فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان:   بەم نزیكانە شەش ناوەندی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەست بەكار دەبن

فەریق جەمال ئیمینكی  سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان:     بەم نزیكانە شەش ناوەندی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەست بەكار دەبن

 

جموجوڵ و هێرشەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق رووی لەزیادبوون كردووە، لەمەشدا داعش بەشێوەیەكی فراوان سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان لە گفتوگۆیەكدا چەند پرسیاری ئاراستەی فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.

 

* جموجوڵ و هێرشی چەكدارەكانی داعش زیانی گەورەیان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق گەیاندووە، لەم هێرشانەشدا چەندین پێشمەرگەی كوردستان شەهید و بریندار بوون، بوونی بۆشایی ئەمنی و سەربازی لە ناوچە جێناكۆكەكان و لاوازیی رووبەڕووبوونەوەی هێزە عێراقییەكان هۆكاری سەرەكیی هێرشەكانی ئەم دواییەی گرووپە چەكدارەكانی داعش بووە؛ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچی ئەم بۆشاییە ئەمنییە لەم ناوچانەدا بەردوامیی هەیە؟ ئایا ئەم پرسە لە دواكۆبوونەوەتاندا لەگەڵ مستەفا كازمی لە بەغدا باسی لێوەكرا؟

- هەروەكو سەرۆك بارزانی پێشبینی كردبوو، بەوەی داعش كۆتایی نەهاتووە و بە شێوەیەكی مەترسیدار خۆی رێكخستووەتەوە، تەنانەت سەرۆك بارزانی وەكو پێشمەرگە و خەمخۆری كوردستانییەكان و هێزی پێشمەرگە لە هەموو بۆنەكاندا هێزەكانی پێشمەرگە لەو مەترسییانە ئاگادار دەكاتەوە، بگرە هۆشداریی بە هاوپەیمانان و لایەنی ئەمنیی عێراقیش داوە، بەوەی راستە داعش ناوچە و شوێنی لەدەست داوە، بەڵام لەناو نەچووە و خۆی رێكخستووەتەوە و بە شێوازێكی نوێی تیرۆریستی و چەكداریی سەری هەڵداوەتەوە. سەرۆك بارزانی لەكاتی هاتنی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و شاندێكی باڵا كە فەریق روكن عەبدولئەمیر شەمەری و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئاسایش و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان یاوەری بوون، بە وردی باسی لە هەڕەشەكانی داعشی لە ناوچە جێناكۆكەكان و كاری هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كرد. لەمەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەیەوێت چارەسەرێك بۆ ئەم مەترسییانەی داعش بدۆزێتەوە، لە دواكۆبوونەوەشی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئەمنیی عێراق سەرۆك وەزیران بە وردی باسی ئەم مەترسییانەی كرد، لەو كۆبوونەوەیدا ئێمەش وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادە بووین. جگە لەوەی چەندین تەوەرەی تایبەت بە كێشەكانی عێراق و بارودۆخی سیاسی باس كران، جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییە كانی عێراق كرایەوە، بگرە ئەم تەوەرەیە لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن مستەفا كازمی-یەوە گرنگییەكی زۆری پێ درا، ئامادەیی تەواویشی بۆ هەموو پاڵپشتی و هاوكارییەك دەربڕی بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان سەربكەوێت و، متمانە لەنێوان هەردوو لا دروست ببێتەوە. خاڵێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە ئەوە بوو كە سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان نابێت خۆیان تێكەڵی ململانێی سیاسی و حزبایەتی بكەن و بچنە ژێر باری ژینگەی سیاسییەوە و كاریگەریی خراپی لەسەر لایەنی ئەمنی و سەربازی هەبێت.

* ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە لە رێككەوتنی شنگال بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقدا، تا ئێستا بۆچی ئەو رێككەوتنە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەتی هەمووان دەزانن رەوشی شنگال ئاسایی نابێتەوە و ئاوارەكان ناگەڕێنەوە، تاوەكو رێككەوتنەكە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟

- لە دواسەردانی شاندی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆكایەتیی قاسم ئەعرەجی و فەریق روكن عەبدولئەمیر شەمەری بۆ لای سەرۆك بارزانی و كۆبوونەوەیان لە سەلاحەدین بارودۆخی شنگال و ئاساییبوونەوەی تەواوی ناوچەكە تەوەرەیەكی كۆبوونەوەكان بوو، لەو كۆبوونەوەیەدا رێككەوتین لەسەر میكانیزمی كاری رۆژانەی هەماهەنگی هەر چوار سەنتەری هەماهەنگی لە (خانەقین و كەركووك و مەخموور و كەسك) و بەم نزیكانە دەست بەكار دەبن، بە هەمان شێوەی هەردوو سەنتەری هەماهەنگیی بەغدا و هەولێر كە لە ئێستادا لەسەری رێككەوتووین، هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە بێ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال مومكین نییە بارودۆخی شنگال ئارام و ئاسایی ببێتەوە.

