د. عەبدوڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:   مەلامستەفا بارزانی و لە ئێستاشدا سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی كارایان لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتە

د. عەبدوڵا مەلا وەیسی  سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:     مەلامستەفا بارزانی و لە ئێستاشدا سەرۆك مسعود بارزانی  رۆڵێكی كارایان لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتە

 

ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی كوردستاندا ئایینی ئاشتی و پێكەوەژیانە، زۆربەی رێبەر و سەركردەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانیش لە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان هەڵكەوتوون و رێبەرایەتییان بۆ سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە، گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر عەبدوڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و شارەزا لە فقهی بەراورد سازدا، لەو گفتوگۆیەشدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان هەموو كات سەرچاوەی ئیشق و میهرەبانی و خۆشەویستیی خودا بوون و زیانیان بەهیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك نەگەیاندووە.

 

• ئیسلام، ئایینی ئاشتی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانە، لەمەش زیاتر كە سەیری مێژووی بەرزی مزگەوت و حوجرە و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان دەكەین، هەموو كات سەرچاوەی ئیشق و میهرەبانی و خۆشەویستی خودا بووە، ئایا لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتی لە دیدی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە چۆن راڤە دەكەن؟

- بەناوی خوای گەورەو میهرەبان؛ لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئایینی پانتاییەكی گەلێك فراوانی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەبووە و بنچینەی ئەم پێكەوەژیان و لێبووردەییە لە ئیسلامەوە سەریهەڵداوە. ئایینی پیرۆزی ئیسلام یەكێكە لەو ئایینانەی كە سەرجەم ئایین و ئایینزاكانی دیكەی قبووڵ كردووە و رێزی بۆ سەرجەم ئایینەكان هەبووە، پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت، یەكەم كۆمەڵگەی موسڵمانانی لەشاری مەدینە پێكەوەنا لەسەر بنەمای پێكەوەژیان و رێزگرتن بوو لەسەرجەم ئایینەكانی دیكە، دەستووری مەدینە كە یەكەمین دەستوورە لەمێژووی موسڵمانەكاندا لەلایەن پێغەمبەرمان (د.خ) نووسرایەوە، لەم دەستوورەی مەدینە كۆمەڵێك چەمكی هاونیشتمانیبوونی تێدابوو لەو چەمكانە بایەخێكی زۆر بە پێكەوەژیانی ئایینی درا و مافی ئایینەكانی دیكە بە دەستوور پارێزرا. پێغەمبەرمان (د.خ) تاوەكو كەسایەتییە گەورەكانی ئیسلام لە خەلیفەكان و هاوەڵ و خۆشەویستەكانی و فەرماندەو سەركردەكانی ئیسلام هەموویان پێكەوە رێزو پارێزگارییان لە چەمكی پێكەوەژیان كردووە. راستە لە مێژووی دوورو درێژی ئیسلامدا كۆمەڵێك رووداو یان هەڵسوكەوت و قسەی جۆراوجۆری تێدا بووە، كە لەگەڵ پێكەوەژیان ناگونجێت، ئەمەش وەكو هەڵسوكەوتی تاكە كەسی دەتوانرێت هەژمار بكرێت، گەلی كوردیش زۆر بەجوانی رێزی لەم بنەمایەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام گرتووە، بۆیە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان هەموو كات سەرچاوەی ئیشق و میهرەبانی و خۆشەویستی خودا بووەو زیانیان بەهیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك نەگەیاندووە. 

• زۆربەی رێبەر و سەركردەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، لە حوجرە و مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان هەڵكەوتوون و رێبەرایەتییان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووە، هەمووشیان ئەو فەرموودەی پێغەمبەریان (د.خ) كردووە بە دروشم كە دەفەرموێت: (خۆشەویستیی نیشتمان لە ئیمانەوەیە)، ئایا شەرعییەتی سەربەخۆبوونی كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە قورئان و شەریعەتی ئیسلامەوە چۆن راڤە دەكەن؟

