پنتاگۆن ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ چه‌كدارانى لايه‌نگرى ئه‌مريكا له‌ عێراق و سووريا ته‌رخان ده‌كات

پنتاگۆن ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ چه‌كدارانى لايه‌نگرى ئه‌مريكا له‌ عێراق و سووريا ته‌رخان ده‌كات

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) داوای لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە کردووە لە بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٢ ی ئەو وڵاتە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان و گرووپە چەکدارییە سورییەکانی لایەنگری ئەمەریکا تەرخان بکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "حوڕڕییەت دەیلی نیوز"ی تورکی، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) داوای لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە کردووە لە بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٢ ی ئەو وڵاتە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان و گرووپە چەکدارییە سورییەکانی لایەنگری ئەمەریکا تەرخان بکات، کە لەو برە پارەیە ١٧٧ ملیۆن دۆلار بۆ هێزە سورییەکانی لایەنگری واشنتۆنە.
رۆژنامە تورکییەکە باسی لەوەکردووە کە پنتاگۆن ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا نەکردووە کە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرخان دەکرێت، بەڵام راپۆرتەکە رایگەیاندووە کە گریمان دەکرێت پشکی شێری ئەو ١٧٧ ملیۆن دۆلارەی بۆ سەرجەم هێزە سورییەکانی لایەنگری ئەمەریکا دانراوە، بۆ هەسەدە و یەکینەکانی پاراستن گەل بێت.
باس لەوەشکراوە کە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی هەل کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو هێزە پێکدەهێنێت، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە، بەوپێیەی تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان هەژمار دەکات.
راپۆرتەکە باسى لەوەکردوە، ئەو بودجەیەی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢ بۆ گرووپە سوریی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخان کراوە کە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە ، بەراورد بەو برە پارەی لەساڵی ٢٠٢١ بۆ ئەومەبەستە تەرخانکراوە کەمترە، بەوپێیەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ٦٤٥ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی واشنتۆن لە عێراق و سوریا تەخان کردبوو، کە لەوبڕە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوبەشە سورییەکان بووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

Top