سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆرد جێفری ئارچەر دەكات
لە دیدارێكدا ، سەرۆك بارزانی هەڵوێستەكانی لۆرد جێفری ئارچەری بەرزنرخاند سەبارەت بە پشتگیریكردنی گەلی كوردستان بە تایبەتی لە كۆڕەوە مەزنەكەی ساڵی 1991.
هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو دەستكەوتانە كرد كە پاش رووخانی رژێمی پێشوو و رزگاربوون لە دكتاتۆریەت گەلی كوردستان وەدەستی هێناون و راشیگەیاند كە ئەو دۆستانەمان كە دەستی یارمەتیان درێژكردووە بۆ گەلەكەمان لە رۆژە سەختەكاندا جێی رێز و پێزانینی گەلەكەمانن.
لە لایەن خۆیەوە لۆرد جێفری ئارچەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو دەستكەوتانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەدیهاتووە و دووپاتیكردەوە كە هەمیشە دۆستێكی بەوەفا دەبێت بۆ گەلی كوردستان.
هەر لە دیدارەكەدا ، بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕكران سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆلییەكانی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و گەلی بەریتانیا و پێویستی بەرەوپێشچوون و فراوانكردنی ئەو پەیوەندییانە و تیشكیش خرایەسەر دوا پەرەسەندنەكانی رەوشی سیاسی عیراق و ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.