەریكن كارەكانیان تەواو دەكەن، تاكو لە كۆتاییدا بگەنە ئەو ڕاستییەی كە هەر فەرمانبەرێك ئەگەر ھەر پلەیەكی بە نایاسایی و ناشایستەیی لە دامودەزگاکانی حکومەت وەرگرتبێت لێی وەردەگیرێتەوە و دەگەڕێنرێتەوە سەر ئەو پلەیەی كە شایستەیەتی. جەختی لەوەش كردەوە كە تەواوبوونی پرۆسەكە ئەو كات ڕەوانەی لیژنەی باڵای چاكسازی دەكرێت تاكو بڕیاری خۆی لەسەر بدات.

لە كۆتاییدا سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان ڕوونی كردەوە كە كابینەی نۆیەم چاکسازی دەكات تاكو بارودۆخی هاووڵاتیان و کوردستان باشتر بێت و یەكسانی و دادپەروەری لە پلەو مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت بێتە كایەوە.

 

گوڵان- بەهادین جەلال

Top