پەرلەمانتار شێروان دووبەردانی: دوای جەژن حكومەتی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە مووچەو بوودجەی 2021 دەنێرێت

پەرلەمانتار شێروان دووبەردانی: دوای جەژن حكومەتی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە مووچەو بوودجەی 2021 دەنێرێت


فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند كە حكومەتی فیدرال دوای پشووی جەژن شایستە داراییەكان لە مووچەی فەرمانبەران، هەروەها پشكی لە بوودجەی 2021 ڕەوانە دەكات.
شێروان دووبەردانی پەرلەمنتار لە فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە كرد كە لیژنەی تەكنیكیی هاوبەش كە بۆ بەدواداچوونی بەندەكانی ڕێككەوتنی بەغداو هەولێر پێكهێنراوە، بەردەوامە لە ئیش و كارەكەی بۆ جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكە و ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021دا هاتووە.
دووبەردانی دەشڵێت بەپێی زانیارییەكان دوای جەژن شایستەی مووچەی فەرمانبەران و پشكی هەرێم لە یاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەنێردرێت, ڕوونیشی كردەوە كە پشكی هەرێمی كوردستان یان بەیەك جار دەنێردرێت یانیش بە پێی چەندین جار دەبێت و ئەمەش لیژنەی تەكنیكی بڕیاری لێ دەدات، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق.
شایانی باسە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی دیدارێكی ڕۆژنامەنووسیدا لە 9ی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئێستا بەغدا لە قۆناغی كۆتاییدایە بۆ بڕیاردان لەسەر دابەشكردنی سێكتەرەكانی ئەو ڕێككەوتنەو پشكی كوردستانیش بەم زوانە دەگاتە هەولێر.


گوڵان- بەهادین جەلال
Top