* تاچەند هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێكی هێرشی دیكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر رەبایە و هێڵەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان؟

-  جموجوڵ و كارە تیرۆریستیەكانی داعش لەناوچە جێناكۆكەكان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە، لەمەشدا سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر لەم ناوچانە دروست بووە، لەلایەكی دیكەوە هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەكو پێویست لەم ناوچانەدا نەیانتوانیوە سنوورێك بۆ كردەوە تیرۆریستیەكانی داعش دابنێن، ئەمەش دوو هۆكاری سەرەكی بووە بۆ هێرشكردنە سەر رەبایەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە دوورگە زراو و دواتر لە سنووری كفری و شەهیدبوونی پێشمەرگەكانمان، ئەم هێرشانەش بەچەكی دووربینی حەراری و بە تەكتیكی لێدانی كتوپڕ ئەنجام دەدرێت و سوودیان لە بۆشایی ئەمنی لەم ناوچانەدا وەرگرتووە، گۆڕینی تەكتیكی هێرشی چەكدارانی داعش لە شەڕی مەیدانییەوە بۆ شەڕی لێدانی كتوپڕو چۆڵكردنی ناوچەكە پێویستی بە ئامادەباشیەكی باش و هوشیارییەكی زۆری فەرماندە و پێشمەرگەكان هەیە. جموجوڵەكانی داعش لە تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان دەستی پێ كردووە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی ( قەرەچوخ و دوورگە زراو و خانەقین و كەلار و قەرەتەپە و دەشتی نەینەوا و مووسڵ..)، ئەمەش سنوورێكی زۆر فراوانە و دەبێت هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هەر ئەگەرێك و هێرشێكی لەناكاو بەردەوام لەئامادەباشیدا بن.

* یەكێك لەهەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی چاكسازییەكاندا بریتییە لە چاكسازییەكانی حكومەت لە وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی پێشمەرگەدا؛ ئایا ئەم چاكسازی و هەوڵانە بە كوێ گەیشتووە؟

- چاكسازی بەشێكە لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەر سێ لایەنی سەرەكیی بەشداربووانی كابینەكەش لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازییەكان هاوڕان، بۆیە هەنگاوی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری حكومەتە و لەسەری بەردەوامین، هەمووان گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت ئەم چاكسازییانە ئەنجام بدرێت، وەزارەتی پێشمەرگەش یەكێكە لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندە بە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام هەندێك بڕگە و خاڵ لە بابەتی چاكسازیی لە هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە پشوودرێژی و ماوەو كاتی دەوێت، بۆ نموونە یەكگرتنی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە خاڵێكی ئەوەندە ئاسان نییە، هەرچەندە هەردوو لا هاوڕان بەوەی دەبێت چاكسازیی لەم بابەتەشدا بكرێت و یەك سەرچاوەی بڕیار و دارایی و بودجە و میلاكات و جموجوڵەكانی هەبێت، ئەویش وەزارەتی پێشمەرگەیە، لەمەشدا هاوپەیمانەكان هاوكارمانن و چوار راوێژكاریان لێرەیە و چاودێریی یەكە بە یەكەی خاڵەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكەن، لەم پێناوەشدا بەرنامە و راپۆرتی تایبەتیان بۆ سەرووی خۆیان بەرز دەكەنەوە و بەردەوام سەردان و دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن، لە جەنابی وەزیر و بریكاری وەزیر و سەرۆك ئەركان و ئەمینداری گشتی و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانمان سەردانی میحوەرەكان دەكەن و لە هەموو كەموكورتی و گرفتێك دەكۆڵنەوە، ئێمەش هەموو راپۆرتەكانیان بە گرنگییەوە وەردەگرین و كاری لەسەر دەكەین، ئەوان وەكو چاودێر لە زۆربەی كۆبوونەوەكان بەشدارن و پێیان خۆشە لەگەڵ عێراق هەماهەنگیی باشمان هەبێت و، لە ناوچە جێناكۆكەكان بگەینە دەرئەنجامێكی باش. هەروەها هاوپەیمانەكان زۆر هاوكارمانن و تا ئێستا چوار لیوا پڕچەك كراون و بڕیاریشە 10 لیوای دیكە پڕچەك بكەن و چەك و كەلوپەلەكان بەپێی بەرنامەیەكی خۆیان ماوە بەماوە دەهێنن و دەیدەنە میرەی وەزارەتی پێشمەرگە.

