خەندە كەمال: سۆشیال میدیا موشتەریی خواردەمەنییەكانمی زیاد كرد  

خەندە كەمال:  سۆشیال میدیا موشتەریی خواردەمەنییەكانمی زیاد كرد   

 

ژمارەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە هەرێمی كوردستاندا كەم نییە، كە بەهۆی نەبوونی دەرفەت بۆ دامەزران لە كەرتی گشتی یان تایبەت، بێكارن، بەڵام هەر لەناو ئەو چینەدا زۆرن ئەوانەشی كە پەنایان بۆ تواناكانی خۆیان بردووە و، ئەگەرچی لە بواری پسپۆڕیی خۆیشیاندا نەبێت، رێكارێكیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن داهات و خۆیان لە بێكاری رزگار بكەن. خەندە كەمال، ئافرەتێكی دەرچووی زانكۆیە و لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی خۆی بە بازاڕی كار دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

خەندە كەمال، خانمێكی دانیشتووی شاری سلێمانی و دەرچووی زانكۆیە لە بەشی دەروونناسی و دایكی سێ منداڵە. وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی حەوت ساڵە بڕوانامەی وەرگرتووە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەكانی لە هیچ دامەزراوەیەكی حكوومی و ناحكوومی دانەمەزراوە. لە ئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات: «ماوەی حەوت ساڵە زانكۆم لە بەشی دەروونناسی تەواو كردووە، بەڵام لە هەلی دامەزراندن تا ئێستا سوودمەند نەبووم، خێزاندارم و دایكی سێ منداڵم، هاوسەرەكەم فەرمانبەرە و مووچەكەی زۆر كەمە، بەتایبەتی كە بەهۆی قەیرانی دواكەوتن و نەدانی مووچە قەرزار بووین. ئەوەش ناچاری كردم بیر لە كاركردن بكەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانم هاوكاریی هاوسەرەكەم بكەم.»

خەندە كەمال لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە نهێنییەكی ژیانی خۆی ئاشكرا دەكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «یەكەم جارە باسی ئەم نهێنییەم دەكەم، كاتێك زانیم بە هۆی بێ مووچەیی و قەیرانەوە 250 هەزار دیناری ماركێتەكەی دراوسێمان قەرزار بووین، ئیتر نەمتوانی هەر ئاوا دەستەوئەژنۆ دابنیشم، بۆیە بڕیارم دا، كار بكەم. ئێستا وا چوار ساڵە كار دەكەم و بەو داهاتە باری ژیانمان باشتر بووە.»

خەندە كەمال، سەرەتا كە بڕیاری كاركردن دەدات، بیر لەوە دەكاتەوە كە چ كارێك بكات و چۆن تێكەڵ بە بازاڕی كار بێت، هاوكات كارەكەی لە ماڵەوە بێت و ئاگای لە منداڵەكانیشی بێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «یەكەم جار دەستم بە نانكردن كرد، تاكە شتێك بوو كە زانیم زوو ساخ دەبێتەوە، بۆیە ماوەی شەش مانگ نانی هەورامیم كرد، هەرچەندە نانكردن بەڕاستی زەحمەتە و ماندووبوونی زوری دەوێ، دواتر لە پاڵ نانكردن، دەستم كرد بە كاری دروستكردنی خواردن و چێشتلێنان.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە كارەكانت كەس هاوكاریت دەكات؟ گوتی: «تەنیا خوای گەورە پشتیوانمە، ئەویش بەسە بۆم، تا بتوانم بە تەنیا خۆم كارەكانم بكەم.» باسی ئەوەشی كرد، كە هاوسەرەكەی فەرمانبەرە، بەڵام «مووچەكەی بەش ناكات، بەتایبەتی بۆ كەسێك كە خاوەن خێزان بێت و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی نەبێت، ئەركی ژیان قورس دەبێت و بە تاك لایەنە بژێوی ژیان دابین ناكرێت.»

كاتێك پرسیارمان كرد، لە سەرەتادا چۆن كڕیارەكانت بە كارەكەت ئاشنا كردووە؟ لە وەڵامدا گوتی: «پەیجم دانا و ژمارەی مۆبایل و ئەو خواردنانەی رۆژانە دام دەنا، بەڕاستی سۆشیال میدیا دەوری سەرەكیی هەبوو بۆ ئەوەی موشتەری چێشت و خواردەمەنییەكانم زیاد بكەن.»

ئەو خاتوونە سەبارەت بە پشتیوانی یان رێگریی خێزانەكەی بۆ كارەكەی دەڵێت: «زۆر پشتگیرییان كردم، بەتایبەت خوشكەكەم، هاوسەرەكەشم پاڵپشتمە تا راددەیەكی باش، بەڵام زۆر هاوكارم نییە، لەبەر ئەوەی ئەویش سەرقاڵی كاری خۆیەتی.» گوتیشی: «هەر كەسێك هەر كارێك بكات، ئەگەر متمانەی بە خوی نەبێت، ناتوانێت سەركەوتوو بێت.» داوای لە گۆڤاری گوڵانیش كرد «هانی خانمان بدات بۆ ئەوەی بێنە ناو مەیدانی كار و متمانەیان بە خۆیان هەبێت.»

كاتێك پرسیاری لێ كرا، ئایا داهات و ئابووریی سەربەخۆ بۆ خانمان تا چەند لە گرفتەكان دەیپارێزێت؟ گوتی: «من قسە لەسەر پاراستن ناكەم، چونكە ئەمە قسەی زور هەڵدەگرێت، پاشان مەرج نییە كارەكە بیپارێزێت، هەندێك ئافرەت كە نەزانن چون مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتە دەكەن كە دەستیان دەكەوێت، تووشی توندوتیژیشیان دەكات، بەڵام گیرفانی خۆت بێ منەتە، چاوەڕێی دەستی كەس نیت، چەندەش هیلاك بیت، كە داهاتێكت هەبوو بۆ خوت، وادەزانی، دنیا هی خۆتە، چونكە دەتوانی هاوكاریی هاوسەرت بكەیت و هاوكاریی كەسانێكیش بكەیت كە پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی هەیە.»

Top