گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:   ئەمریكا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، بەڵام دەست لەم ناوچەیەش هەڵناگرێت

گریگۆری ئەفتاندیلیان  پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:     ئەمریكا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، بەڵام دەست لەم ناوچەیەش هەڵناگرێت

 

 

گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە زانكۆی بۆستۆن. بۆ ماوەی پتر لە بیست ساڵ وەك شرۆڤەكاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئیدارەی ئەمریكا كاری كردووە، هەروەها راوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیران بووە. بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن، بەتایبەتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت؟ ئایا چ جیاوازییەكی بەرچاو لەم سیاسەتەدا بەدی دەكرێت، بەتایبەتی ئەگەر بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی پێشتووتر، بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بەراوردی بكەین؟

-  لە راستیدا جیاوازیی هەرە روون و بەرچاو پەیوەستە بە پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، یان وردتر بڵێین، رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، كە ئاشكرایە ئیدارەی پێشوو بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لەم رێككەوتنە كشایەوە و، هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكو فشار و سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، لە ئەنجامدا بارگرژی و ناكۆكییەكان بەرەو هەڵكشان چوون و، ئێرانیش كاردانەوە و پەرچەكرداری هەبوو، ئەوە بوو رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرز كردەوە. بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و لەم رووەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە ڤیەننا بەڕێوەدەچن، كە چاوەڕوان دەكرێت بەرەوپێشەوە بچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من بە زەحمەتی دەزانم كە بتوانم بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنە بنەڕەتییەكە، لەبەر ئەوەی هەردوولایەن چاوەڕوانییەكی زۆریان هەیە لە رێككەوتنەكە. لە پەیوەندی بە عەرەبستانی سعودییەوە، ئەوا ئاشكرایە لە سەروەختی ئیدارەی ترەمپدا رەخنەیەكی كەمتر لە سعودیە دەگیرا، بەڵام لە ئێستادا ئیدارەی بایدن پتر جەخت لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە دەكاتەوە، هەروەها لەبارەی یەمەنەوە گفتوگۆكارەكان هەوڵی بەدیهێنانی رێككەوتنی ئاشتی دەدەن، هەرچەندە بەدەستهێنانی ئەم بەرەوپێشچوونەش كارێكی دژوارە. ئەوەی پەیوەست بێت بە كێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینەوە، ئەوا ئاشكرا بوو كە لەم بارەیەوە جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان بایدن و بنیامین نەتنیاهۆدا نەبوو، ئەوە بوو لە توندوتیژییەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا، پێدەچوو بایدن بە راددەیەكی زۆر دەستی ئیسرائیلی واڵا كردبێت، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەكییەكانی حەماس، بەڵام پێدەچوو لە نێو باڵی راستڕەوی دیموكراتەكاندا فشارێكی زیاتر هەبێت لەسەر بایدن، بۆ ئەوەی پتر پشتیوانی لە راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ بكات. واتە هەرچەندە رەنگە گرفت و كێشە لە نێوان بایدن و نەتنیاهۆدا هەبێت، بەڵام لە هەڵكشانی بارگرژی و ناكۆكییەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، هەڵوێستی بایدن لەگەڵ ئیسرائیلدا بوو. سەبارەت بە سووریا ئەوا ئەو دۆخەی دەگوزەرێت تا راددەیەك ناڕوونە، ئەوە بوو نێردراوێكی ویلایەتە یەكگرتووەكان چوونە كوردستانی عێراق و لەوێ چاوپێكەوتنیان لەگەڵ هەندێ لە كوردی سووریا كرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەم ساتەوەختەدا دیار نییە ئایا سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست سووریا چییە. هەرچۆنێك بێت، پێم وانییە ئیدارەی بایدن بیەوێت زیاتر تێوەبگلێت لە رووی سەربازییەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا نایەوێت هێزەكانی بكێشێتەوە بە چەشنێك كە بوار بۆ بەهێزبوونەوەی داعش دروست بكات و، بە چەشنی ترەمپ هانی توركیا بدات بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریادا بكات، كەواتە ئەمانە ئەو جیاوازییە گەورانەن كە من بەدی دەكەم، لە بەراوردكردنی بایدن بە ترەمپ.

