واشنتۆن پشتگیری لە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی ئیسڕائیل دەكات

واشنتۆن پشتگیری لە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی ئیسڕائیل دەكات

 

بینی غانتس وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل لەمیانی دیدارێكی لە واشنتۆن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا دڵنیایی تەواوی لێ وەرگرتن كە پشتگیریی تەواوی سەرۆكی داهاتووی حكومەتی ئیسڕائیل دەكەن، جا ئەو كەس هەر كێ بێت، ئەمەش دوای ئیئتلافێكی حكومی دێت كە بۆ لابردنی سەرۆك وەزیران بنیامین نەتانیاهۆ پێكهاتووە.

هەروەها بەرپرسانی ئاسایش و بەرگریی ئەمریكا بە غانتسیان گوتووە كە هاوكاریی وڵاتەكەی دەكەن لە پێشخستن و بەگەڕخستنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەكیی ئیسڕائیل ئەویش بە دابین كردنی گولـلە مووشەك دوای ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆری لێ تەقێنرایەوە لە شەڕی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ كەرتی غەززە، جەختیشیان كردەوە كە پێویستە گرژییەكان لەگەڵ غەززە كەم بكەنەوە.

لەلای خۆشیەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە بنتاگۆن دووپاتی كردەوە كە واشنتۆن پشتگیری لە مافی ئیسڕائیل دەكات كە بەرگری لە خۆی بكات و ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد كە دابین كردنی ئاسایش سوود و قازانجی بۆ فەڵەستینییەكانیش دەبێت.

غانتس دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووئێككەتنێكی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان واژۆكرد بۆ پێكهێنانی ئیئتلافێكی حكومی بە ئامانجی لابردنی نەتانیاهۆ لە پۆستەكەی كە 12 ساڵە لێی بەردەوامە، سەردانی واشنتۆنی كردو چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كەوت.

شایانی باسە غانتس چاوی بە جۆ بایدن نەكەوت كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ نەتانیاهۆدا هەیە، بەڵام لەباتی ئەو لەگەڵ جایك سولیفان ڕاوێژكاری كۆشكی سپی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی كۆبووەوە.

گوڵان- بەهادین جەلال

 

Top