پرسی ژینگە وەك خەمێكی نەتەوەیی

پرسی ژینگە وەك خەمێكی نەتەوەیی


ئەگەرچی خەمی ژینگە لە بنەڕەتدا خەمێكی ئینسانی و سەرتاسەریی جیهانییە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی ستەمكارانەی داگیركارانەوە، سەدان ساڵە ژینگەی كوردستانیش وەك دانیشتووانەكەی بەردەوام كەوتوونەتە بەر شاڵاوی تێكدان و پیسكردن، بۆیە پرسی ژینگە وەك خەمێكی نەتەوەیی پێویستییەكی سەردەمە و زۆر ئامانجی مەزن لەخۆ دەگرێت، وەك:
1. داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە و گەشەپێدان بە كواڵێتیی ژیانی دانیشتووان، بە بەشداریی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیان.
2. گرێدانی كۆنفڕانسێكی نەتەوەیی ژینگەیی.
3. كاركردن بە چەمكی گەشەپێدانی بەردەوام و نەخشەكێشان بۆدانانی سیاسەت و پلانێكی ژینگەیی، بە هاریكاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ چەسپاندنی مافی ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەتدا.
4. بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پشتبەستن بە چەمكی ئابووریی سەوز و تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە.
5. كاركردن بە سیستمی ریسایكڵینگ بۆ رزگاربوون لە پاشەڕۆ و خاشاك، بە مەبەستی دووبارە بەكارهێنانەوەیان.
6. ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی بۆ گشت پڕۆژەكان.
7. ئەنجامدانی ڕووپێوێكی ژینگەیی بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی زانیاریی ژینگەیی و دیاركردنی نەخشەی شوێنە پیسبووەكان و پاشماوە مەترسیدارەكان.
8. بایەخدان بە بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جەنگ و هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كە لە ژینگەی كوردستان كەوتوون.
9. پاراستنی زیندە جۆرەكان (بایۆدایڤێرسیتی) و، دامەزراندنی ناوچە پارێزراوە سرووشتییەكان.
10. هاوكاریكردن لەگەڵ دامەزراوە ژینگەییە جیهانی و هەرێمایەتییەكان.
11. هەوڵدان بۆ پاراستنی ناوچە سرووشتییەكان و شوێنەوارە كولتوورییەكان، لە چوارچێوەی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان.
12. چاوخشاندنەوە بە دیزاین و ماستەرپلانی شارەكاندا لە رووی پێداویستییەكانی دانیشتووان و پاراستنی ژینگەدا و، پشتگیریكردنی پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ گوندەكان.
13. پاراستنی سامانە سرووشتییەكان و بەكارهێنانیان بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی ئێستای هاووڵاتییان و نەوەكانی ئایندە.
14. كاركردن بۆ بەردەوامیی هەڵمەتی سەوزكردن و نەمام چاندن .
15. واژۆكردنی پەیماننامەیەكی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان، كە هەمووان بەشداری تێدا بكەن.
بێگومان بۆ ئەم ئامانجانەش زۆر میكانیزم پێویستن لە بواری:
یەكەم: قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگە و زانكۆكان:
1. پەروەردەی ژینگەیی لە باخچەی ساوایان و ناوەندكانی خوێندن و خوێندنی باڵادا بخوێندرێت.
2. ئامادەكردنی باس و توێژینەوەی تایبەت بە ژینگە لەلایەن زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستانەوە و، بایەخدانی زیاتر بە ماستەرنامە و دكتۆرانامەی بەدەستهێنراو لە بواری ژینگەدا.
دووەم: میدیاو هۆكارەكانی راگەیاندن:
1. ئامادەكردن و پێشكەشكردنی زیاتری بەرنامە ژینگەییەكان، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی.
2. بایەخدان بە دەستخستن و دەرخستنی زیاتری زانیاری لەبارەی ژینگەی كوردستانەوە.
3. هاوكاریكردن لەگەڵ زانایانی ئایینیدا بۆ تێهەڵكێشكردنی بابەتی ژینگەپارێزی لەگەڵ وتارە ئایینییەكاندا.
سێیەم: رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بە ژینگە بۆ:
1. دامەزراندنی فیدراسیۆنی ژینگەپارێزانی كوردستان .
2. چەسپاندنی چەمكی كاری خۆبەخشی لە بواری ژینگە پارێزیدا.
3. كردنەوە و كاراكردنی پەیج و سایتی ئەلیكترۆنی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە.
چوارەم: كەرتی تایبەت
1. بەخشینی ئارەزوومەندانەی بەشێك لە یارمەتییە داراییەكانیان وەك سپۆنسەر بە رێكخراوە ژینگەییەكان.
2. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كارگەی تایبەت بە ریسایكڵینگ و پڕۆژەكانی دۆستی ژینگە.
پێنجەم: حزبە سیاسییەكان:
1. جێكردنەوەی بابەتی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكاندا.
2. تەرخانكردنی بەشێك لە چالاكییەكانی ساڵیاد و بۆنەی حزبەكان بۆ هۆشیاریی ژینگەیی.
شەشەم: پەرلەمانتاران:
1. جەختكردنەوە لەسەر پێكهێنان و كاراكردنی لیژنەی ژینگە لە پەرلەماندا.
2. پشتگیریكردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی كە لە بەرژەوەندیی پاراستن و چاككردنی ژینگەدان.
3. چاودێریكردنی وردی چالاكییەكانی هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەت لە رووی ژینگەوە.
حەوتەم: حكومەت:
1. بایەخدانی زیاتر بە وەزارەت، یان دەستەی ژینگە، بۆ باشتر جێبەجێكردنی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە.
2. كاراكردنی سندوقی پاراستنی ژینگە.

Top