منداڵێکی کورد دوای هەشت مانگ تەرمەکەی لەکەنارەکانی نەرویج دەدۆزرێتەوە

منداڵێکی کورد دوای هەشت مانگ تەرمەکەی لەکەنارەکانی نەرویج دەدۆزرێتەوە


پۆلیسی نەرویج رایگەیاند لەئەنجامی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی دەرکەوتوە، تەرمی ئەو کۆرپەیەی کە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن ماسیگرێکی شاری کارمۆوە دۆزرایەوە، ئارتینی ئێران نەژادە، کە منداڵی خێزانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانەو هەشت مانگ لەمەوبەر لەکاتی پەڕینەوەیان لەفەرەنساوە بۆ بەریتانیا، لەدەریای مانشدا خنکان.
پۆلیس رایگەیاندوە تەرمەکە لەناو بەرگەمەلەیەکی گەورەدا بووەو شتێکی ئەوتۆی لێنەماوەتەوە، لەبەرئەوەی شەپۆلەکانی دەریا گواستویانەتەوە بۆ دوورتر لەهەزار کیلۆمەتر لەشوێنی روداوەکە.
رۆژی 27ی مانگی 10ی ساڵی 2020، لەکەناڵی مانشی نێوان فەرەنساو بەریتانیادا بەلەمێکی کۆچبەرانی نوقمبوو کە 5 کەسیان ئەندامی خێزانێکی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون نقوم بوون، تەرمی "شیوا محەمەد پەناهی تەمەن ٣٥ ساڵی دایکی‌و رەسول ئێران نەژادی تەمەن ٣٥ ساڵی باوکی‌و ئەناهیتای تەمەن ٩ ساڵی خوشکی‌و ئارمینی تەمەن ٦ ساڵی برای ئارتین ئەوکات لەلایەن تیمەکانی پشکنین دۆزرانەوە، بەڵام تەرمی ئارتین نەدۆزرایەوە کە تەمەنی 15 مانگ بوو. ئێستا تەرمی ئارتین پاش دو مانگ سەرگەردانی لەدەریای باکوردا دۆزراوەتەوە.
پووری ئارتین، کە ناوی نیهایەت-ەو نمونەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی لێوەرگیراوە، رایگەیاندووە "بەڵێنی داوە تەرمی ئارتین دەگوازنەوە بۆ سەردەشت‌و لە تەنیشت دایک‌و باوک‌و خوشک‌و براکەی بەخاکی دەسپێرن".
تەرمی چوار ئەندامەکەی دیکەی ئەم کارەساتە، بەبێ ئارتینی تەمەن ١٥ مانگ، پاش خنکانیان گەڕاندرابۆوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان‌و لەسەردەشت بەخاک سپێردرا بون.
ئەم خێزانە هاوینی ساڵی رابردو، لەسەردەشتەوە بەرێگەی قاچاخ لەسنووری ماکۆوە ئاودیوی باکوور کوردستان‌و تورکیا بوون، پاشان بە بەلەم گەیشتونەتە ئیتاڵیاو لەوێشەوە چوونەتە فەرەنسا، پاش مانگێک مانەوە لەو وڵاتە، لەگەڵ ١٧ کەسی دیکەدا لەلایەن قاچاغچییەوە سواری بەلەمی راوە ماسی دەکرێن بەمەبەستی پەڕاندنەوەیان لەفەرەنساوە بۆ بەریتانیا، بەڵام لەناوەڕاستی کەناڵی مانشدا بەلەمەکەیان سەرنگون دەبێ‌و ئەوانەی ناوی گیان لەدەست ئەدەن.
چیرۆکی پڕ لەئازارو کارەساتی ئەم خێزانە، چیرۆکی هەزاران مرۆڤی هەناسەساردی کوردە، کە لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەی شایستە بەمرۆڤ، زۆرجار کە سەری خۆیان هەڵدەگرن‌و نیشتمان بەجێدەهێڵن، روبەڕوی مەرگ‌و تراژیدیا دەبنەوە.

Top