شەوێكی خوێناوی.... ئیسڕائیل مووشەكبارانی سووریای كرد

شەوێكی خوێناوی.... ئیسڕائیل مووشەكبارانی سووریای كرد

ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند كە نیوەشەوی ڕابردوو (8) چەكداری هێزە حكوومییەكانی سووریا لە ئاكامی مووشەكبارانی ئیسڕائیل بۆ سەر پارێزگای حمس كوژراون.

ڕامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە(5) سەربازی سووریا و (3) چەكداری دیكەی سەر بە ڕژێم كە لە بەرگریی نیشتمانی بوون، كوژراون. ئەم هێرشەش نیوەشەوی سێ شەممە لەسەر چوارشەممە لەلایەن ئیسڕائیلەوە كراوەتە سەر ئاقاری شاری حمس.

لەلای خۆشیەوە ئاژانسی دەنگوباسی سووریا(سانا) ڕایگەیاند بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرەوڕووی مووشەكەكانی ئیسڕائیل بووەتەوە لە ئاسمانی دیمەشقی پایتەخت، بە گوتەی ئاژانسەكە ئەم مووشەكانە لە ئاسمانی لوبنانەوە ئاراستە كرابوون. ئۆپۆزسیۆنی سووریاش دەڵێت مووشەكەكان زیاتر ئاراستەی میلیشیا چەكدارەكان كراون كە ئێران پشتگیرییان دەكات، بەڵام سوپای ئیسڕائیل هیچ كۆمێنتێكی لەسەر ئەم هەواڵانە نەداوە.  

شایانی باسە ئەم هێرشە بە یەكەم گورزی مووشەكی دادەنرێت لە ماوەی مانگێكدا، پێشتریش لە پێنجی مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل هێرشی كردبووە سەر شاری لازقییەی نزیك بنكەی ئاسمانیی ڕووسیا.

گوڵان- بەهادین جەلال

 

 

 

 

 

 

Top