بەهای دۆلار رووی لەهەڵكشان كردووە

بەهای دۆلار رووی لەهەڵكشان كردووە

لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 148800 بۆ 149.000 دینار فرۆشرا، ئەمەش بەرزترین نرخە كە لەدوای بڕیاری داشكانی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانیەكانی دیكە بەتایبەتی دۆلاری ئەمەریكی بانكی ناوەندی عێراق جێبەجێی كردووە. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدایە بەهای بەرمیلێك نەتیش رووی لەهەڵكشان كردووە، بەمەش حكومەتی عێراق توانی بڕە پارەیەكی باشی دەست بكەوێت و خۆی لە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بپارێزێت كە بەهۆی كورتهێنانی بودجەوە پێش دەركردنی بڕیارەكە دووچاری بوو. لەلایەكی دیكەوە هەڵكشانی بەهای دۆلاری ئەمەریكی دۆخێكی سستبوونی بازاڕ لێكەوتۆتەوەو بەهای زۆربەی كاڵاو كەلوپەلەكان و خۆراك رووی لەهەڵكشان كردووە، ئەمەش بۆ وڵاتێك كە رێژەی هەڵكشانی تێدا بەرزەو هەژاری لەئاستێكی مەترسیداردایە جێگای نیگەرانی یە. چاودێرانی ئابووری پێیان وایە داشكانی بەهای دینار بەڕێژەیەكی زۆر باش فریای حكومەتەكەی كازمی كەوت بەڵام زیانێكی گەورەی بە هەژاران و مووچەخۆران گەیاندووە و رێژەی هەڵاوسان وا ئاسان نییە بتوانرێت كەم كرێتەوەو تەنانەت دیناری عێراقی كە چەندین ساڵ بوو نرخەكەی سەقامگیر بوو لەئێستادا جۆرێك لەناسەقامگیری بەخۆوە بینیوە دوور نییە ئەگەر بانكی ناوەندی عێراقی چاودێری بازاڕەكان نەكات و چەند بڕیارێكی گرنگ لەبەرژەوەندی گەڕانەوەی بەهاكەی نەدات بەهاكەی زیاتر بێتە خوارەوە، ئەوەی دۆخەكەی زیاتر راگرتووە بەرزی بەهای بەرمیلێك نەوتە بۆ سەرووی 65 دۆلار .

Top