ئەمڕۆی سینەما و ئەكتەری سینەمای كوردی

ئەمڕۆی سینەما و ئەكتەری سینەمای كوردی

حەیدەر عەبدولڕەحمان

 

 ئەوانەی لە كوردستاندا ئەكتەری  سینەمان،  ژمارەیەكی سنووردارن، بەڵام پێدەچێ‌ بەپێی  تێپەڕبوونی كات، ئەو ژمارەیە  بەرەو زۆر بوون  هەڵبكشێ‌.

تا ئەو دەمەی  ئێستا، ئەو هەلوومەرجە سەخت و دژوارەی كوردستان ئەو دەرفەتەی  نەڕەخساندووە، بزاڤێكی سینەمایی و  فیلمسازی لە كوردستاندا سەرهەڵبدا، یان ئەكادیمیا سینەماییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان  بۆ دروست كردن و پێگەیاندنی كادیری سینەمایی هەبێت‌، بەتایبەت ئەكتەرو دەرهێنەر.

ئەو بۆشاییەی سینەماش كە هەبووە، زێتر بە پشتبەستن بە سینەماكارەكانی دەرەوەی كوردستان پڕ كراونەتەوە، ئەگەرنا، زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی ئەنجام دراون، بەهۆی لاوازیی توانستی دارایی و كادیری سینەمایی و تەكنیك و ئامێری تەقلیدییەوە، نەیان توانیوە بنەمایەكی متمانەپێكراو بۆ پیشەسازیی فیلمسازی  لە كوردستاندا دابمەزرێنن.

زۆرینەی ئەو لاوانەش كە ئارەزووی فیلمسازییان هەبووە، توانایەکی دارایی و هونەری و تەكنیكیی ئەوتۆیان نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی بازرگانی، بەڵكو زۆرینەیان بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی كورتە فیلم بۆ فیستیڤاڵە جیهانییەكان كاریان كردووە، ئەم حاڵەتەش نەیتوانیوە شتێ‌ لە واقعی سینەما بەئاراستەی دۆزینەوەی شوناسێك  بۆ فیلمسازی لە كوردستاندا بگۆڕێت.

تەنانەت ئەو چەند فیستیڤاڵە سینەماییانەش كە ساڵانە لە كوردستاندا ئەنجام دراون، راستە كە فاكتەرێكی هاندەر بوون بۆ بەكولتووربوونی سینەما لە كۆمەڵگەی  كوردی دا، بەڵام چونكە بژاڤێكی سەقامگیر و بەردەوام نەبووە، ئەو كاریگەرییەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەكییەكە نەبووە،  كە هێنانە كایەی  پیشەسازیی فیلمسازی بووە  لە كوردستاندا.

 ئێستا تەنیا شتێك كە لەكوردستاندا جێگەی ئومێد بێت، هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێک‌ كۆمپانیای بەرهەم هێنانی فیلمن.

 ئەو كۆمپانیا بازرگانییانە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە سینەماییانە، پەیوەندیی راستەوخۆی هونەرییان لەگەڵ كۆمەڵێک‌ دەرهێنەر  هەیە.

‌ ئەو كۆمپانیانەی کە گرێبەست لەگەڵ دەرهێنەرەكاندا دەكەن، مەرجی تایبەتی خۆیان بۆ  پرۆژە سینەماییەكان هەیە، كە چۆن بتوانن وەك دراماو فیلمە توركییەكان بینەر لە دەوری ئەو شاشە تەلەفزیۆنییانەدا كۆ بكەنەوە، کە وەك سپۆنسەر بەشداری لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا دەكەن.

دەرهێنەرەكان هەموو ئازادییەكیان پێ‌ دەدرێت و هەموو پێداویستیەكی مادی و هونەرییان بۆ فەراهەم دەكرێت، تەنیا ئەوەندە نەبێت، ئامانج و ستایل و ئاراستەی سیناریۆی فیلمەكان دەكەوێتە دەست كۆمپانیاكان، بۆیە زۆر لە دەرهێنەرەكان ناتوانن بپەرژێنە سەر پرسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، لەوەشدا دژ بە خواستی زۆرینەی بینەران دەوەستن، تەنیا گەنجەكان نەبن، كە گوتاری سینەماییان بەلاوە گرنگتر نییە لە شێوە و تەكنیك و ستایل و روخساری جوانی ئەكتەر.

لەنێوان ئەو دوو هاوكێشەیەی خواستی كۆمپانیاكان و خواستی بینەران  كامیان لە بەرژوەندیی سینەمای كوردی دایە؟

بێگومان دروستبوونی بناغەیەك بۆ فیلمسازی و بە بازرگانیكردنی فیلم لە سەرووی ئامانجەكانە، چونكە تا بنەماكانی پیشەسازییەكە دانەمەزرێنیت، ناتوانیت بەرهەم و بازاڕت هەبێت، كە پیشەسازیشت هەبوو، دەتوانیت لە ئایندەدا ئاراستەكانی بەرهەمهێنان بگۆڕیت، بەو شێوەیەی بازاڕ خواستیەتی.

هەبوونی بازاڕ هەمیشە ركابەریی نوێ‌  دەهێنێتە پێشەوە، كە لە ئەنجامدا بەقازانجی سینەمای كوردی دەشكێتەوە.

 رەنگە ئەگەر ئێستا دوو سێ‌ كۆمپانیای فیلمسازی هەبێت، لە ئایندەیەكی  نزیكدا بەهۆی بە بازاڕبوونی بەرهەمەكان، كوردستان ببێتە خاوەنی دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی دیکە، كە پێشبڕكێ‌ لەسەر باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئامێرو كادیری تەكنیكی پێشكەوتوو، باشترین ئەكتەری سینەمایی دەكەن.

