ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە کۆبوونەوەی ١٠ / ٣ / ٢٠٢١ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێمان دراوە، لەدوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا ، بریارمان دا بە :
١- دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی - ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن .
٢- پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن .
٣ - لە حاڵەتی توشبون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان ، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.
٤- بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن ، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن.
٥- وەزارەتی پەروەردە ، وێڕای سوپاسی بۆ هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەرێزانەی ڕۆلیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گروپەکانی تیلگرام و ڤایبەر و .... هتد ، وا پێویست دەکات بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە ، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە کە پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان، کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت ناردراون، لەم ڕوانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٥ ی ٥ی ٢٠٢١
Top