سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی خاپووركردنی كەمپی پەنابەران لە نێو خاكی عێراق دەكات

سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی خاپووركردنی كەمپی پەنابەران لە نێو خاكی عێراق دەكات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیدا باسی لەوەکرد، کەمپی پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون بە لانکەی چەکدارانی پەکەکە، هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە ئامانجی وڵاتەكەیەتی هێرشیان بكەنە سەر و خاپووریان بكەن.

ئەردۆغان دەشڵێت کەمپی پەنابەرانی مەخمور ماوەی پتر لە بیست ساڵە پەنابەرانی تورکیای لەخۆگرتووەو بووەتە پەناگەیەکیش بۆ چەکدارانی پەکەکە، بۆیە لە ئەولەیاتی وڵاتەكەیەتی كە هەنگاوی پێویست بەرامبەر ئەم كەمپە بگرێتەبەر، ئەو زیاتر پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە کەمپی مەخمور هاوشێوەی قەندیل مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.

لە درێژەی قسەكانیدا و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە كرد كە هێزەكانیان ماوەیەکە هێرشی چڕ و پڕیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە دەستپیکردووە.

شایانی باسە لە ئاكامی ئەو هێرش و تۆپبارانەی توركیا گوندنیشنانی پارێزگای دهۆك  زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە، بەجۆرێک بەشێکی زۆریان گوندەکانیان چۆڵ کردووە، لە هەمان كاتیشدا دەست براوە بۆ بڕینەوەی داری دارستانەكانی سەر سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بە تایبەتیش لە ناوچەی بادینان و دەڤەری بەرواری باڵا.

گوڵان – بەهادین جەلال

 

Top