ئایندەی جیهان لەبەردەم سیستمی نوێی جیهانی چاوەڕوانكراودا

ئایندەی جیهان لەبەردەم سیستمی نوێی جیهانی چاوەڕوانكراودا

لیبڕاڵیزمی نێودەوڵەتی كە بە مانای بەشداربوونی هەموو وڵاتانی زلهێزە، دەبێت لانیكەم بە شێوەیەكی گریمانەییش بێت، هەموو وڵاتانی تێدا بێت، كە دوای جەنگی سارد ئەمریكا و رووسیا سەركردایەتییان دەكرد. قۆرخكاریی لە سەركردایەتیكردنی ئەم سیستمە لیبڕاڵییە جیهانییە دروست بوو. ئەمڕۆ رووسیا كێشەی دیمۆگرافی و پترۆدۆلار و گرفتەكانی دیكەی پاشەكشەی لەو سەركردایەتییەی لیبراڵیزمی جیهانییە بۆ دروست كردوون، ئەمریكاش بەهۆی سەرقاڵبوونی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵە گەورەكەی كە لە سەردەمی حوكمڕانیی ترەمپدا كە هیچ ئاگایەكی لە چین نەما و بایەخی پێ نەدا، لەگەڵ داڕمانی ئابووریی جیهان لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا، زیاتر ماندوو بووە و لە ئێستادا ئەمریكا ئەو سەركردایەتییەی لیبڕاڵیزمی نەماوە كە ماوەیەكی زۆر قۆرخی كردبوو.
ئامانجەكانی سیستمی لیبڕاڵیزمی جیهانی، لە سێ خاڵدا خۆی دەبینییەوە، یەكەمیان: بڵاوكردنەوەی دیموكراسی بە جیهاندا، دووەمیان: گەشەدان بە ئابوورییەكی كراوە، سێیەمیان: بەیەكەوە گرێدانی وڵاتان زۆرتر و زیاتر لە دامەزراوە جیهانییەكاندا. بەڵام ئەمانە هەمووی كەوتنە ژێر پرسیارەوە و لەگەل ئەم ئامانجانە رەفتارەكانی ترەمپ و سیاسەتەكانی ناتەبایی دروست كرد، ئەوەش دەسەڵات و دەوڵەمەندیی لە باكوور و رۆژئاواوە گواستەوە بەرەو باشوور و رۆژهەڵات، واتە سیستمی كۆنی قۆرخكراوی ئەمریكای رۆژئاوایی بە تەنیا كۆتایی هات و وڵاتانی ناڕۆژئاوا و تازەسەركەوتووی بەشداری پێ كرد. ئەم چوونی دەسەڵات و پێگەیە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتیكی دیكە، تەنیا پرسەكانی گۆڕانكاریی سیاسی و دەسەڵات و مامەڵەی وڵاتانی نوێی ناو سیستمە نوێیە جیهانیەكە ناورووژێنێت، بەڵكو پرسی كولتوور و ئابووری، بەتایبەتی بۆ وڵاتێكی وەك چین كە ئەزموونی ئابووری و كولتووریی جیاوازی هەیە، ئایا پێشبینی دەكرێت لە سیستمە نوێیەكەی سەركردایەتییەكەی جیهاندا بەشدار بێت، یان ئەمانە گۆڕانكاریی كولتووری و ئابووری بە سەر جیهاندا دەهێنێت؟ ئایا وڵاتانی مامناوەند لە دەسەڵات دەتوانن بەشداریی ئەم سیستمە نوێیە بكەن كە سیستمێكی وابەستەكراوی لیبڕاڵیزمی جیهانییە؟ یان چین بە تەنیا لەگەڵ ئەمریكا پێكەوە سەركردایەتی دەكەن، یانیش ئایا چین توانای گونجان و هەڵكردنی لەگەڵ سیستمی لیبڕاڵ دیموكراسی هەیە؟
یەكێك لە ئامانجەكانی سیستیمی لیبڕاڵیی جیهانی بڵاوكردنەوەی دیموكراسییە بە جیهاندا، «جپن مێرشیمیر» پسپۆڕی بواری سیستمی لیبڕاڵیزمی جیهانی رای وایە: ئایندەی ئەم سەركردایەتی و سیستمە نوێیەی جیهان چەند عەیبێك بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە گرنگترینیان ئەڵتەرناتیڤ دروستبوونە بۆ «لیبڕاڵ دیموكراسی» كە كۆتایی بە هێزی یەكجەمسەری دەهێنێت، بە دژایەتی لەگەڵ ئەو هێزە لاوازانەی كە مەترسین بۆ جیهان، نموونەی وەك تیرۆریزم و...هتد. ئایا ئەم سیستمە نوێیە بەریەككەوتن دەكات لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوەكان و ئایا زیادبوونی جیهانگەرایی هۆكار دەبێت بۆ كۆمەڵیك كێشەی ئابووری و سیاسی؟
داخڵبوونی چین بە جیهانی لیبڕاڵی ئایا دواجار جیهان بەرەوە یەكجەمسەری دەبات؟ لە هەمان كاتدا ئایا پڕۆسەی مۆدێرنە و كولتووری پۆپیلەر و سیستمی باوی جیهانی چی دەبێت، كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە رۆژئاوا و ئەمریكا پێشڕەوییان كردووە؟ ئایا داگیركاری ئایندەی وڵاتانی زلهێز بە هێزی توند و كاولكاری و سەربازییە، یان هێزی نەرمی كولتووری؟ ئایا ئایندەی وڵاتانی هێشتا ناسەقامگیر و ناجێگیر لە رووی سیاسییەوە چی دەبێت؟ ئایا پێگە و بەشداری و پاڵپشتییان لە سیستمە نوێیە جیهانییەكە چی دەبێت؟ لە بەشی داهاتووی ئەم نووسینەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە.

Top