د. عەبدوڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی كاراي لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستاندا هەبووە

د. عەبدوڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی كاراي لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستاندا هەبووە


له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان كه‌ سبه‌ی ده‌قه‌كه‌ی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، د.عه‌بدوڵا مه‌لا وه‌یسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی له‌ كوردستان ده‌ڵێت: ئەركی ئێمەیە وەكو مامۆستایانی ئایینی و شەریعەت و شێخانی تەریقەت و پسپۆڕانی تەریقەت هەوڵی ئەوە بدەین ئەم پێكەوەژیانە بپارێزین، بۆ ئەمەش گەنجەكان و نەوەی نوێ و منداڵەكانمان بە راهێنان و وتار و لە مینبەری مزگەوتەكان و لەناو كەناڵەكانی راگەیاندن و لە قوتابخانەكان لەسەر ئەم كەلتوور و نەریتە پیرۆز و گەورەیەی پێكەوەژیان رابهێنین و، رێگە نەدەین بیری توندوتیژی و دەمارگیریی و دوور لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی ئیسلامەوە بێتە ناو هزری نەوەكانمان. ئەم بابەتە دەبێت لە راگەیاندن و قوتابخانەكان زیاتر گرنگی پێ بدرێت، هەروەها دەبێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ مەرجەع و كەسایەتییەكانی ئایینی دیكە هەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوە لە هەرێمی كوردستان كار بۆ پێكەوەژیان بكەین و، لەكاتی كەوتنەوەی هەر درز و كەلێنێكدا پێكەوە چارەسەری بكەین، چونكە ناحەزانی گەلەكەمان زۆرن و دەیانەوێت ئەو كەلێنە لە نێوان پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینیەكاندا دروست بكەن. من پێم باشە هەرچی مەنهەج و پرۆگرامەكان هەیە كە تەركیز لەسەر ئایینەكان دەكات، گرنگی بە پێكەوەژیانی تێدا بدرێت و رێگە نەدەین توندڕەوی لە ئاییندا سەرهەڵبدات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی بۆ گوڵان سه‌باره‌ت به‌ گرنگی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان ، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی ده‌ڵێت: جیا له‌وه‌ی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام هاوكاربوون له‌ پاراستنی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیان و لیبورده‌ییه‌ ، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا جێگه‌ی خۆیه‌تی رۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی باس بكەم كە رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە پتەوكردنی بنەماكانی پیرۆزی ئیسلام و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و هاندەر بووە بۆ بڵاوكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیان، هەروەكو چۆن شێخ مەحموودی حەفید كە رۆڵێكی یەكجار جوان و گەورەی هەبووە لە پتەوكردنی پێكەوەژیان و رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی و لە ئێستاشدا رۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە بەدرێژایی مێژوو تاكو ئەمڕۆ رۆڵێكی كارایان هەبووە لە پاراستنی پێكەوەژیان لە كوردستاندا، تەنانەت منداڵەكانمان لە منداڵییەوە رادێنین بەوەی رێز لە هاوڕێكانی دیكەیان بگرن لە ئایین و ئایینزاكانی دیكە و بە هیچ شێوەیەك غەدریان لێ نەكەن. لە زۆر وڵاتی جیهانی ئیسلامی ئەو پێكەوەژیانە تەنیا دروشمە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان پێكەوەژیان بووەتە واقیعێك و هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئەم واقیعە سەلمێندراوە و كاتێك داعش غەدری لە برا ئێزدییەكان و مەسیحییەكان كردو ئێزدییەكانی كۆمەڵكوژ كرد و مەسیحییەكانی ئاوارە كرد، موسڵمانانی كورد هاوخەم بوون و بگرە لەپێناویاندا چەندین شەهیدیان دا و كوردستان بووە پێگەیەك بۆ هەموو ئەوانەی زوڵم و تەعدایان لێ كراوە.

Top