جينين بلاسخارت: ڕێككەوتنی شنكال جێبەجێ نەكراوەو كەركووكیش پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە

جينين بلاسخارت: ڕێككەوتنی شنكال جێبەجێ نەكراوەو كەركووكیش پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە

جينين هينيس بلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای زیاتر چڕكردنەوەی ناوبژیكردنی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا و جێبەجێ كردنی بەندەكانی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021.
بلاسخارت لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا چەندین پرسی خستەڕوو لەوانە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ڕێككەوتنی شنگال و پەیوەندییەكانی هەولێر- بەغداو گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆخی كەركووك و بودجەو زۆری دیكەش.
سەبارەت بە هەڵوێستی كورد بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتن و سازان لەگەڵ بەغداد، بلاسخارت گوتی: ئاواتەخوازم كە هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم بارەوە ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە. بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە بۆ بەهێزكردن و زیاتر لێك نزیككردنەوەی بەغداو هەولێر پێویستە بە پەلە دیالۆگێكی ستراتیژی بەردەوام لە نێوانیاندا هەبێت.
سەبارەت بە كەركووك، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە دا كە وا بۆ دوو ساڵ دەچێت لەسەر هێڵین بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی ئەم شارە، دەشڵێت من پێم وایە خەڵكی كەركوك شایانی ئەوەن بە تەبایی و ئارامی بژین.
بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە شنگال بلاسخارت ڕوونی كردەوە كە نوێنەرانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ بەئاكام گەیاندنی ڕێككەوتنەكە كە لە تشرینی یەكەمی پاردا واژۆكرا، بەڵام تا ئێستا هیچ بەندێكی لێ جێبەجێ نەكراوە، كە ئەمەش پرۆسەی بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی شارەكەی ڕاگرتووە، هیواشی خواست هەردوو لا زیاتر خەمی لێ بخۆن و ڕێككەەتنەكە بگاتە ئەنجام.

گوڵان- بەهادین جەلال
Top