هونەر بەدەم زامی مرۆڤەوە

هونەر بەدەم زامی مرۆڤەوە

برین و زام، لە زمانی كوردیدا یەك واتایان هەیە، برین لە جەستە بێت، یان لە دەروون، نیشانەی ئەشك و گرفت و مەینەتی و ستەم و زۆردارییە، ئەگەر بە خەیاڵیش گەشتێك بە دەوری گۆی زەویدا بكەیت، لە زۆر شوێن و وڵاتدا خەڵكانێك دەبینیت كە تووشی چەرمەسەری و ئێش، دەرد و ژان هاتوون. لەم گەشتە خەیاڵییەت بە دەوری گۆی زەویدا، ئەگەر لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاسمانەوە لەنگەر بگریت و بڕوانیتە چیا و لاپاڵەكانی زاگرۆس و تۆرۆس و باكووری دووچۆمان، دژوارترین جۆری ئازار و ژان، قووڵترین برینی بەرەی مرۆڤایەتی دەكەوێتە بەر نیگای چاوت و لە نێو وڵاتی ئازارستاندا، هەمیشە دەنگی ناڕەزایی هونەر بەرز دەبێتەوە.

تاریق كارێزی

45 ساڵ بەر لە ئێستا، لە شارێكی ئەم ئازارستانەوە، حوسێن كاكەیی دەنگی ناڕەزایی و بەرهەڵستیی خۆی دژ بە داگیركەر و چەوسێنەری نەتەوەكەی هەڵبڕی، ئەو هونەری لەوە بەرز و باڵاتر بینی كە سەر بۆ داگیركەر دانەوێنێت، یان ترس و سڵەمینەوە بیتاسێنێت. پەیوەست بەمە، كاكەیی لە گەرمەی تەپڵكوتینی قادسیەی دووەمدا، لە ناوجەرگەی كەركووكەوە دەنگی بەرهەڵستكاریی بەرز كردەوە و نەخێری گوت، ئەمەش دۆخی سەنگەرگرتنە لە ستەمكار، دەرەتانیش هەڵاتن و خۆ رزگاركردنە لە چنگی خوێنینی داگیركەر، یان خۆ بە دەستەوەدان و ملكەچی، مرۆڤی ئازادیش ملكەچی و سەر دانەواندنی لێ ناوەشێتەوە، ئیدی لە ستەم یاخیبوون رێی مەرد و رەندانە.

ئەم هونەرمەندە 39 ساڵ بەر لە ئێستا بڕیاریدا، دژ بە ستەمی بەعسی داگیركەر بوەستێتەوە، لەو كاتەوە لە گۆڕەپانی مرۆڤپەروەری و ئازادیخوازیدا ئەمیش كوردایەتی وەك ناونیشانێكی گەورە و بەرزێتیی خۆی بینیوەتەوە. ئەو بەشی هەرە زۆری تەمەنی لە وڵاتێكی رۆژاوای ئەورووپا بەسەر بردووە، هاوكات ویژدانی هەردەم پەیوەست بە پرسی مرۆڤناسی ماوەتەوە، بۆیە بە دەگمەن تابلۆی هەیە مرۆڤی وەك فیگەر، وەك سیمبول و واتا تێدا نەبێت.

لە رووی شێواز و فیگەر و رەنگەوە، لە رووی پێكهاتە و داڕشتنەوە، لەو كاتەوەی هەردووكمان پێكەوە قوتابیی قۆناغی ئامادەیی بووین لە كۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو تا دەگاتە ئێستا، حوسێن كاكەیی گوتاری ستاتیكاییانەی خۆی بە رچەیەكی تایبەت داڕشتووە، تا دێت چڕتر و دەوڵەمەندتری دەكات، ئەو رچە ستاتیكاییەی ئەو پیادەی دەكات، زادەی ئەزموون و بڕیاری خۆیەتی، بە گشتی رووبەری نیگاری تەختاییە و كەمتر وابەستەی روانگەیە. مرۆڤ فیگەرێكی هەمیشەیی ئەوە و زۆربەی ناوەندی تابلۆی پڕ دەكاتەوە، زۆر جار لە تابلۆكانیدا گیانداری دیكەش دەبنە هاوەڵی مرۆڤ. كەمتر رەنگی سادە و زەق بەكار دەهێنێت، پتر رەنگی مات، تاریك و خۆڵەمیشی لە نێو گوتاری دیدەیی خۆیدا جۆش دەدات.

لە رووی داڕشتنەوە بەرهەمی ئەم هونەرمەندە بە لای شێوازی گەورە شێوەكارانی رۆژاوای كوردستان و شێوەكارانی بەغدایی دەشكێتەوە، ئەمەش دوور نییە زادەی ژینگەی رۆژهەڵات و رەنگدانەوەی بێت لە نێو گوتاری دیدەیی ئەودا.

كاتێك لە شنگال داعش پەلاماری ئێزیدخانی دا، حوسێن كاكەیی هەر زوو كۆڕەوی كوردی شنگالی كردە تابلۆ، سەربڕینی چەند پێشمەرگەیەك لە لایەن چەكدارانی توندڕەوی داعشەوە، خنكانی ئایلان لە كەناری دەریای سپی و گەلێك بابەتی دیكەی مرۆڤانە، كە كورد كاراكتەری سەرەكییانە، لە لایەن ئەم هونەرمەندەوە كراونەتە گوتاری دیدەیی، بوونەتە گەواهیی ستاتیكی لە بارەی سەربردەی نەتەوەیەك دوو سەدەیە بە دوای بەدەستهێنانی ئازادی و سەروەرییەوەیە، تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە رشتەی زامەكانی نەتەوەیەك دەنووسنەوە.

هونەر بەدەم زامی مرۆڤەوە
Top