سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان:   سێ سایلۆ و چەند ناوچەیەكی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەین

سەروەر كەمال هاواری  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان:     سێ سایلۆ و چەند ناوچەیەكی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەین

 

 

جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سایلۆو ناوچە پیشەسازییەكان و چەندین پڕۆژەی دیكەی گرنگ و رێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی هەنگاوێكی گرنگە بەرەو بووژانەوەی كەرتی بازرگانی و پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەنجام داوە. بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

 

* كەرتی بازرگانی و پیشەسازی بڕبڕەی پشتی هەموو حكومڕانییەكی سەركەوتووە، ئەمەش جیا لەوەی دەبێتە سەرچاوەیەكی گەورە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، لەهەمان كاتیشدا ژێرخانێكی پتەوی ئابوویی دروست دەكات، بێگومان كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی پێشوەختەشی ئامادە كردووە بۆ 10 ساڵی داهاتوو، ئایا گرنگترینی ئەو چاكسازییانەی لەم كەرتەدا دەكرێن چین؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەكانی داناوە، بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی بووژانەوەی هەموو كەرتە بەرهەمهێنەكان دەكات، لەناویشیاندا كەرتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمەش لەو روانگەیەی حكومەتێكی بەهێز واتا كەرتێكی تایبەتی بەهێز و خزمەتگوزار بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، بۆیە گرنگترین خاڵەكانی سەركەوتنی كابینەكە جگە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و قەرزەكان، بایەخدان بوو بەم دوو كەرتە، لە2020 و ئەم ساڵدا حكومەت بە قۆناغێكی قورس تێپەڕ بوو لەناو جەرگەی كەرەنتینەو قەدەغەكردنی هاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەرپەرشتیی راستەخۆی بەڕێز سەرۆكی حكومەت بۆردێك دامەزرا بۆ چاودێریی بازاڕ و رێگرتن لە هەڵاوسانی نرخەكان و ئەگەری دروستبوونی برسێتی و گرانی و رێگا نەدرا لە سێكتەری خۆراك كە پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتیان بوو، قەیرانێكی توندی خۆراكی رووبدات. لەلایەكی دیكەوە لەناو ئەم دۆخە سەختەی دارایی دەرگاكانی گفتوگۆو لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و عێراق دانەخراو، یەكخستنی پێناسەی گومرگی و لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و كوردستان خاڵی دیكەی ئەرێنی بووە، ئەوەتا لە رێگەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانەوە دەرفەتی كارو ئاڵووێری بازرگانی بەردەوام بۆ هەردوو لا هەیە. پاڵپشتی و كارئاسانی و هاندانی كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و كایە بەرهەمدارەكان گۆڕانكاریی دروست كردووە و بڕی بەرهەم زیادی كردووە؛ تەنیا لەساڵی 2020 دا نزیكەی 47 كارگەی نوێ كراوەتەوە كە 243 هەلی كاریان لەخۆ گرتووە و دەیان كارگەی دیكە لەقۆناغی بونیاتناندان. سیاسەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كە بریتییە لە (پاراستنی كارگەكان و دابینكردنی پێداویستیی بازاڕ) لەم روانگەیەوە هەوڵمان داوە گرنگی بە پیشەسازیی خۆراكی بدەین بۆ ئەوەی لەلایەك سوود لەبەرهەمی خۆماڵی وەربگرین و جووتیاران و هاووڵاتیانی خۆمان سوودمەند بن، لەلایەكی دیكەوە دەستی هەلی كار زیاد بكەین، ئەگەر بڕوانینە ژمارەی مۆڵەتی دامەزراندنی كارگە لە2020 كە 155 مۆڵەت بووە، دەبینین ژمارەی كارگەكان هەڵكشاون تەنانەت بەرهەمی كارگەكان و ژمارەی كۆمپانیاكانی تۆماركراوە لەو ساڵەدا كە 29.947 كۆمپانیا بووە، واتە زیاد بووە، بۆ نموونە لە ساڵی 2020 ژمارەی كۆمپانیا خۆماڵییەكان 1260 كۆمپانیا بووە، بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژەی نزیكەی 66% زیادیان كردووە، هەروەها توانای ئەمباركردنی گەنم لە سایلۆكان زیاد بووە، خۆ ئەگەر سەقامگیریی سیاسی ناوخۆ و ناوچەكە جێگیر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە پلانی 10 ساڵەی وەبەرهێنان و پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ئاستێكی باش بۆ پێشەوە دەڕوات و كەرتی بازرگانی گەشەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

