کوردانی ئێزدی بۆ چارەنووسی رفێندراوەكانیان له‌ به‌غدا خۆپیشاندان دەكەن

کوردانی ئێزدی بۆ چارەنووسی رفێندراوەكانیان له‌ به‌غدا خۆپیشاندان دەكەن


وەکیلی میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان رایدەگەیەنێت كە هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن ئێزیدییەكانەوە هەیە کە فشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان تاوەكو چارەنووسی ئێزدییە ڕفێندراوەکان بزاندرێت.
میر جەهوەر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان ڕایگەیاندوە: كە کوردانی ئێزدی هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن لەم نزیکانە لە گۆڕەپانی فیردەوسی شاری بەغدا خۆپیشاندانێکی گەورە ئەنجام بدەن و مەبەست لەو خۆپیشاندانە ئەوەیە كە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ كارو هەوڵی جددی بدەن بۆ رزگاركردنی ئێزیدییە رفێندراوەكانی دەستی داعش.
هاوكات دەلێت لەو خۆپیشاندانەدا داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەین کە لەباتی گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش با ڕفێندراوە ئێزدییەکان ڕزگار بکەن کە تاکوو ئێستاش٥٠٠ ڕفێندراوی کوردی ئێزدی لەناو کەمپی (هول) دا ماون و هۆكاری رزگار نەكردنیان نازانن بۆچی دەگەڕێتەوە.
شایانی باسە، لە ساڵی 2014 لە هێرش و پەلاماری داعش بۆ سەر كوردانی ئێزیدی شەش هەزارو 417 کوردی ئێزدی لە شنگاڵ و سنوورەكەیدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندران، لە پاشان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نووسینگەیەکو بودجەیەكی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوەكان دامەزراوە، تاوەكو ئێستا(3) هەزارو (545) کەس لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە رفێندراوەكان ئازاد کراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی (2) هەزار و (872) کەس لە ڕفێندراوە ئیزدییەکان دیار نییە.
ئامادەكردنی: گوڵان: ساڵح عومەر

Top