* ئاماژەتان كرد بەوەی سەرۆك جۆ بایدن نایەوێت دووبارە داعش بەهێز ببێتەوە، بەڵام وەك دەزانین، یەكێك لە بڕیارەكانی ئیدارەكەی كشانەوەیە لە وڵاتی ئەفغانستان، كە رەخنەگران پێیان وایە، ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان دووبارە دەسەڵات بگرەنەوە دەست، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین كە بایدن بەرهەڵستی هەبوونی سەربازیی درێژخایەنی ئەمریكا بوو لە ئەفغانستاندا، تەنانەت لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماشدا، بایدن دژی بڕیاری زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكا بوو لەو وڵاتەدا، كە ئەمەش بڕیارێك بوو سەرۆك باراك ئۆباما لە یەكەم خولی سەرۆكایەتیدا دەری كرد، بایدن دەیویست بوونی سەربازی ئەمریكا لە ناوچەكەدا كەم بكاتەوە و، دەیویست تەركیز لەسەر ئاسیا بكرێت، بەتایبەتی هەڵكشانی چین، كە ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت ببێتە ركابەری ئەمریكا، بەڵام هەروەك ئێوەش دەزانن ئەم ناوچەیە هەمیشە گرفتارە بە ئاڵۆزی و ناكۆكییەكان، كە دەبنەهۆی ئەوەی ئەمریكا پەلكێشی بارودۆخەكە بكەن، ئیدی هەر سەرۆكێك لە دەسەڵاتدا بێت لە ئەمریكا.

* ئایا پێت وایە هۆكاری ئەم بڕیارانە ئەوەن، كە چیتر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەشنی رابردوو بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا گرنگ نییە؟

- ئەگەر ئێمە لە پرسی نەوت بڕوانین، ئەوا راستە ئێستا ئەمریكا لە رووی بەرهەمهێنانەوە پێداویستیی خۆی پڕدەكاتەوە، واتە پێویست بەوە ناكات بۆ هەڵسووڕاندنی ئابوورییەكەی، پشت بە كڕینی نەوت ببەستێت، بەڵام هێشتا ئەوروپا و هیندستان و وڵاتانی دیكە پشت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن. واتە لەم رووەوە وێنەیەكی تێكەڵ هەیە، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵام هاوپەیمانەكانی پێویستیان بەم نەوتە هەیە، ئەمە فاكتەرێكە، فاكتەرێكی دیكە ئەوەیە كە ئێستا ئەمریكا وەك ركابەرێك لە چین دەڕوانێت و باوەڕی وایە، دەبێت سەرچاوەی سەربازیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا تەرخان بكات، هەرچەندە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە ئەمریكا دەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگرێت. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەبێت، ئەوا داوای كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا ناكرێت لە عێراقدا، واتە هەمان ئەو راگەیەندراوەی لە ئاست ئەفغانستاندا هەیبوو، لە ئاست عێراقدا نەیبووە. كەواتە بەلای كەمەوە لە ئێستادا ئەمریكا هێزێكی كەم لە عێراقدا دەهێڵێتەوە و ئەركی سەرەكییشیان بریتی دەبێت لە مەشقپێكردن. هەروەها ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هێشتنەوەی هێزێكی بچووك لە رۆژهەڵاتی سووریاشدا.

*  ئایا كەمبوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا، بوار بۆ هێزەكانی دیكەی وەك چین ناڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی پتر لەم ناوچەیەدا كاریگەر بن؟