* یەكێك لەو كارە باشانەی كابینەی نۆیەم كە لە پێكەوە گرێدانەوەی هەردوو كەرتی پیشەسازی و بازرگانی ئەنجامی داوە، هەنگاوەكانە بۆ كردنەوەی ناوچەی پیشەسازی « پیشەسازیی خۆراك» و هەمیش كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و دروستكردنی دەیان سایلۆ بۆ خەزنكردنی گەنمەكە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەم وەرچەرخانە نەوعییە لە چ رەهەندێكەوە سەرچاوەی گرتووە؟ هەروەها چارەسەكردنی كێشەی كڕینەوەی گەنمی جوتیاران تاچەند دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و بە پیشەسازیكردنی كەرتی كشتوكاڵ؟

-      گەشەپێدانی هەردوو چالاكیی پیشەسازی و رێكخستنی چالاكییە بازرگانییەكان رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدانی ئابووریی هەرێم و بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی نیشتمانی و دابینكردنی هەلی كار، ئەمە وێڕای ئەوەی رۆڵی دەبێت لە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، ئەوەتا یەكێك لەو خاڵە ستراتیژییانەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كاری لەسەر دەكات، بریتییە لە دروستكردنی دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆری تایبەت بەسایلۆكان و دروستكردنی ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی، بۆ نموونە لە 95%ی سایلۆی 40 تەنی قوشتەپە- هەولێرو 70%ی سایلۆی كەلار – ئیدارەی گەرمیان تەواو بووە، هەروەها سایلۆی 40 هەزار تەنی رۆڤیا- دهۆكیش بە رێژەی 50% تەواو بووە، چوار پڕۆژەی دروستكردنی شاروشارۆچكە پیشەسازییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیانیش دروست دەكرێن و 19 پرۆژەی دیكەش پێشنیار كراون كە( سایلۆ و تاقیگە و بینایەی بازرگانی و چاودێریی بازرگانی و سەنتەری راهێنان و ناوچەی پیشەسازی و كۆگا) لەخۆدەگرێت. لەلایەكی دیكەوە چارەسەركردنی كێشەی گەنمی جووتیاران گرنگییەكی زۆرمان پێداوە، چونكە ئەگەر جووتیار بەرهەمی گەنمەكەی بازاڕی نەبێت، پاڵپشتی ناكرێت بەوەی بەردەوام بێت لەسەر بەرهەمەكەی لەم پێناوەدا وەكو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی توانیومانە لە ساڵانی 2014 و 2015و 2016 بڕی 268 ملیار و 80 ملیۆن و 498 هەزار دینار وەربگرین و دابەشی بكەین بەسەر جووتیاراندا لەئێستادا لە دواقۆناغەكانی ئەو پرۆسەیەداین بۆ ئەو سێ ساڵەش زیاتر لە 307 ملیار دینارمان ماوە، لە ساڵی 2020 دا بڕی 46 ملیار و 422 ملیۆن دینار ماوەو پارەكەی بەچەك هاتووە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دابەش دەكرێت، بۆ ئەمساڵیش 2021 تا ئێستا هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەدانوستان و گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێككەوتن بكەن لەسەر ئەو بڕە گەنمەی كە عێراق دەیكڕێت و بەپێی بودجەی 2021ی عێراقیش لەماددەی 50 بڕگەی ج هاتووە كە بۆ هەر تەنێك 50 هەزار دینار زیاد بكرێت، نرخەكەشی بەپێی نرخی ساڵی رابردوو بۆ هەر تەنێك گەنم پلە یەك 560 هەزار دینارەو پلە دوو 480 هەزار دینارەو پلە سێ 420 هەزار دینارە. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی گرنگیدان بەناوچە پیشەسازییە خۆراكییەكان و دامەزراندنی كارگەو كۆگاكانی ئەمباركردنی گەنم كار بۆ كڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران دەكات. 

