مه‌ترسی تیرۆریستانی داعش رۆژ له‌دوای رۆژ رووی له هه‌ڵكشانه و ، ئه‌م مه‌ترسیانه‌ش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منیه‌ن كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ناو جێناكۆكه‌كان دروست بووه و، له ئێستادا كاری جدی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی 6 بنكه‌ی ئۆپه‌راسیونی هاوبه‌ش له نێوان سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دروست بكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه پڕبكرینه‌وه كه ئێستا تیرۆریستانی داعش هاتوچۆی تیدا ده‌كه‌ن و خۆیان ریكده‌خه‌نه‌وه و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق. سه‌باره‌ت به‌م پرسه به‌رێز سیروان بارزانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری مه‌خمور- كوێر له لیدوانیكیدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاند، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كات ئاسانكاری و ئاماده‌باشی پیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش له ناوچه جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و بنكه‌ی ئۆپه‌راسێۆنی هاوبه‌شیان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م كاره له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه كه‌مته‌رخه‌می تیاكراوه، به‌ڵام له چه‌ند رۆژی رابردوو و دوای سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ به‌غدا ، گه‌یشتوونه ئه‌و ئاكامه‌ی كه شه‌ش بنكه‌ی هاوبه‌ش له هه‌ریه‌ك له هه‌ولێر و دیالی و مه‌خمور و كه‌ركوك و موسڵ و به‌غدا دروست بكرێت، به‌ڵام تائیستا ته‌نیا بێجگه له هه‌ردوو بنكه‌ی هاوبه‌ش له هه‌ولێر و به‌غدا، چواره‌كه‌ی دیكه دروستنه‌كراون.
جێگه‌ی ئاماژه پێكردنه وه‌ك سه‌رۆك بارزانی له دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌مریكی راشكاوانه ئاماژه‌ی پێكرد، ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی تیرۆریستانی داعش هه‌تا ئێستا له عێراقدا چاره‌سه‌ر نه‌كراون، بیگومان ئه‌و هۆكارانه‌شی كه ریگرن له‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پێكه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش دژی تیرۆریستانی داعش ئه‌نجامبده‌ن، دیسان هۆكاری سیاسین و هه‌تا ئێستا حكومه‌تی عێراق به‌ته‌واوه‌تی بۆی چاره‌سه‌ر نه‌كراون