فلاديمێر پوتن: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا لەوپەڕی ئاست نزمیدایە

فلاديمێر پوتن: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا لەوپەڕی ئاست نزمیدایە

فلاديمێر پوتن سەرۆكی ڕووسیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی( ئێن. بی. سی نیوز) پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆن بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە ژنێڤ كە ڕۆژی چوارشەممە سازدەكرێت، ڕایگەیاند پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتۆتە ئاستێكی نزم.

لەلای خۆشیەوە كۆشكی سپی دەڵێت بایدن لم كۆبوونەوەدا زۆر پرس دەورووژێنێت، لەوانە دوژمنكاریی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا و بەندكردنی بەرهەڵستكارو نەیاران و چەندین بابەتی دیكە كە بوونەتە هۆی گرژیی نێوان هەردوو لا.

بە گوێرەی وەرگێڕانی قسەكانی فلاديمێر پوتن كە تۆڕی ( ئێن. بی. سی نیوز) دوێنێ بڵاوی كردووەتەوە گوتوویەتی كە ئەو پەیوەندییانەمان گەیشتۆتە ئەوپەڕیی ئاست نزمی، ئەو دەشڵێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو كەسێكی جیا و بەهرەمەند بوو، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات كە بایدن سیاسەتمەدارێكی شارەزاو پیشەگەر و بە تەواوی جودایە بە بەراورد بە ترەمپ.

لەلای خۆیەوە بایدن لە دەستپێكی سەردانەكەی بۆ ئەوروپا كە هەشت ڕۆژ دەخایەنێت، گوتی ئێمە نامانەوێت ململانێ لەگەڵ ڕووسیادا بكەین. بەڵكو پەیوەندییەكی سەقامگیرمان دەوێت، بەڵام نەیشاردەوە كە ئەگەر ڕووسیا چالاكی و جموجۆڵ بە زیانی ئەمریكا ئەنجام بدات، ئەوا ئەمریكا بە توندی وەڵامی دەداتەوە.

دواجار بوتن ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی بە توندی ڕەت كردەوە كە گوایە ڕووسیا مانگی دەستكرد دەداتە ئێران بۆ سیخوڕیكردن بەسەر ئامانج و بنكە سەربازییەكان لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گوڵان – بەهادین جەلال

 

Top