* كەرتی بارزگانی و هەموو ئەو بوارانەی بارزگانی دەیگرێتەوە كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵك و كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەم كەرتە لە زۆر بواردا پێشتر ئیستغلال كرابوون، ئەوجا هەر لە هێنانی مەوادی ماوە بەسەر چووە تا دەگاتە هاوردەكردنی كالای بێ كوالیتی، ئایا بۆ راستكردنەوەی ئەم كەرتە گرنگە هەنگاوەكانتان بۆ چاكسازی چۆن دەبێت؟

- لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی چاودێریی بازاڕەوە رێگامان لەدیاردەی گەمەكردن بە نرخ و ساخكردنەوەی كاڵاو خۆراكی ماوە بەسەرچوو گرتووە، ئەگەر تەنیا باسی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بكەین، دەبینین تیمەكانی چاودێریی بازاڕ كە سەر بە بەرێوەبەرایەتییەكانی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی وەزارەتمانن، توانیویانە 7980 سەردان بكەن و 94 سەرپێچی تۆماربكەن و 61 داخستن بكەن و سزای زیاتر لە 12 ملیۆن دینار بدەن و 48 تۆن كەلوپەل و خۆراكی بەسەرچوو لەناو ببەن، لەلایەكی دیكەوە ژمارەی تیمەكان و دەسەڵاتەكانیان زیاتر كراوەو لە داهاتوودا زیاتر چاودێریی بازاڕ دەكەن. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەتان كە تایبەتە بە دیاردەی قۆرغكاریی لە ئێستادا من وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاریی ئامادەسازی بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەنەكە دەكەم و سەرقاڵی بەكارخستنی یاسا بەركارەكانی تایبەت بەنەهێشتنی قۆرخكارین كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە.

* لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، ئەوا هەم لە ئاستی هەرێم كاروچالاكی هەیە، هەمیش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەو مەوادانەی كە سنووردارن لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی وەك كڕینەوەی (گەنمی جووتیاران، بەشە خۆراكی هاووڵاتیان، دەرمان و..هتد)، لەلایەكی دیكەشەوە پەیوەندییەكی بارزگانی هاوبەشیش لە نێوان هەرێم و ناوەند هەیە بۆ تەكامولی ئابووری، ئایا هەماهەنگی و هاوسەنگی لە پەیوەندییە بارزگانییەكانی هەولێر و بەغدا لە چ ئاستێكدایە؟

- پەیوەندییەكانی نێوان حكومەت و وەزارەتەكان لەلایەك و كەرتی تایبەت لەلایەكی دیكەوە بەڵگەن بۆ ئەنجامی باشی هەوڵەكانی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوەندا، هەنگاو نراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان، ئێمەش وەكو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەم دواییەدا لەگەڵ بەڕێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەردانی بەغدامان كرد بۆ زیاتر لێكتێگەیشتن و یەكخستنی پێناسە گومرگییەكان و چەندین تەوەرەی دیكەی پەیوەندار، هەرچی پەیوەندیی بە بەشە خۆراك و دەرمان و گەنمی جووتیارانەوە هەیە كە لەدەسەڵاتە حەسرییەكانە، بەڵام بەردەوام پەیوەندیمان هەیە بۆ باشكردنی جۆر و چەندایەتی ئەم بوارانە و پاراستنی پشكی هەرێمی كوردستان.

* كێشەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند، پسووڵەی خۆراك و دابەشكردنی خۆراكی مانگانەیە بە سەر هاووڵاتیاندا، ئایا هەوڵتان داوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن؟

- لەم كابینەیەدا رێكاریی توند دژی ئەوانە گیراوەتە بەر گەمە بەنرخەكان دەكەن و قۆرخكاریی بازاڕ و ئابووری دەكەن، بەڵام ئێمە وڵاتێكی بەرهەمهێن نین و بەرهەم و كاڵاكان لەو دیو سنوورەكانەوە دێت و بەستراوەتەوە بە بەهای دۆلارەوە بۆیە هەر داشكانێك لە بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكانی دیكە بەتایبەتی دۆلاری ئەمریكی رووبدات كاریگەریی خراپی لەسەر نرخی كاڵاو خۆراكەكان دەبێت. بە شێوەیەكی گشتی بابەتی پسوولەی خۆراك و بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە دەسەڵاتەكانی حەسرییەو بە هۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە لە 2020 تەنیا چوار جار بەشە خۆراك بە نیوەناچڵ هاتووە لەم ساڵیشدا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2021 ی عێراق بڕە پارەیەكی باشی بۆ تەرخان كراوە، لەگەڵ ئەمەشدا لە مانگی یەك بۆ سەرجەم عێراق هیچ نەهاتووە لەمانگی دوو تەنیا شەكر هاتووە و لە مانگی سێ شەكر و زەیت هاتووە، بەڵام كەوتووەتە ئەم مانگەوە و وردە وردە دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.

Top