- راستە، زۆربەی سەركردەكانی كورد لە حوجرە و مزگەوت و تەكییە و خانەقاكانی كوردستان پێگەیشتوون و رێبەرایەتیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مزگەوت و تەكییەو خانەقاكانی كوردستان بەدوور نەبووە لەبیری نەتەوەیی، هەربۆیە پێویستە مرۆڤی ئایینپەروەر و زاناو مامۆستای ئایینی، مرۆڤی نیشتمانپەروەریش بێت و بەرگری لە خاك و نەتەوە و نیشتمانی خۆی بكات، لە هیچ كاتێكیشدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگر نەبووە لە پەیڕەوكردنی ئەم مافە و ئەو خەڵكانەشی نكۆڵی لەمافی رەوای گەلی كوردستان دەكەن، ئەو كەسانە بەهیچ شێوەیەك لە بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و فەرموودەكانی پێغەمبەر تێ نەگەیشتوون، ئێستا لەكوردستان هیچ نەتەوەو ئایین و ئایینزایەك هەست بەوە ناكات كە جیاوازی لەگەڵ دەكرێت و هیچ كێشەیەك نییە بەناوی كێشەی ئایین و ئایینزا و مەزهەبەكان، لەمەسەلەی سەربەخۆییشدا ئیسلام لەگەڵ ئەوەدایە هەموو گەل و نەتەوەیەك بە مافی رەوای خۆی بگات و لەنێویشیاندا مەسەلەی سەربەخۆیی كە بنچینەكەی لەئایینی پیرۆزی ئیسلام سەریهەڵداوە، بەداخەوە بەهەڵە زۆر كەس دەڵێت داواكاریی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی جوداكارییە و پارچە پارچەكردنی ئوممەی ئیسلامییە، لە كاتێكدا ئەم قسەیە دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و ئوممەی ئیسلامی مافی هەموو نەتەوەكانە و هەریەكە لەناو چوارچێوەی ئەو ئوممەیەدا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی و كیان و كەرامەتیان پارێزراوە، ئیسلام رێگای داوە كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی خۆی هەبێت، لە25ی ئەیلوولی 2017 مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەگەڵ هەموو چین و توێژو نەتەوەكانی دیكەی كوردستان و ئایین و ئایینزاكانی دیكە پاڵپشتی ئەم مافە رەوایەی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردیان كرد.  

• لە كوردستاندا بێجگە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، چەندین ئایینی دیكەش بوونیان هەیە، سوپاس بۆ خودا لە كوردستاندا لێبوردەیی و پێكەوەژیان بە ئاستێكە لە جیهانی ئیسلامیدا نموونەی نییە، ئەو كەلتوورە رەسەنەی موسڵمانیەتی كورد لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

-رۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگ بووە بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی، بوونی ئەو هەموو ئایین و ئایینزایە لە كوردستان و مێژووە جوانەكەی پێكەوەژیانی ئایینەكان هەمووی بەڵگەن بۆ رۆڵی مامۆستایانی ئایینی و سەركردەو كەسایەتییە نەتەوەییەكانمان كە هەڵقوڵاوی پەروەردەی مزگەوت و تەكیە و حوجرەو خانەقاكان بوون، لە گوندەكانی كوردستان ئایینەكانی كریستیان و جوو ئێزیدی هەبووە و هیچ كاتێك پاكتاوێكی ئایینی لە هەرێمی كوردستان رووی نەداوە و تەنانەت ئەم كەلتوورە رەگەزپەرستی و توندوتیژی ئایینییە نەخراوەتە ناو هزرو تێڕوانینی تاكەكانی كوردەوە. بوونی رێبازی تەسەوف كاریگەریی ئیجابی و باشی هەبووە، چونكە حوجرەو تەكیەكانی كوردستان هەموو كات رۆڵێكی میانڕەوییان هەبووە و بوونەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی بیری میانڕەویی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، بوونی بیری میانڕەوییش هۆكارێك بووە بۆ پێكەوەژیان و دروستبوونی كەلتووری لێبوردەیی. سەركردەكانی بیری نەتەوەیی و رزگاریخوازی لە رابردووش رۆڵێكی یەكجار بەرزیان هەبووە بۆ پاراستنی ئەم پێكەوەژیانە و لەمەشدا مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاوكاریان بوون. لێرەدا رۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی باس دەكەم كە رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە پتەوكردنی بنەماكانی پیرۆزی ئیسلام و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و هاندەر بووە بۆ بڵاوكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیان، هەروەكو چۆن شێخ مەحموودی حەفید كە رۆڵێكی یەكجار جوان و گەورەی هەبووە لە پتەوكردنی پێكەوەژیان و رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی و لە ئێستاشدا رۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە بەدرێژایی مێژوو تاكو ئەمڕۆ رۆڵێكی كارایان هەبووە لە پاراستنی پێكەوەژیان لە كوردستاندا، تەنانەت منداڵەكانمان لە منداڵییەوە رادێنین بەوەی رێز لە هاوڕێكانی دیكەیان بگرن لە ئایین و ئایینزاكانی دیكە و بە هیچ شێوەیەك غەدریان لێ نەكەن. لە زۆر وڵاتی جیهانی ئیسلامی ئەو پێكەوەژیانە تەنیا دروشمە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان پێكەوەژیان بووەتە واقیعێك و هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئەم واقیعە سەلمێندراوە و كاتێك داعش غەدری لە برا ئێزدییەكان و مەسیحییەكان كردو ئێزدییەكانی كۆمەڵكوژ كرد و مەسیحییەكانی ئاوارە كرد، موسڵمانانی كورد هاوخەم بوون و بگرە لەپێناویاندا چەندین شەهیدیان دا و كوردستان بووە پێگەیەك بۆ هەموو ئەوانەی زوڵم و تەعدایان لێ كراوە.

•زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هەمووكات لەسەر مینبەرەكانەوە پێشەنگ و پێشەوای كۆمەڵگە بوون، لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیان بوون، ئایا لەم قۆناخەدا كە هەم پێویستیمان بە تەبایی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی هەیە، ئەركی سەرشانی زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لەسەر مینبەرەكان دەبێت چی بێت و، چۆن پارێزگاریی لەو مێژووە دەكەن كە زانایانی ئیسلامی پێش ئێوە لە كوردستان دروستیان كردووە؟

-ئەركی ئێمەیە وەكو مامۆستایانی ئایینی و شەریعەت و شێخانی تەریقەت و پسپۆڕانی تەریقەت هەوڵی ئەوە بدەین ئەم پێكەوەژیانە بپارێزین، بۆ ئەمەش گەنجەكان و نەوەی نوێ و منداڵەكانمان بە راهێنان و وتار و لە مینبەری مزگەوتەكان و لەناو كەناڵەكانی راگەیاندن و لە قوتابخانەكان لەسەر ئەم كەلتوور و نەریتە پیرۆز و گەورەیەی پێكەوەژیان رابهێنین و، رێگە نەدەین بیری توندوتیژی و دەمارگیریی و دوور لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی ئیسلامەوە بێتە ناو هزری نەوەكانمان. ئەم بابەتە دەبێت لە راگەیاندن و قوتابخانەكان زیاتر گرنگی پێ بدرێت، هەروەها دەبێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ مەرجەع و كەسایەتییەكانی ئایینی دیكە هەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوە لە هەرێمی كوردستان كار بۆ پێكەوەژیان بكەین و، لەكاتی كەوتنەوەی هەر درز و كەلێنێكدا پێكەوە چارەسەری بكەین، چونكە ناحەزانی گەلەكەمان زۆرن و دەیانەوێت ئەو كەلێنە لە نێوان پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینیەكاندا دروست بكەن. من پێم باشە هەرچی مەنهەج و پرۆگرامەكان هەیە كە تەركیز لەسەر ئایینەكان دەكات، گرنگی بە پێكەوەژیانی تێدا بدرێت و رێگە نەدەین توندڕەوی لە ئاییندا سەرهەڵبدات.

•ساڵانێكە بە هۆكاری سیاسی بێت، یان پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، دیاردەیەكی نامۆ بە مێژووی بەرزی موسڵمانیەتیی كوردستان هاتووەتە كوردستانەوە كە ئەویش دیاردەی توندڕۆیی و توندوتیژییە، ئایا زانایانی ئیسلامیی كوردستان چۆن رێگە لەم دیاردە نامۆیە دەگرن؟

- لە هەموو زەمەن و شوێنێكدا دیاردەی نامۆ بە رەسەنایەتیی ئیسلام سەرهەڵدەدات و زیان بە پێكەوەژیان دەگەیەنێت، دیاردەی توندوتیژی و دەمارگیری مەسەلەیەكی هەستیارەو لە دەرەوەی سنوورەكان هاوردە دەكرێت، نابێت رێگا بدەین كەسانێكی ناشارەزا یان بەئەنقەست و بۆ نییەتێكی هەڵە بیهێنێتە وڵاتەكە و نەتەوەكەمان تەشەنەی پێ بدات. گواستنەوەی فەتوا لە وڵاتێكی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان هەڵەیە، دەبێت خوێندنەوەی واقیعی و عەمەلیمان هەبێت بۆ ئەم رۆژگارەی تێیدا دەژین، هەر فەتواو وتارێك لە رۆژێك لە رۆژان لەبەر رۆشنایی بارودۆخێك و واقیعێكی جیاواز لە ئێستا وتراوە، ناكرێت ئێمە لە هەموو قۆناغەكان سوودی لێوەربگرین بۆ نموونە لە700-800 ساڵ پێش ئێستا لەكاتی بوونی كێشە لەنێوان مەغۆل و تەتەر و موسڵمانەكان ئەو سەردەمە شێخ ئیسلام ئیبن تەمیمە كۆمەڵێك فەتوای دا، بەپێی واقیعی ئەو كات بوون، خۆ نابێت ئێستا زیندووی بكەینەوە لەسەر واقیعی هەرێمی كوردستان، فەتوا گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت و جیاوازە لەگەڵ حوكمی شەرعی كە جێگیرە و گۆڕانكاریی تێدا ناكرێت.

 

Top