سه‌رۆك بارزانی بۆ شاندی ئه‌مریكی: ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ هۆكاری ده‌ركه‌وتن و به‌هێزبوونی تیرۆریستانی داعش چاره‌سه‌ر نه‌كراون

سه‌رۆك بارزانی بۆ شاندی ئه‌مریكی: ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ هۆكاری ده‌ركه‌وتن و به‌هێزبوونی تیرۆریستانی داعش چاره‌سه‌ر نه‌كراون

دوێنێ چوارشمه‌ سه‌رۆك مسعود بارزانی له‌ باره‌گای تایبه‌تی خۆی " باره‌گای بارزانی" له‌ هاوینه‌هه‌واری پیرمام پێشوازی كرد له‌ شاندێكی هاوبه‌شی كۆشكی سپی و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری ئه‌مریكا و رێكخه‌ری كاروباری ئه‌منیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكوری ئه‌فریقیا و گه‌وره‌ راویژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی ئه‌مریكا و چه‌ند راویژكارێكی دیكه‌ ئه‌مریكا .
له‌م دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی وێرای پیشاندانی سوپاسگوزاری خۆی بۆ رۆڵی ئه‌مریكا پیشاندا كه‌ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ دابینكردنی نه‌وای ئارام بۆ گه‌لی كوردستان و، هه‌روه‌ها كه‌ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆریستی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق گێراویه‌تی.
سه‌رۆك بارزانی له‌م دیداره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ، سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆریستانی داعش و به‌هێزبوونی ئه‌م ریكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ ، ده‌رهاویشته‌ی چه‌ندین هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌بووی پرۆسه‌ی سیاسیه‌ له‌ عێراقدا و هەڕەشەی تیرۆر و داعش لە عێراق و ناوچەكەدا هەر ماوە، چونكە ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی دەركەوتن و بەهێزبوونی داعش هێشتا چارەسەر نەكراون.
ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌ شاندی میوانی راگه‌یاند، ده‌سنیشانكردنێكی لۆژیكانه‌یه‌ و ئه‌و مانایه‌ ده‌گه‌یه‌نیت كه‌ شه‌ڕی دژی داعش ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ هێرشی سه‌ربازی ئاسمانی و زه‌مینی و هه‌واڵگری، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر هه‌موو بمانه‌وێت ره‌گ و ریشه‌ی تیرۆر و توندرویی داعش له‌ عیراق هه‌ڵبكێشین ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و هۆكارانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ بوونه‌ هۆكاری ده‌ركه‌وتن و به‌هێزبوونی ئه‌م ریكخراوه‌ تیرۆریستی یه‌.
Top