ئەو كاتە گرێبەستی دەرهێنەر و  ئەكتەر و  كادیرە سینەماییەكان بەشێوەیەك بەرز دەبێتەوە، كە هەموو هونەرمەندان ئاواتی ئەوە بخوازن، کە لە كەرتی سینەمادا كار بكەن و ببن بە روخسارێكی سینەمای كوردی لە جیهاندا.

ئەوەی باسی دەكەم نیشانەكانی دەركەوتوون و لە ئایندەیەكی نزیكدا كوردستان دەبێتە خاوەنی سینەمای خۆی، بێئەوەی پێویستی بە كادیری دەرەوەی كوردستان هەبێت، لەوانەش ئەكتەری سینەمایی.

ئەوەی  فۆكسی دەخەمە سەر هەر تەنیا  سینەما نییە، بەڵكو دراما و زنجیرە درامای كوردییش  بە هەمان شێوە دەكەونە نێو چوارچیوەی هەمان بازنە.

هەمیشە هەلومەرجی ئابووری و بازرگانیی پەرەسەندوو  لە هەموو دنیادا، دەرهاوێشتەی خۆی هەیە، ئەو هەلومەرجە هونەرییە بازرگانییەش كە لە كوردستاندا هاتۆتە پێشەوە، دەرهاوێشتەی ئەو زەمەنە خێراو بە پەلەیە، كە تێیدا بتەوێت و نەتەوێت زمان و ئامراز و ستایلی تایبەتی خۆی بەسەر واقیعدا دەسەپێنێ‌، ئەگەر لە دەستپێكدا ئەو تەوژمە نوێیە جۆرە دژایەتییەكیشی لەگەڵ كولتوور و داب و نەریتێكی دیاریكراوی كۆمەڵایەتیدا هەبێت، ئەوە بەكاتێكی كەم، بینەری كورد ئاوێتەی زەمەنە نوێكە دەبێت و بە ناچاری قەبوڵی دەكات. 

بێ‌ شك  كە سینەماو كۆمپانیای سینەمایی لەكوردستاندا نەبوون، ئەكتەری كوردیش ئەگەر مومارەسەیەكی پیشەیی و پراكتیكی لەگەڵ هونەری فیلمسازیدا نەبێت، چەندی خاوەن توانست بێت ناتوانێت لە بازنەیەكی بەتاڵدا بێتە بەردەم كامێراو، ببێت بە ئەكتەرێكی  سینەمایی.

پاشان ئەگەر ئەكتەری باش بیت و  لەگەڵ دەرهێنەری شارەزا كار نەكەیت، كە بۆت ببێتە راهێنەرێكی  زیندوو بۆ  كاری نواندن و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ كامێرا، ئەوە  ناتوانیت ببیت  بە ئەكتەری سینەمایی، گریمان ئەگەر دەرهێنەرێكیشت هەبوو، ئەگەر بەردەوام نەبوویت  لەكاری سینەمایی، ئەوە  بە بەرهەمێك و دووان و سیان، ناگەیتە ئەو ئامانجەی كە بینەر وەك ئەكتەرێكی سینەمایی بتناسێت‌.

خۆ ناساندن وەك ئەكتەری سینەمایی سێ‌ ئامانج دەپێكێنێ‌:

1- خۆناساندن بە مانای  بەردەوامبوون لەسەر كاری سینەمایی و دەوڵەمەندكردنی ئەزموون، چونكە تا وەك ئەكتەرێكی سینەمایی نەناسرێیت، نابیتە جێگەی سەرنجی بەرهەمهێنەر و كۆمپانیاكان.

2- نواندن لە كاری سینەمایی سەرچاوەیەكی زۆر نزیككەرەوەیە بۆ پەیداكردنی ناودارێتی لە ماوەیەكی كەمدا، لەبەرئەوەی سینەما بەرفرەوانترین و خێراترین گۆڕەپانە بۆ خۆ ناساندن، لەسەر ئاستی  وڵات و، پاشان لەسەر ئاستێكی ئیقلیمی و جیهانیدا.

3- پەیداكردنی داهات و بازاڕی گەرم، چونكە داهاتی سینەما بۆ ئەكتەر، لەگەڵ داهاتی دراماو شانۆ بەراورد ناكرێت، بەتایبەت لەو فیلمانەی كە سەركەوتن بەدەستدێنن و زۆرترین  بینەریان دەبێت.

4- ئەكتەری سینەما كە گەیشتە قۆناغی ناودارێتی، وەك ئەكتەری دراما و شانۆ بێكار نابێت و، رەنگە لە یەك كاتدا خاوەنی كۆمەڵێ‌ گرێبەست بێت و، لەیەك كاتدا لە چەند بەرهەمێكدا كار بكات.

5- ئێستا بازرگانیی سینەما لە كوردستاندا خەریكە سەرهەڵدەدات و، كۆمپانیایاكان  دەروازەیەكیان بۆ فیلمسازی كردۆتەوە، تا ئێستا ئەو بەرهەمانە وەك ئەزموونێكی سەرەتایی و بە پشتبەستن بە چەند گەنجێكی سینەماكار، لە دەرهێنەر و ئەكتەر لە رووی داهاتەوە، وێڕای ئاریشە هونەرییەكان و كەموكووڕییەكان گۆڕانكارییان پێوە دیارە، كە رەنگە ئەگەر پەرەی پێ‌ بدرێت و ئەزموونەكە فرەوانتر بكرێت، ئەوا قۆناغێكی نوێ‌ بۆ پیشەسازیی سینەما لە كوردستاندا سەرهەڵبدا.

Top