وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: پێویستە لایەنەکان جددیتر پاڵپشتی حکوومەت بن بۆ رێگرتن لە کارە نایاساییەکان لە خاڵە سنوورییەكان

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: پێویستە لایەنەکان جددیتر پاڵپشتی حکوومەت بن بۆ رێگرتن لە کارە نایاساییەکان لە خاڵە سنوورییەكان

 


وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە هەندێ خاڵی سنووریی هەرێمی کوردستان کاری نایاسایی دەکرێت و دەبێ لایەنەکان زیاتر جددی و پاڵپشتی حکوومەت بن بۆ رێگرتن لە کارە نایاساییەکان لە دەروازەکاندا.
6-6-2021 جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامانجی حکوومەت جێبەجێکردنی یاسایە لە دەروازە سنوورییەکان.
هەروەها وتەبێژی حكومەت وتی: هەندێک پێشێڵکاریی یاسایی لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان هەیە و وەزارەتەکانی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ ئامادەییان بۆ رێگرتن لە پێشێڵکاری و کارە نایاساییەکان لەو خالە سنووریانە دەربڕیووە. هاوكات بەپێویستیزانی یاسا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و هێز و لایەنە سیاسییەکانیش زیاتر و جددیتر هاوکار و پاڵپشتی حکوومەت بن بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێڵکاری و کارە نایاساییانە.
هەروەها جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دابەشکردنی مووچەوە ئاماژەی بەوەدا كە دابەشکردنی مووچە لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتە و پشتیوان بەخوا دابەشکردنی مووچە لە 25ـی هەموو مانگێک بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم هەفتەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو مەلەفی گرنگ دەنێرێتە بەغدا کە بریتینە لە:
1- مەلەفی خەرجییەکانی نەوتی بەرهەمهێندراو
2- داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی
هاوكات جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر دەستدرێژیی چەکدارانی (پەکەکە) بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی ژمارەیەک پێشمەرگە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە هێرشەکە بۆ سەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و پێویستە حکوومەتی عێراق کاری جددی بکات بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە دەستدرێژیانە.

Top