سەرۆك كۆماری عێراق بۆ (بەیروت ئینستیتیوت): زیاتر له‌ جارێك سعودیه‌و ئێران له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

سەرۆك كۆماری عێراق بۆ (بەیروت ئینستیتیوت):  زیاتر له‌ جارێك سعودیه‌و ئێران له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌


بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی بەشداری كردنی لە گفتوگۆیەكدا كە (بەیروت ئینستیتیوت) بە ڕێگای(زوم)ەوە لەگەڵیدا سازی كردبوو، دووپاتی كردەوە كە گەڕێكی گفتوگۆی نێوان ئێران و سعودیە لە عێراق بەڕێوەچووە. ڕوونیشی كردەوە كە عێراق دەتوانێت ڕۆڵی نابژیوان ببینێت و هەمیشە سەرچاوەی سەقامگیری بووە.
دكتۆر بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆكەدا باسی لەوە كرد كە بەغداو واشنتۆن نایانەوێت بنكەی هەمیشەیی هێزەكان لە عێراق بمێنێتەوە، ئاماژەشی بەوە كرد كە كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەندە بە توانای هێزە عێراقییەكان لە شەڕی دژ بە تیرۆیستانی داعش.
سەبارەت بە بوونی ئێرانیش گوتی: بە ڕاشكاوی دەیڵێم ئێران دراوسێمانە و لە كاتی هەستیاردا یارمەتی داوین كاتێك كە داعش پەلاماری خاكی عێراقی دا، بۆ ئەمەیان زۆر سوپاسیان دەكەین، بەڵام مەسەلەی سەروەریی خاكی عێراق و هەبوونی سەربازیی بیانی ئەمەیان دەبێت عێراقییەكان بڕیاری لێ بدەن.
سەبارەت بە حەشدی شەعبی سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند: حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی عێراقییەو لە پەرلەمان شەرعییەتی وەرگرتووە و بەشێكە لە دامەزراوەی ئەمنیی عێراق، بەڵام هەندێك گرووپ لە دەرەوە چالاكی دەكەن، وەك ئەوانەی لەناو سووریان كە نوێنەراەتیی حكومەتی عێراق ناكەن.



گوڵان – بەهادین جەلال
Top