هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی میدیاكاران لە بواری كاری ژینگەیی

هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی میدیاكاران لە بواری كاری ژینگەیی

پێدانی ناسنامەیەكی تایبەت و سەربەخۆ بە میدیای ژینگەیی وەك ناسنامەی میدیای سیاسی، یان ئابووری، یان هونەری، یان وەرزشی، پێویستی بە چەند مەرجێكی بنەڕەتی هەیە، لەوانە:
1. هەبوونی دامەزراوەیەكی میدیایی تایبەت بە خۆی.
2. هەبوونی میدیاكارانی پڕۆفیشیناڵ و پسپۆڕ لە بواری ژینگەدا.
3. توانای كارتێكردن لەسەر تێڕوانینی تایبەت بەپرسی ژینگە.
گرفت و ئاستەنگە گشتییەكان
1. نەبوونی ستراتیژییەتێكی میدیایی تایبەت بە ژینگە، لای دامەزراوە گەورە و سەرەكییەكانی میدیا.
2. لاوازیی پسپۆڕێتی و پڕۆفیشیناڵیی ژینگەیی لای زۆرینەی میدیاكاران.
3. لاوازیی زمانزانیی بیانی وەك زمانی ئینگلیزی، كە زۆربەی بابەتە نوێیەكانی ژینگە بەو زمانە بڵاو دەكرێنەوە.
4. گرانیی نرخ و تێچووی میدیای كاغەز.
5. كەمی، یان نەبوونی ئارەزو لای خوێنەران، بۆ باسی تایبەت بە ژینگە.
6. فەرامۆشكردنی باسی ژینگە لای زۆربەی كەناڵە میدیاییە بیستراو و نووسراو و بینراوەكان.
7. نەبوونی هۆكارە زانستییەكان بۆ پێوانی رای گشتی لەبارەی بایەخدان، یان بایەخنەدان بە میدیای ژینگەیی.
8. نەبوونی میدیای خاوەن نەفەسی درێژ و بەدواداچوون بۆ كێشە ژینگەییەكان، كە ئاسەوارەكانی لە چاو رووداوەكانی دیكەدا درەنگتر دەردەكەون.
گرفت و ئاستەنگە تایبەتەكان
1. نەبوون، یان كەمیی میدیاكارانی ژینگەیی پسپۆڕ لە بواری دۆزی ژینگەدا.
2. كەمیی پسپۆڕانی ژینگە لە بواری دەركەوتن لە بوارەكانی گەیاندن و راگەیاندن.
3. لاوازیی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری میدیای ژینگەییدا.
4. لاوازیی رۆڵی بڕیاربەدەست و لێپرسراوانی میدیایی لە بایەخدان بە ژینگە.
5. نەبوونی هاندەری ماددی و واتایی بۆ راگەیاندنكارە ژینگەییەكان.
6. نەبوون، یان كەمیی خولی میدیایی كارا بۆ پێگەیاندنی میدیاكاری ژینگەیی.
7. كەمتوانایی میدیاكاران لە پێشكەشكردنی باسەكانی ژینگە، بەشێوازێكی ورد و ئاسان لە یەك كاتدا.
8. پێشكەشكردنی هەواڵەكانی ژینگە وەك وەسف، نەك شیكردنەوەی قووڵ.
9. نەبوون، یان كەمیی داتاو ژمارە و زانیاریی ژینگەیی.
10. كەمیی سوودوەرگرتن لە هۆكارە نوێیەكانی گەیاندن.
هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی میدیاكاران لە بواری كاری ژینگەیی
1. پسپۆڕێتیی ژینگەیی تا رادەیەك شتێكی نوێیە لە نێو پسپۆڕێتییە زانستییەكاندا.
2. سرووشتی گرفتە ژینگەییەكان لە چاو خەمە سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكاندا، خەمی یەكەمی هاووڵاتیان نییە.