- من لەم پرسیارەی ئێوە تێدەگەم، كە ئەگەر بێتوو ئەمریكا لە ناوچەكەدا تەواجودێكی بەهێزی نەبێت، ئەوا چین و رووسیا ئەم بۆشاییە پڕ دەكەنەوە، واتە هەمیشە ئەم مەترسییە لە ئارادایە، بەڵام لە روانگەی بایدنەوە ئەوا ئەمریكا لە ساڵی 2001-ەوە لە ئەفغانستانە، پرسیارەكەش ئەوەیە دەبێت ئەمریكا چەند ساڵی دیكە لەو وڵاتەدا بێت، بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێكی درێژخایەن لە نێو خۆیاندا. هەرچەندە رەخنەی ئەوە لە بایدن گیراوە، كە بڕیاری كشانەوە لەو وڵاتەدا بووەتەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان چاوەڕوان بێت، تا دوا سەربازی ئەمریكا ئەو وڵاتە جێدەهێڵن، بۆ ئەوەی دەست بە هێرشەكانیان بكەن. ئەمەش هاوشێوەی هەلومەرجی ڤێتنام دەبێت لە ساڵانی حەفتاكاندا، كاتێك ئەمریكا لە باشووری ڤێتنام كشایەوە، ڤێتنامییەكان ساڵێك چاوەڕوانییان كرد، دواتر دەستیان بە هێرشەكانیان كرد و دەستیان بەسەر سەرتاسەری وڵاتەكەدا گرت. واتە هەمیشە ئەم مەترسییە لە ئارادایە، بەڵام بەلای بایدنەوە ئەمە مەترسییەكە و دەكرێت بیگرێتەبەر، چونكە پێی وایە ئەوەی لە ئەفغانستاندا روویدا درێژترە لەوەی لە ڤێتنامدا رووی دا و ئایا پێویستە ئەمریكا چەند ساڵی دیكە لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە؟

* ئەگەر ئێوە لە پێگەیەكدا بن و راسپاردەتان بۆ ئیدارەی سەرۆك بایدن هەبێت، ئایا پێشنیار دەكەن ئەم ئیدارەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات؟

- ئاشكرایە بۆ رۆژگارێكی دیكەش كێشە و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژەی دەبێت، هێشتا زۆر كەس چاوی لە سەركردایەتیی ئەمریكایە و هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە دەڵێن پێویستە بایدن هەوڵ و كۆششی زیاتر بخاتەگەڕ لە پەیوەندی بە ناكۆكیی فەڵەستین و ئیسرائیلەوە. هەروەها لە كێشەی یەمەنیشدا هەرچەندە عەرەبستانی سعودیە ئامادەیی تێدایە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك، بەڵام لایەنەكان چاویان بڕیوەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بگەیەنێتە رێككەوتنی ئاشتی، كەواتە هێشتا گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاویان لە سەركردایەتیی ئەمریكایە، چونكە پێیان وایە نە چین و نە رووسیا ناتوان رۆڵێكی بنیاتنەر ببینن. هەروەها ئاماژەیەكی ئیجابییش كە بەدی بكرێت، كۆبوونەوەی عەرەبستانی سعودیە و ئێرانە لە عێراقدا. هەروەها تەنیا ئەمریكاش دەتوانێت گفتوگۆ بكات لەبارەی پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا و، هیچ هێزێكی دیكە ناتوانێت ئەمە بكات.

* بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، ئایا ئیدارەی بایدن لە ئاست ئەم سەركردایەتییەدا بووە؟

- لە راستیدا تاوەكو گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بۆچوونێك هەبوو، كە ئیدارەی بایدن پرسی مافەكانی مرۆڤی هێنابێتەوە نێو كارنامە و ئەجێنداكەی، كە ئیدارەی ترەمپ بایەخی بەم پرسە نەدەدا، كەواتە لەم رووەوە ئەمە ئاماژە بوو بەوەی، ئەمریكا دەیەوێت دووبارە مومارەسەری سەركردایەتی بكاتەوە، هەروەها بایدن پتر مەیلی كاركردنی هەیە لەگەڵ ناتۆدا، كە ئێمە دەزانین ئەندامانی ناتۆ لە سەروەختی ئیدارەی ترەمپدا نیگەران بوون. كەواتە لە سەرەتادا ئومێدی ئەوە هەبوو كە سەركردایەتی جیهانی لەلایەن ئەمریكا بەدی بهێنرێتەوە، ئێستاش بەهۆی كێشە و ناكۆكیی فەڵەستین و ئیسرائیلەوە رەخنەی زیاتر دەگیرێت و، داوای سەركردایەتییەكی زیاتری ئەمریكا دەكرێت، نەك كەمتر.

Top