پلەو پایەو رۆڵی ئافرەت لە ئیسلامدا , , , ((مامۆستا هێمن شارستێنی))

پلەو پایەو رۆڵی ئافرەت  لە ئیسلامدا , , , ((مامۆستا هێمن شارستێنی))

 

 

ئایینی پیرۆزی ئیسلام مافی بۆ هەموو شتێك داناوە، بەتایبەتی مرۆڤ، كە هەرچی لەم سەرزەوییە هەیە، خودای گەورە هەمووی لە خزمەتی ئێمەی مرۆڤدا بە دی هێناوە، هەروەها لە ناو مرۆڤەكانیشدا مافی بۆ ئافرەت داناوە، چونكە لە ئایینی ئیسلامدا ئافرەت رێزیكی یەكجار زۆری هەیە، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا چەند نمونەیەكمان بۆ باس دەكات، نموونەیەك بە ژنەكەی فیرعەون (ئاسیە)ی كچی (مزاحم) دێنێتەوە، بۆ ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، ئەو ژنە ئیماندارە هەر چەندە نزیكی فیرعەون بوو، بەڵام فیرعەون هیچ سوود و كەڵكێكی لە باوەڕەكەی وەرنەگرت، كوفری فیرعەون زیانی بە ئیمانەكەی نەگەیاند كاتێ گوتی: «پەروەردگارم لای خۆت لە بەهەشتدا ماڵێكم بۆ دروست بكە و، لە دەست فیرعەون و كردەوەكانی و ئەو هۆزە ستەمكارانەش رزگارم بكە.

خودای باڵادەست نموونەیەكی دیكە بە مەریەمی كچی(عیمران) دەهێنێتەوە، ئەو ئافرەتەی داوێنی خۆی لە حەرام پاراست، كە دەفەمووێت: ئێمە لەرێی ئەو (ڕۆح)ـەی خۆمانەوە (جوبریل) بە فوو و بە پێغەمبەر (عیسا) دووگیانمان كرد، ئەویش ددانی نا بە هەموو وتە و فەرمانەكانی خوداو كتێبەكانیدا (ئەوانەی ناردبوونی بۆ پەیامبەرانی پێشین) بەردەوام لە ریزی خەڵكانی فەرمانبەرداردا بوو. خودای گەورە لەم دوو ئایەتە پیرۆزەدا نموونەی دوو ئافرەتمان بۆ باس دەكات، بێگومان ئەمەش رێز و گەورەیی ئافرەتمان بۆ دەردەخات لە لای خوای گەورە، بە هاتنی ئیسلام ئافرەت هەموو ئەو مافانەی كە پێش ئیسلام لێی زەوت كرابوون، بۆی گەڕێندرایەوە، ئافرەت لە ئیسلامدا كاتێك كە منداڵە دەرگای بەهەشت بۆ داك و بابی دەكاتەوە، كە دەچێتە نێو ژیانی هاوسەرێتی، نیوەی ئیمانی هاوسەرەكەی تەواو دەكات، كاتێك كە دەبێتە دایك، بەهەشت لەژێر پێیدایە.

ئافرەت سەرچاوەی هەمو سۆزو خۆشەویستییەكە، هەر بۆیە پێغەمبەری پێشەوامان فەرمویەتی باشترینتان باشترینتانە بۆ هاوسەرەكانیان و، من باشترینتانم بۆ خێزان، بۆیە زۆر گرنگە هاوسەرەكان بیر لەوە بكەنەوە كە ببنە پشتوپەناو مایەی ئارامیی دڵی یەكترو، ژیانی هاوسەرێتییان بكەنە باخێك، كە داری بەرداری تەمەنیانی تێدا بە خۆشەویستیی راستەقینە تێرئاو بكەن، كە ئەمەش پێی دەگوترێت، هونەری پێكەوە ژیان.

ئەمانەی باسمان كرد تەنیا مشتێكە لە خەروارێك لە ئیسلامدا، پێغەمبەری خودا (د.خ) لەو روانگەیەوە چەند مافێكی ئافرەتمان بۆ باس دەكات لە سەر پیاو، وەك: سەحابی بەرز و بەڕێز (معاویەی كوڕی حویدە) دەڵیت: گوتم ئەی پێغەمبەری خودا مافی هاوسەرەكانمان چییە لە سەرمان؟ئەویش فەرمووی:

١- لەسەر پیاو واجبە بچێ لە دەرەوە كار بكات و، بەرامبەر هاوژین و خێزان و منداڵەكانی رەزیل و بەخیل نەبێت، هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات.

٢- كە پێویستی بە جلوبەرگ و پۆشاك هەبوو، پۆشاكی شەرعییان بۆ دابین بكەن، یان پارەیان پێ بدەن، خۆیان بیكڕن.

٣- هیچ كات دەست لە هاوسەرت بەرز نەكەیتەوە و، لە دەمو چاوی نەدەیت، رەفتارێك نەنوێنی كە ببێتە مایەی دڵ گرانی و نارەحەتكردنی، بەڵكو رێز و حورمەتی لێ بگرە و مامەڵە و رەفتارت جوان بێت و زمانت شیرین بیت.

٤- هیچ كات قسەی ناشیاو و جنێو و تانە و تەشەر نە بە خۆی ونە بە كەسوكاری مەڵێ.

