ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیخوڕیی بەسەر مێرگل و هاوپەیمانانی ئەوروپادا كردووە

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیخوڕیی بەسەر مێرگل و هاوپەیمانانی ئەوروپادا كردووە

دەزگاكانی میدیایی دانمارك و وڵاتانی ئەوروپا بڵاویان كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیخوڕیی بەسەر سیاسەتوانانی ناوداری ئەوروپادا كردووە، لەوانە ئەنگیلا مێرگل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ڕوونیشیان كردووەتەوە كە ئەم كارەش لە نێوان ساڵانی 2012و 2014 بە ڕێگەی بەرنامەیەكی هاوكاری لەگەڵ هەواڵگریی دانیماركدا ئەنجام دراوە.
دەستەی گشتیی ئێستگەی دانیمارك لەم بارەوە دەڵێت كە ئاژانسی نەتەوەیی ئەمریكا( ئێن ئێس ئی) چووەتە ناو كیبڵەكانی ئێنتەرنێتی دانیمارك و گوێی گرتووە بۆ سیخوڕی كردن بەسەر سیاسەتوان و بەرپرسانی باڵاوە لە ئەڵمانیاو سوید و نەروێژ و فەرەنسا. هەروەها دەشڵێت ئاژانسی نەتەوەیی ئەمریكا هاوكاری كردنی لەبواری چاودێری لەگەڵ یەكەی هەواڵگریی سەربازیی دانیماركی قۆستۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە سیخوڕییە. لەلای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگریی دانیمارك هیچ كۆمێنتێكی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە، بەڵام دەستەی ناوبراو ئاگاداری (ترین برامسن) وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەی كردووەتەوە كە ئەم كارە ئەنجام دراوە.
شایانی باسە هەر یەك لە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا (ئەنگیلا مێرگل) و وەزیری پێشووی دەرەوە (فرانك ڤالتەر) و پێشەوای ئەو كاتی ئۆپۆزسیۆن (بیر شتاینبرۆك) لەنێو ئەو كەسایەتییانەدا بوونە كە ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سیخووڕی بەسەرەوە كردوون.

گوڵان- بەهادین جەلال

Top