مایكل فلین: هەرگیز داوام نەكردووە كودەتا لە شێوەی میانمار لە ئەمریكا ڕووبدات

مایكل فلین: هەرگیز داوام نەكردووە كودەتا لە شێوەی میانمار لە ئەمریكا ڕووبدات

 

 

مایكل فلین یەكەم ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ  ئەو لێدوانەی ڕەت كردەوە كە گوایە گوتوویەتی پێویستە لە شێوەی میانمار كودەتا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ڕووبدات.

فلین لە نامەیەكدا لە تیلیگرام ڕوونی كردەوە كە هیچ هۆكارێك لە ئارادا نییە تاكو كودەتا لە ئەمریكا بەرپابێت، ئەو زیاتر دەڵێت هیچ كاتێك ئەم قسەیەم بەسەر زاردا نەهاتووە.

 هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم قسانە دوورن لە ڕاستییەوەو لە ڕێی ڕاپۆرتێكی چەواشەوە سەری هەڵداوە كە كاتێك بەشداری كردووە لە كۆنگرەی نیشتمانپەروەرانی ئەمریكا ئەم قسانەی خراوەتە پاڵ.

لە لای خۆشیەوە لیز چینی نوێنەری كۆمارییەكان لە ویلایەتی وایۆمنگ بە توندی ڕەخنەی لە لێدوانی فین گرت و گوتی نابێت هیچ ئەمریكییەك ئەو ئاواتە بخوازێت كە كودەتا لە وڵاتەكەی ڕووبدات.

شایانی باسە فلین یەكەم ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بوو كە لە ئیدارەی ترەمپ دامەزراو لە ساڵی 2017 لە كارەكەی دوورخرایەوە، بەهۆی ئەوەی كە دانی بە درۆكردنیدا نا  لەبەردەم نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدرالی تایبەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام دواتر ترەمپ لە نۆڤەمبەری 2020 بڕیاری لێبووردنی بۆ دەركرد.

 

گوڵان- بەهادین جەلال

 

 

 

 

Top