5-ئەگەر لەیەك زویر بوون، نەكەی لە ماڵ دەری بكەیت و وا بزانی تۆ خاوەن ماڵیت وئەویش بێگانەیە، بەڵكو ئەگەر لە قسەت دەرچو و گوێڕایەڵیی نەكردی،لە سەر جێگای خەوتن رووی لێ وەر بگێڕە و پشتی تێ بكە. (كاتێك پێشەوا عەلی كوری ئەبو تالیب ناخۆشی كەوتە نێوان خۆی خاتوو فاتیمە، ماڵی جێ هێشت و روێشت و نەیگوت فاتیمە بڕۆرەوە بۆ ماڵی باوكت، بۆیە پیاوان دەبێت بزانن ماڵ هی ژنە نەك پیاو).

٦- لە ئایینی ئیسلامدا ئەگەر پیاو خیانەت لە هاوسەرەكەی بكات، ئەوا رەجم دەكرێت، تا دەمرێت.

٧- گەر پیاو بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری بكات و لە نێوانیاندا دادپەروەر نەبێت، ئەوا رۆژی دوایی لایەكی لەشی خوار دەبێت و، بەو شێوەیە حەشر دەكرێت.

٨- ئەگەر مارەیی بۆ خێزانەكەی دیاری كرد و پێی نەدا، ئەوا وەك دز تاوانبار دەبێ.

٩- ئەگەر تەڵاقی دا، ئەوا لە مارەیی و هەر شتێكی دیكە كەپێی داوە، بۆی نییە هیچی لێ وەربگرێتەوە.

١٠- ئەگەر مافی بخوات لە میراتدا، ئەوە سنووری خودای بەزاندووە و، هەر كەسێك سنووری خواببەزێنی زوڵم و ستەمی لەخۆی كردووەو، دووزەخ جێگایەتی لە دواڕۆژدا.

١١- ئەگەر لێی بدات و ئیهانەی بكات، ئەوا كەسێكی بێ رێز وخراپە، گەر رێزی لێ بگرێت ئەوا كەسێكی بەڕێز وچاكە .

١٢- ئەگەر زیاد لە چوار مانگ خۆی لێ ون كرد و دوور كەوتەوە، هاوسەرەكەی مافی خۆیەتی داوای جیابوونەوە بكات.

١٣- بۆی نییە وەك دایكی مامەڵەی لەگەڵ بكات.

١٤- ئەگەر خۆشی نەویست، با ئارام بگرێت، چونكە دوور نییە خودای گەورە خێرێكی زۆری بۆی تێدا حەشار نەدابێت.

١٥- ئەگەر ئافرەت تەڵاق درا و دووگیان بوو، ئەوا دەبێ نەفەقەی بدرێتێ، تا منداڵەكەی لەدایك دەبێت، دواتریش مناڵەكە لای ژنەكە دەبێت، نەك پیاو.

١٦- گەر لێك جیا بوونەوە، نابێت بێبەشی بكات لە منداڵەكانی، دەبێت منداڵەكانی پێ بدات و پێویستە لەسەری نەفەقەشیان بدات، تا ئەو مناڵانە پێدەگەن و دەگەنە تەمەنی باڵغ بوون.

١٧- ئافرەت ئازادە لە ماڵ و سامانی خۆیدا، چ زێڕی هەبێت، یان معاش، یان كاسپی بكات، ئەگەر بۆ ماڵ سەرفی كرد ئەوا دوو پاداشتی هەیە، خۆ ئەگەر نەشی كرد، ئەوا پیاوەكە بۆی نییە بەزۆر لێی بسێنێت.

١٨- هەر دەستدرێژییەك بكاتە سەری، سزای هاوشێوەی بۆ هەیە.

١٩- توانای پیاو بەسەر ئافرەتدا بەرپرسیارێتی و تەكلیف و خزمەتكردنە، نەك كوێخایەتی و بەكۆیلەكردنی، چونكە پیاوان دەبێت ئەوە بزانن (بەخیوكردنی مناڵ و جلشتن و خواردن دروست كردن و گسك لێدان و چەندانی دیكەش) وەك فەرز لە سەر ژن واجب نییە، بەڵكو پیویستە لەسەر پیاو كە خزمەتكار بۆ هاوژینەكەی بگرێت،

ئەگەر پێویست بكات، بەڵام كە ئافرەتان ئەو كارانە دەكەن، چاكەی خۆیانە و پاداشتی لە سەر وەردەگرن لە قیامەتدا، گوێڕایەڵیی ئافرەت بۆ پیاوەكەی، خودای گەورە بە جیهاد و تێكۆشانە لە پێناوی خودا بۆی تۆماردەكات.

٢٠- دەبێت پیاو لە هەموو ناخۆشی و نارەحەتییەكانی رۆژگاردا پارێزگاریی لە هاوسەری بكات، نەك خۆی زەرەری لێ بدات و ئەزیەتی بدات، كە ئەوە ستەم و تاوانە و لە قیامەتدا سزا دەدرێت لەسەری، چونكە پارێزگاریكردنی پیاو لە خێزان و هاوسەری، تێكۆشانە لەپێناوی خوادا.

٢١- نابێت پیاو سومعە وكەرامەتی ئافرەت لەكەدار بكات و بوختانی بۆ بكات، یان بچێت بە ناوی شەرف وناموسەوە بیكوژێت، لەوەی كە كراوە لە رابردوو ولەوەش كە دەكرێت لە ئێستادا. خوای باڵا دەست حەدی تۆمەت دانە پاڵی داناوە كە 80 جەڵدە،

واتە هەركەسێك تۆمەتێك بۆ ئافرەتێكی داوێن پاك بكات، ئەوا هەشتا جەڵدەی لێ دەدرێت.

 

Top