* بەڵام شەڕی ئێستا زیاتر بە چەكی پێشكەوتوو تەكنەلۆجیای بەرز ئەنجام دەدرێت، ئەوەتا داعش بە دووربینی حەراری و میلیشیا چەكدارە لە یاسادەرچووەكانیش بە مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرش دەكەنە سەر كوردستان، ئایا ئێوە داواتان لە هاوپەیمانەكان كردووە جۆری چەكەكان باشتر بكرێن و چەكی قورسیش بدەنە پێشمەرگە؟

- هاوكارییەكانی هاوپەیمانەكان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە چەكی سووك و مامناوەندە و لەگەڵ هامەر و هێمڤی و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی و ئالیاتی دەرعی تێدایە، بۆ ئەم مەبەستە بە هاوپەیمانەكانمان وتووە پێویستە هێزی پێشمەرگە چەكی پێشكەوتووی هەبێت، بۆ ئەوەی بەربەرچی دوژمنەكانی بداتەوە كە بەچەكی پێشكەوتوو هێرش دەكەنە سەرمان، خۆشیان لەناو بارودۆخەكەن و راستییەكان لەنزیكەوە دەبینن كە تیرۆریستانی داعش و ئەو گرووپە چەكدارانەی بە مووشەك هێرش دەكەنە سەر كوردستان خاوەنی چ چەكێكی پێشكەوتوون و فرۆكەی تی ئێن تی (درۆن) بەكار دەهێنن. لەلایەكی دیكەوە لە چوارچێوەی خۆئامادەكردنەكانمان بۆ ئەگەری هەر هێرشێكی چەكداریی دیكە بەردەوام جەنابی وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەكانمان سەردانی میحوەرەكان دەكەن و بەردەوام سەنگەر و رەبایە و هێزەكانمان لە هێڵی تەماس بەسەر دەكەنەوە و لەهەر كەموكورتی و گرفتێكیش دەكۆڵینەوە كە هەبێت و راستەوخۆ چارەسەری دەكەین.

* یەكێك لە هەڕەشەكانی دیكە بۆ سەر خەڵكی سڤیلی ناوچە سنوورییەكان و گوندنشینەكان شەڕی نێوان پەكەكەو سوپای توركیایە، ئێوە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاچەند لەو ناوچانە لەئامادەباشیدان بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەر فراوانبوونێكی شەڕەكەو زیانگەیاندنی زیاتر بە گوندنشینەكان و خەڵكی مەدەنی؟

- بەداخەوە نەدەبوو پەكەكە و توركیا شەڕی نێوانیان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و لەسەر حیسابی خەڵكی سڤیل و زیانگەیاند بە ژیان و بژێوی ژیانی گوندنشینەكان و وێرانكردنی رەزو باخ و سەرچاوەی بژێوی ژیانی خەڵكی ئێمە بێت، بە راددەیەك جگە لەوەی چەندین ساڵە بەسەدان گوند بەهۆی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوەو خەڵكی سڤیلی ئەو گوندانە لەگەڕانەوەو سوودوەرگرتن لەخاك و ماڵباتی خۆیان بێبەشن، لەئێستادا بەهۆی زیاتر هاتنە پێشەوەی سوپای توركیا خەریكە بەدەیان گوندی دیكەمان چۆڵ دەكرێت و ئەوانیش وێران و خاپوور دەبن. لەگەڵ ئەمەشدا پەكەكە ناوبەناو تەقە لەهێزەكانی پێشمەرگە دەكات و بەئاشكرا سەركردەكانیان دژایەتی ئەو قەوارەیەی كوردستانی عێراق دەكەن كە ئەوان بوونەتە هۆی وێرانبوونی. ئێمە هەر وەكو چۆن ئیدانەی ئەو شەڕە دەكەین، هەرواش نابێت توركیا بە پاساوی بوونی پەكەكەوە بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بە بۆردومان و مووشەكباران زیان بە خەڵكی سڤیل و سووتانی دارستانەكان و تێكدانی ژێرخانی هەرێم بگەیەنێت.     

Top