لەکۆی 592 کاندیده‌كانی سەرۆکایەتيی ئێران تەنیا 7 کەسيان رێپێدراون

لەکۆی 592 کاندیده‌كانی سەرۆکایەتيی ئێران تەنیا 7 کەسيان رێپێدراون

لەکۆی 592 کەس کە خۆیان پالاوتوو بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجومەنی چاودێری تەنیا حەوت کەسی پەسەند کردو کاندیدە بەهێزو خاوەن جەماوەرەکانی ڕەت کردەوە.
ئەم حەوت کاندیدە بریتیین لە:
1ـ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، ئوسوڵگەراو کاندیدی خودی ڕابەری ئێران.
2ـ عەبدولناسر هیمەتی: بەڕێوبەری گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران.
3ـ سەعیدی جەلیلی: ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم.
4ـ موحسین میهر عەلیزادە: پارێزگای ئەسفەهان.
5ـ سەید ئەمیرحسێن قازیزدازە هاشمی: جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان.
6ـ موحسین ڕەزایی: سکتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم.
7ـ عەلیڕەزا زاکانی: سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران.
لەم 7 کەسە پێنجیان ئوسڵگەرای تەواون 2 کەسەکەی تریش خۆیان بەڕیفۆرخواز ناساندووە، بەڵام بەرەی ئیسڵاحاتی ئێران پشتگیرییان ناکەن‌و بەنوێنەری خۆیان نازانن.
کەسایەتی ئەم کاندیدانە بەکورتی ئەمەیە:
ئیبراهیم ڕەئیسی خۆشەویست و متمانەپێکراوی تەواوی سەید عەلی خامەنیی ڕابەری ئێرانە، خولی پێشوو لەبەرانبەر حەسەن ڕۆحانی خۆی پاڵاوت و کاندیداکانی تری ئوسوڵییەکان لەبەرژەوەندی ئەو کشانەوە، بەڵام لەبەرانبەر حەسەن ڕۆحانیدا هەر شکستی خوارد و سەرنەوکەوت.
ئەم پیاوە قسەی زۆری لەسەر هەیە و دەگوترێ ڕەنگە کاندید بێت بۆ ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دوای مەرگی خامەنیی. هەمو چاوەکان لەسەر ئەون‌و دەڵێن، سەرۆککۆماری داهاتووی ئێرانە.
سەعید جەلیلی سیاسیی‌و سەربازییەو خولی پێشوتر سێیەم دەنگی جەماوەری هەبوو، پاش ڕۆحانی و قالیباف. خولی پێشویش دیسانەوە کاندید بو، بەڵام لەرۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا پاشەکشەی کردو پشتگیریی خۆی بۆ ڕەئیسیی دەربڕی.
قازیزادە سیاسیەکی دەرکەوتوو نییەو نوێنەری شاری مەشهەدە لەپەرلەمانی ئێران.
موحسین ڕەزایی فارس نییە، بەڵکو لوڕە، پێشتر لەسوپای پاساداران و فەیلەقی قودس فەرماندە بووە، لای شەقامی ئێرانیی خۆشەویست نییە و لە باڵی ئوسوڵییەکانیش جێگەی بایەخی تەواو نییە، چونکە دەزانن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار شایستە نییە، لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرۆکایەتی بەشداریی کرد و تەنیا 6 هەزار دەنگی هێنا، کە چوارکاندید بوون، ئەوانیش بریتیبوون لە موسەوی، کەڕووبی، نەژادر و ڕەزایی.
لە خولی یازدەهەمیش بەشداریی کردو 3 ملیۆن و 8 هەزار دەنگێکی هێنا.

عەبدولناسر هیممەتی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندییەو ئەندامی حزبی کارگوزارانی سازندەگییە، ئەمانە سەر بەسیاستەمەداری کۆچکردو هاشمی ڕەفسەنجانیین‌و لایەنگری ئەوبون. لەسەر بەرەی ڕیفۆرمیش حساب دەکرێن بەوهۆیەوە سەرانی ئەو حزبە پشتیوانی محەمەد خاتەمی بوون و سەرخەری لیستەکەی بوون.
زاکانی بەهەمانشێوەی ئەوانی تر ئوسوڵگەرایەو ماوەیەکیش زیندانیی کراوە.

موحسین میهرعەلیزادە لەحکومەتەکەی ڕۆحانییدا پارێزگاری ئەسفەهانەو بەکەسایەتییەکی ئیسڵاحی ناسراوە، بەڵام نەخۆی‌و نەحزبەکەشی ئەندامی بەرەی ئیسڵاحاتی ئێران نیین و ئیسڵاحییەکان ئەویش و هاوڕێکانیشی بەکاندیدی ئیسڵاح تەڵەب ناناسن و ڕایانگەیاندووە کە ئیسڵاحییەکان نوێنەریان نییە و کاندیداکانیان ڕەتکراونەتەوە.

ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن بەسارو سڕییی دەستیپێکردووەو 20 ڕۆژ دەخایەنێت، تا ئەم کاتەش دەنگی ئیسڵاحییەکان کپ و نادیارە، جارێ بەهۆی ئەوەی فشار لەسەر کاندیداکان لەلایەن یەکترەوە گەرم نەبووە کشانەوە و باسوخواسی گەرم نییە.

چەند ئەگەریک هەیە:
لەوانە بەشدارینەکردنی زۆرینەی خەڵکی ئێران، بەتایبەت کورد وبەلووچ و سوننەکانی تر، ئەویش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم: خراپیی ژیان و بێکاریی و داتەپینی ئابووریی ئێران. دووەم: بێهیوایی لە هەڵبژاردن و کاندیدانی ئەمجارە کە سەرجەمیان جێگەی ئومێدی ئەوان نیین.

هەر لەبەر ئەو ئەگەرەشە ئەنجومەنی چاودێریی کاندیدی ئیسڵاحییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی ڕەتکردەوە، بۆئەوەی دەنگی ئیبراهیم ڕەئیسی یان هەر کاندیدێکی تری ئوسوڵگەرا مسۆگەر بێت، چونکە ئەوانەی بایکۆتی دەنگدان دەکەن بە پلەی یەکەم دەنگدەرانی ئیسلاحییی و نەیارانی ئوسوڵییەکانن، بۆیە لای دەوڵەتی ئێران سەرکەوتنی ئوسوڵییەکان و شکستی ڕیفۆرمخوازان گرنگترە تا ڕێژەی بەشدارییکردن.
هەندێ لەو کاندیدانە لە خولەکانی پێشتر ڕەتکرابوونەوە کە خۆیان کاندید بکەن، کەچی ئەمجارە پەسەند کراون، ئەمەش جێگەی پرسیاری گەوهەرییە لای شەقامی ئێرانی.

دوو ئەگەر تریش هەن:
یەکەم: ئسڵاحییەکان بەناچاری دەنگ بە یەکێک لەو دوو کاندیدە بدەن کە خۆیان بە ريفۆرمخواز ناساندووە.
دووەم: ئەگەر ململانێی ناو کاندیدەکان بەتایەبت ئوسوڵیی و ئیسڵاحیی خەست ببنەوە، رەنگە هەندێ لەو کاندیدانەی ئوسوڵگەرا پاشەکشە بکەن تاکو ئیبراهیم ڕەئیسی یان سەعید جەلیلی سەر بکەون.

Top