3. ئامادەكردنی باسە ژینگەییەكان كاتی زیاتری پێویستە لەبەر داتاو وردەكارییەكانی.
4. وروژاندنی باسە ژینگەییەكان كێشەی لێ دەكەوێتەوە لەگەڵ خاوەن بەرژەوەندییەكانی حكومیی كەرتی تایبەتدا.
5. بەرپرسانی نێو دەزگا میدیاییەكان كەمتر پەیامنێرەكانیان بۆ ریپۆرتاژی ژینگەیی دەنێرن.
6. تەرخان نەكردنی بەرنامە و لاپەڕە و گۆشەی تایبەت بە ژینگە لە هۆكارەكانی راگەیاندندا.
7. چڕكردنەوەی رۆڵی دەزگا حكومییەكانی پەیوەست بە ژینگە لە بواری كۆنفرانس و بەیاننامەو لێدواندا.
8. نەبوونی لێژنەی پەڕلەمانیی تایبەت بە ژینگە لە نێو پەڕلەماندا، یان تێكەڵكردنی ژینگە لەگەڵ تەندروستیدا وەك یەك لێژنە، كەزیاتر فۆكەسی لەسەر باسەكانی تەندروستییە نەك ژینگە.
9. نەبوونی بانكی زانیاریی ژینگەیی و داتا لە بەردەستی كارمەندانی هۆكارەكانی راگەیاندندا.
10 نەبوونی هەماهەنگیی و ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاریی ژینگەیی لە نێوان خەمخۆرانی ژینگەدا.
ئامانجەكانی گەشەپێدانی میدیای ژینگەیی
1. دروستكردنی هۆشیاریی ژینگەیی لای هاووڵاتییان و بەرپرسان.
2. گۆڕینی ئەو ستایل و نەریتانەی ژیان كە زیان بە ژینگە دەگەیەنن.
3. هەستكردنی هەستیارانەی تاك و كۆمەڵ بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ژینگەدا.
4. بڵاوكردنەوەی زانیاریی ژینگەیی لە هەمووانەوە بۆ هەمووان.
هۆكارەكانی گەشەپێدانی میدیای ژینگەیی
1. هاریكاریكردن لە نێوان سێكتەرە جیاوازەكانی وەك دامەزراوە گشتیی و ئەهلیی و زانكۆكان و سەنتەرەكانی توێژینەوەدا، بۆ گواستنەوەی ئەنجامی كارە ژینگەییەكانیان بۆ هۆكارەكانی راگەیاندن.
2. بوونی پلانێكی میدیایی ژینگەیی لای ئەو دامەزراوانەی لە خاڵی پێشوودا ئاماژەمان پێدان.
3. ئاگاداركردنەوەی بڕیاربەدەستانی دەزگاكانی راگەیاندن لەبارەی گرنگیی میدیای ژینگەیی.
4. گەیشتن بە لای كەمی پسپۆڕێتیی لە بواری میدیای ژینگەییدا.
5. كاركردن وەك یەك تیم لەلایەن رێكخراوەكانی تایبەت بە راگەیاندنی ژینگەیی.
6. ئاسانكردنی گەیشتنی میدیاكاری ژینگەیی بە زانیاری و راپۆرت و هەواڵە ژینگەییەكان.
7. بەگەورە تەماشاكردنی رای شەقام و وەرگرتنی بیروڕایان لە بارەی پرسە ژینگەییەكانەوە.
8. هەبوونی بەرنامەی ژینگەیی لە رادیۆ و تیڤی و رۆژنامەكان و، كردنەوەی ئەكاونت و پەیجی تایبەت بەژینگە.
9. بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكانی سەركەوتن و ئەزموونە سەركەوتووەكانی بواری ژینگە.
10. تەرخانكردنی خەڵاتێكی ساڵانە بۆ باشترین كاری بینراو و بیستراو و خوێندراوی میدیاكارە ژینگەییەكان.

Top