هۆشیار زێباری بۆ كەناڵی ئەلشەرقیە: حكومەتی عێراق ماوەی 11 مانگە یەك دیناری بۆ هەرێم نەناردووە كێشەكە بەتەواوەتی سیاسییە و هیچ پەیوەندی بەلایەنی تەكنیكیەوە نیە

هۆشیار زێباری بۆ كەناڵی ئەلشەرقیە: حكومەتی عێراق ماوەی 11 مانگە یەك دیناری بۆ هەرێم نەناردووە كێشەكە بەتەواوەتی سیاسییە و هیچ پەیوەندی بەلایەنی تەكنیكیەوە نیە


لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی ( ئەلحەسادی شەرقیە)و لەوەڵامی پرسیاریكدا سەبارەت بە كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوەتی كێشەیەكی سیاسیە و هیچ پەیوەندی بەلایەنی تەكنیكیەوە نیە ، ئەمەی حكومەتی عێراقیش بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات پێچەوانەی هەموو ئەو سیستمە فیدرالیانەیە كە لە جیهاندا بوونی هەیە، زێباری سەبارەت بە مامەڵەی حكومەتە فیدرالیەكان لە جیهاندا لەگەڵ حكومەتە هەرێمەكانی خۆیدا، ئاماژەی بەوە كرد لە هەموو دەوڵەتە فیدرالیەكانی جیهاندا، حكومەتی فێدرالی ریژەیەكی دیاریكراو لە بودجەی وڵات بۆ هەرێمەكانی تەرخان دەكات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرەكانی بدات و پرۆژەی پێویست بۆ هەرێمەكە جێبەجێ بكات ، بەڵام با سەیری حكومەتی فیدرالی عێراق بكەین چۆن یارییەكی سیاسیی بەو ریژە دیاریكراوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات، سەرەتا رێژەكە 17% بوو، پاشان كەمكرایەوە بۆ 12% ، دوای ئەمەش هێندەی دیكە هێنرایە خوارەوە تا كار گەیشتۆتە ئەوەی ماوەی 11 مانگە یەك دینار لەلایەن حكومەتی فیدرالیەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێراوە، هەر بۆیە جیا لەوەی پرسەكە بە ئیمتیاز بە سیاسی كراوە ، لە هەمانكاتدا هاندانی شەقامی سیاسیش دژ بە كوردستان دەكرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەو پێشكەوتنانەی كوردستان بوونی هەیە، لەسەر حسابی نەوت و خەڵكی بەسرایە، بەڵام لە یەكدوو رۆژی رابردوو پیشوازیمان لە پاریزگاری بەسرا كردوو و پێمان گووت: ئەوەی لە كوردستان ئەنجاممان داوە و ئەو پێشكەوتنەی دەیبینیت لە سەر حسابی بەسرە نیە، پاریزگای بەسرە بودجەی خۆی هەیە ، هەروەها بودجەی پەرەپێدانی پاریزگاكانیشی هەیە ، بەڵام هەریمی كوردستان بەشە بودجەكەی براوە و ، لەمەش زیاتر هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی فیدرالی پرۆژەیان لە بەسرا هەیە وەك پرۆژەی ( فاوی گەورە ، پرۆژەی ئاوی بەسرا .. هتد)، بەڵام هیچ پرۆژەیەكی وەزارەتە فیدرالیەكان لە هەرێمی كوردستان بوونی نیە.
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەی و سەبارەت بەو ریككەوتنەی لەسەر بودجەی 2021 لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند ئەنجامدراوە و ئێستاش شاندیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە بۆ جێبەجیكردنی یاسای بودجە ، هۆشیار زیباری راشكاوانە جەختی كردەوە ،ئەو ریككەوتنەی نێوان هەریم و بەغدا لەسەر بودجەی 2021 ریككەوتنكی سیاسی و كۆمەڵایەتی زۆر باش بوو ، بەڵام وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ماوەی 11 مانگە تەواوی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق بردراوە و هەموو حكومەتەكانی عێراق بە حكومەتی ئێستای مستەفا كازمیشەوە هێندەی بە ئاراستەی گوتاری پۆپۆلیستی هەنگاو لە دژی هەریمی كوردستان هەڵدەگرن، هێندە بە هەنگاوی ئەقڵانی و لۆژیكانە هەوڵنادەن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن یان ئاسانكاری بكەن بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەكانیان بێ بەش نەبن، بۆیە دەبیت بزانین ئایا حكومەتی فیدرالی مووچە خۆرانی كوردستان بە عێراقی دەزانێت یان بە عیراقیان نازانێت .

Top