ئەركی سەرەكیی زانكۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیە نەك دۆزینەوەی كار بۆ خەڵك

ئەركی سەرەكیی زانكۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیە نەك دۆزینەوەی كار بۆ خەڵك
كاتێك دێینە سەر باسی گرنگیی زانكۆ و ئەركە بنەڕەتییەكانی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دامەزراندنی یەكەم ئەكادیمیای زانستی لە سەردەمی یۆنان، كە ئەویش 300 ساڵ پ.ز بووە. لەسەر باكگراوەندی ئەم مێژووە گرنگە ئەو پرسیارە بكەین، ئامانجی ئەفلاتوون لە دامەزراندنی ئەم ئەكادیمیایە چی بوو؟ بێگومان تەنیا ئامانجی ئەوە بوو، ئەو كەسانە لەو ئەكادیمیایە بخوێنن، كە حەزیان لە لۆژیك و مەعریفەیە، بۆ ئەوەی مەعریفەی تازە بەرهەم بهێنن، ئەمە پێمان دەڵێت، بناخەی دامەزراندنی ئەكادیمیای زانستی تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، نەك بەرهەمهێنانی كارمەندی تەكنۆكرات، یان هەوڵبدات كاریان بۆ بدۆزێتەوە. پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە بەرهەمهێنانی مەعریفە سوودی چییە؟ بێگومان ئەگەر توانیمان مەعریفە بەرهەم بهێنین، ئەوا ئەو مەعریفەیە لێهاتوویی بۆ قوتابی دروست دەكات و، بەپێی لێهاتوویی خۆی لە كۆمەڵگە كار دەدۆزێتەوە، راشكاوانەتر لێهاتوویی مەعریفە كار دەدۆزێتەوە، نەك دەرچوواندنی ئەكادیمی كە كەموكورتی لە هەموو بوارەكانی مەعریفەدا هەیە و، نەیتوانیوە كادرێكی تەكنۆكراتی زانستی و لێهاتوو بەرهەم بهێنێت.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بەراوردێك لەنێوان فەلسەفەی خوێندنی باڵا و فەلسەفەی حكومەتی هەرێم بۆ خوێندنی باڵا بكەین، دەبینین دابڕان و هاودژییەكی گەورە هەیە و، لەگەڵ بنەما فەلسەفییەكەی ئەكادیمیا یەك ناگرێتەوە، هەر ئەمەش وای كردووە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە كوردستان بوونە ئامرازێك بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ خەڵك بدۆزێتەوە، لە راستییشدا ئەمە كاری گەوهەربی هیچ زانكۆیەك نییە.
ئەمڕۆ جیهان بە خێراترین پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زانست تێ دەپەرێت و، ئەگەر ئێمە بمانەوێت لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە هاوشان بڕۆین (كە زۆر زەحمەتە بتوانین)، ئەوا دەبێت لە بوارەكانی زانستە سرووشتییەكان (فیزیا، كیمیا، بایۆلۆژی و.. هتد)، هەروەها لە بواری زانستە مرۆییەكان (یاسا، سیاسەت، كۆمەڵناسی و.. هتد)، مەعریفە بەرهەم بهێنن، ئەو كات دەتوانین نەخشەیەكی سیاسی و تەكنەلۆژیی ئەوتۆ دابڕێژین، كە بتوانین لەگەڵ ئەم پێشكەوتنە خێرایە مامەڵە بكەین.
دیسان ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا زانكۆكانی كوردستان چ كادرێكی تەكنۆكراتی زانستی لە هەموو بوارەكانی ژیان پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: بێگومان ئەو كادرانە پێشكەش دەكات، كە «لێهاتوویی مەعریفەی زانستیان» ناتەواوە، یان توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەیان نییە، بۆ ئەوەی لە كارەكانی خۆیان سەركەوتوو بن. هەر بۆ نموونە پزیشكێك بەرهەم دەهێنێت، توانای مەعریفی لەو ئاستە نییە كە وەك پێویست دەستنیشانی نەخۆشییەكان بكات و، چارەسەری گونجاوی بۆ هەڵبژێرێت، مافناسێك بەرهەم دەهێنێت كە توانای تەفسیری دروستی بۆ یاساكان نییە، ئەندازیارێك بەرهەم دەهێنێت، كە نەتوانێت پڕۆژەیەك بە سەركەوتوویی ئیدارە بدات، ئەمە بۆ هەموو بوارەكانی دیكەش، هەر بۆیە ئێستا كە سەیری كۆی جومگەكانی دامەزراوەكانی حكومەتی خۆمان دەكەین، دەبینین لەبەر ئەوەی نەتوانراوە كادرێكی تەكنۆكراتی زانستیی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێن كە «لێهاتوویی مەعریفەی زانستی» هەبێت، ئەوا وەك لەبەر چاوە، سڕبوون و سستییەك بە هەڵسووڕانی دامەزراوەكان دەبینین، وەك ئەوەی بڵێین دووچاری شەلەل بووە. لە هەموو ئەم دەرهاویشتە خراپانەی نەبوون و بەرهەمنەهێنانی مەعریفەش، زەرەرمەندی یەكەم هاووڵاتیانی كوردستانن.
لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە وەك پێوەر ئەرك و ئاستی زانكۆی پێ هەڵبسەنگێندرێت، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە: ئایا شوێنی راستەقینە بۆ كارەكانی زانكۆ كوێن؟ یان ئایا زانكۆ دەیەوێت لەناو چ ژینگەیەك كار بكات؟ بێگومان زانكۆكانی جیهان پێمان دەڵێت، شوێنی راستەقینەی كاری زانكۆ كێشەكانی كۆمەڵگەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی «كۆمەڵگە بەردەوام لە جووڵە و گۆڕانكاریدایە»، ئەوا دەبێت، زانكۆش دینامیكی بێت، نەك تەنیا هاوشان لەگەڵ «جووڵە و گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە»، بەڵكو دەبێت پێش جووڵە و گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە بكەوێت و، ئەو دەرهاویشتە نەرێنییانە دەستنیشان بكات، كە لەو جووڵە و گۆڕانكارییانە دێنە ئاراوە و، چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەك چۆن ئێستا زانكۆكانی جیهان و ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان پێشبینییەكانی خۆیان بۆ جووڵە و پێشكەوتنەكانی 10-25 ساڵی داهاتوو دەخەنە روو، واتە لە ئێستاوە كار بۆ دەستنیشانكردنی ئەو دەرهاویشتە نەرێنییانە دەكەن و چارەسەری پێشوەختەی بۆ دەدۆزنەوە.
لایەنێكی دیكە كە دیسان بە كەموكورتی بۆ ئاستی زانكۆكانی خۆمان هەژمار دەكرێت، فەرامۆشكردنی توێژینەوەی زانستییە و هیچ هاندانێك، یان فەندێك تەرخان ناكرێت بۆ ئەوەی توێژینەوە زانستی سەنگین بە مەعریفە بەرهەم بهێندرێت، ئەمە لە كاتێكدا لە زۆر لە گۆڤارە بەناوبانگەكانی جیهان كاتێك پڕۆفیسۆرێك توێژینەوەیەك بڵاو دەكاتەوە، دەنووسێت لەلایەن فڵان دامەزراوە، یان كۆمپانیا فەندی ئەم تویژینەوەیە دابین كراوە.
ئەم ئەركە قورسەی لەسەر شانی زانكۆیە، فەرزی دەكات، كە دەبێت زانكۆ پڕۆگرامێكی ئەكادیمی هەبێت، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامە ئەكادیمیە «كادری تەكنۆكراتی زانستی و لێهاتوو» دروست بكات، هەر بۆیە كاتێك زانكۆ پڕۆگرامێكی ئەكادیمی خراپی هەبێت، ئەوا كادری تەكنۆكراتی خراپ لە هەموو بوارەكان پێشكەش دەكات، كاریگەریی خراپیش لەسەر كۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت.
لە كوردستاندا زانكۆی دەستەبژێر بوونی نییە
بیرمەندێكی ستراتیژی وەك جۆزیف نای، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە ورووژاندوویانە، بەوەی ئایا سەدەی 21، سەدەی ئەمریكا دەبێت، یان چین؟ لە وەڵامدا نای دەڵێت: «سەدەی 21یش هەر سەدەی پێشكەوتنی ئەمریكا دەبێت، لەبەر ئەوەی لەكۆی دە زانكۆی لوتكە لە جیهاندا شەشیان زانكۆكانی ئەمریكان.»
ئەم قسەیەی جۆزیف نای ئەوەمان پێ دەڵێت: ئەگەر كۆمەڵگەیەك خاوەنی زانكۆی باش بێت، ئەوا بە ئاستی كێشە گەورەكان، زانكۆكان چارەسەری گەورە دەدۆزنەوە و كێشەی كۆمەڵگەی خۆیانی پێ چارەسەر دەكەن.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر لە خۆمان بپرسین: ئایا زانكۆكانی كوردستان لە كام ئاستن؟ یان ئایا ئێمە پێویستمان بە چ جۆرە دامەزراوەیەكی ئەكادیمی هەیە؟
پسپۆران و بیرمەندان زانكۆ بە دوو جۆر پۆلێن دەكەن:
1- زانكۆی جەماوەری.
2- زانكۆی دەستەبژێر.
لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە كوردستان خاوەنی زانكۆكانی (ئەمریكی لە دهۆك، كوردستان لە هولێر، ئەمریكی لە سلێمانی) كە بە حیساب دەبوو ئەم سێ زانكۆیە زانكۆی دەستەبژێر بن، بەڵام نەیانتوانیوە تا ئێستا رۆڵی زانكۆی دەستەبژێر ببینن لە چوارچێوەی پێوەرەكانی (تایمز و شنگهای) بۆ زانكۆكانی جیهان، كەواتە ئێستا ئێمە لە كوردستان خاوەنی یەك جۆر زانكۆین كە ئەویش «زانكۆی جەماوەری»یە، ئەمەش ئیشكالیەتێكە پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە و، دەپرسین: پێویستمان بە چییە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: «پێش هەموو شت پێویستمان بە یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەیە، نەك یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەگەر یاسای «خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی»یمان هەبێت، ئەم یاسایە یاسایەكی گشتگیر دەبێت و، هەموو پرسە فرە رەهەندەكانی و ئەركەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێك دەخات، لە بەرامبەردا یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كاری وەزارەتەكەی خۆی رێك دەخات و، نایەتە ناو فەلسەفەی خوێندنی باڵا، بەڵكو فەلسەفەی خوێندنی باڵا لە یاسای خوێندنی باڵادا دەستنیشان دەكرێت و، زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكانیش بۆ نموونە «نەمسا، بەر‌یتانیا» فەلسەفەی خوێندنی باڵایان لە یاسای خوێندنی باڵا دیاری كردووە.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر سەیری ئەو دەرهاویشتە خراپانە بكەین كە لە نەبوونی یاسای «خوێندنی باڵا» دروست بوون، ئەوا وەك دەبینین جۆرێك لە پاشاگەردانیی بڕیاردان، بێ دیقەتی، بێ موناقەشە، لەناو كۆمەڵگەی ئەكادیمیی ئێمە بوونی هەیە، بۆ نموونەش ئەگەر سەیری پڕۆگرامی تواناسازی بكەین، كە پڕۆگرامێكی زۆر گرنگ بوو، پێویست بوو سوودێكی زۆری لێ وەربگرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی «پەلە لە پڕۆگرامەكە و بەپەلەپەل كاندیدەكانیان بۆ ئەو پڕۆگرامە دەستنیشان كرد»، وێڕای ئەوەی بودجەیەكی زۆریشمان بۆ تەرخان كرد، بەڵام نەمانتوانی سوودێكی ئەوتۆی لێ وەربگرین.
چەسپاندنی پێوەرەكانی دیموكراتی لە زانكۆكاندا
پابەندبوونی زانكۆ بە پێوەرەكانی دیموكراتی خاڵێكی گرنگە و دەبێت زانكۆكان لەو ئاستەدا بن كە بتوانن پێوەرەكانی دیموكراتی لەم بوارانە پیادە بكەن:
1- هەڵبژاردنی سەرۆك زانكۆكان، راگرەكان، سەرۆكی بەشە زانستییەكان، بە هەڵبژاردن.
2- لەدوای وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلێژەكان، قوتابی ئازاد بێت لەوەی لە چ بە شێك دەخوێنێت.
3- قوتابی ئەو مافەی هەبێت، كۆلێژ بە چەند ساڵ تەواو دەكات، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر قوتابی چەندین ساڵیش لە خوێندن داببڕێت و پاشان خوێندنەكەی تەواو بكات، پرانسیپی فەسڵكردن لە زانكۆ نەبێت، لەمەش گرنگتر نووسی غیاب نەبێت، بەڵام سەرەنجام قوتابی دەبێت بە ستاندەری زانكۆ لە تاقیكردنەوەكانی سەركەوتوو بێت.
4- گرنگە شێوازی تاقیكردنەوەی قوتابیان بەشی هەرە زۆری «زا‌رەكی» بێت، ئەمەش جۆرێكە لە دەركەوتنی لێهاتوویی قوتابیان، كاتێك راستەوخۆ پڕۆفیسۆرەكەی تاقی دەكاتەوە.
لە چوارچێوەی ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێكردن، سەبارەت بە خاڵی یەكەمیان كە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی زانكۆ و راگر و سەرۆكی بەشە زانستییەكانە، ئەمە تەنیا لە ساڵی 1993 لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (ئەو كات تەنیا زانكوی سەلاحەدین هەبوو)، سەرۆكی زانكۆ و راگر و سەرۆك بەشەكان بە هەڵبژاردن بووە و، پڕۆفیسۆر د.بەهرام خدر مەولوود یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی زانكۆی سەلاحەدین بوو، ئەم حاڵەتە ئەگەر بەردەوامی هەبێت، جۆرێك لە تایبەتمەندی و سەربەخۆیی بەكاری زانكۆكان دەبەخشێت، سەبارەت بە خاڵەكانی دیكەش وەك دەبینین هیچ كام لەو خاڵانە لە زانكۆكانی كوردستان بوونی نییە.
لەسەر ئەم بنەمایە كاتێك سەیری ئاستی زانكۆكانی كوردستان دەكەین لەبەر رۆشنایی پێوەرەكانی (تایمز و شانگهای) بە هەر سێ زانكۆی (ئەمریكی لە دهۆك، كوردستان لە هەولێر، ئەمریكی لە سلێمانی) هیچیان ناكەونە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی ئەم پێوەرانە، ئەوجا گرنگ نییە لە چ پلەیەكدا دەبن.







(*) تایبەت بۆ گوڵان نووسیویەتی
Top