ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤایرۆسی بێمتمانەیی

ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤایرۆسی بێمتمانەیی

ئەوەندەی شتێک لە روانگەی پزیشکيیەوە ئاشنا بین، بە پێناسەی ڤایرۆس، بریتیيە لەو بوونەوەرەی کە بە خێرایى بڵاو دەبێتەوە و، دەبێتە پەتا و ئاسان چارەسەر نابێت و، خولێکی ژیانی هەیە و، دەبێت تەواوی بکات، دۆزینەوەی ڤاکسینیش ئاسان و سەرکەوتوو نیيە، چونكه‌ زۆر جار توانای گۆڕینی خۆی هەیە، بۆيه‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەى، بە گوێرەی ژینگەی جیاواز ده‌بێت پلان دابنرێت. ئەڵبەتە رەنگە ئەمە لە ڤایرۆسێک بۆ ڤایرۆسێکی دى جیاوازبێت. ئەوەی مەبەستمە لەم بابەتەدا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمە لەگەڵ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڤایرۆسێکی ديكه‌ى شاراوە ئاشنا بووین، کە دەمێک بوو بە قۆناغی گەشەکردندا چووەو ئه‌گه‌ر روونتر بڵێين، هەندێک بارودۆخی کۆمەڵگە بۆی بووه‌ دایەنگا بۆ گەشەکردنی.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێچەوانەی لای ئێمە، تۆکمەیی و پەیوەندی و متمانەی نێوان خەڵک و حکومەتەکانی لێکەوتەوە، ئه‌ويش بە هۆی پەرۆشيی حکومەت و هەست و سۆزی حکومەت و ئەو خزمەتگوزاری و ئۆفەرانەی کە پێشکەشی هاووڵاتیانی کرد. لێره‌دا مەبەست لەوە نیيە کە حکومەت لە هەرێمی کوردستان هیچ کام لەمانەی نەکردووە، حکومەته‌كانی وڵاتانی ديكه‌ش کەمتەرخەم نەبوون، بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بەڵکو ئه‌گەر ئاگادار بین، ئه‌وا لەسەرتاوە له‌ وڵاتانی وەک ئیتالیا و بەریتانیا، میدیاکان و خەڵک گلەیی یەکجار گەورەیان لە حکومەتەکەیان كرد، به‌وه‌ى کە زوو رێکارەکانی خۆپارێزيى ده‌ستنيشان نه‌كردووه‌، بۆيه‌ په‌تاكه‌ خەڵکانێکی زۆری تووش کرد. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئەم بێمتمانەییە لەم کاتەدا لە هەرێمی کوردستاندا باڵی کێشاوه‌ بەسەر وڵات و ئایدیاى تاکەکاندا بەرامبەر حکومەت، هۆکارەکەی پەتای کۆرۆنا بوو، یان پەتای کۆرۆنا دەریخست و دەمێک بوو كارى لەسەر کرابوو، یان هۆکارگەلێک هەبوون، کە ئەو ژینگەیان رەخساندبوو، كه‌ لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا تەقيیەوە؟
ئەڵەبەتە نکۆڵی لەوە ناکرێت، کە حکومەت لە هەندێک لە پرسەکانی وەک مووچە و بەڵێنەکانی پارتەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە هاووڵاتیانیان دابوو، بەشێکی ئەم بێمتامنەییەناى دروست کرد. بەڵام گرفتە سەرەکیيەکە ناکۆکيی نێوان لایەنەکان و دوورکەوتنەوەیان لە یەکتر و شکاندن و جەمسەرگرتن و بە موڵکی خۆ نەزانینی ئەم حکومەتە بوو، لەلایەن هەندێک لە پارتەکان و کارکردن بۆ کرمۆڵکردنی دڵی خەڵک بەرامبەر به‌ حكومه‌ت، ئەگەرچی بە پێگە و بە دەستکەوت بەشداریشن تێیدا، به‌ڵام بەردەوام هه‌وڵي لێدانی له‌ رێگه‌ى میدیا و سوشیال میدیاوه‌ دراوه‌، لە بری دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆ و کۆبوونەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکانەوە پەیامى نه‌شياو و دژبه‌ر بۆ یەکتر دەنێرن، پەیامە دژبەرەکەکان و تۆمەتبارکردنی یەکدى و پەردەهەڵدان لەسەر نهێنيیەکانی یەکتر و شکاندن و تۆمەت بەخشینەوە، کە ماوەیەکی زۆرە ئەم هەرێمەی پێدا تێدەپەڕێت، وای کردووە، ئاستی بێمتامنەيیەکە گەيشتووەتە لێوارێک کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارترە، بەڵکو ڤایرۆسێکی هێندە کوشندەیە کە دوای کۆرۆناش زۆری دەوێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت، چ لەسەر ئاستی پارتەکان، چ لەسەر ئاستی هاووڵاتی بناغە دابنرێتەوە. تا گەيشتووەتە ئەو ئاستە و خەریکە دەگەینە ئەوەی ئیتر ئەم پارتانە، نە لە حکومەت و نە لە پەرلەمان، لە ناو هیچ دامەزراوەیەکی حکوومی نەتوانن متمانە بە یەک بکەن و، پێکەوە کاربکەن، ئەمەش ئه‌گه‌ر وریا نەبین، بەرەو بۆشایی و پاشاگەردانیيەکی سیاسی و ئیداری و حوکمڕانیمان دەبات. چونکە هەر یەکە لە پارتەکان بەتایبەتی دوو پارتی باڵادەست بە گومانەوە لە کارو کردارو نیيەتی یەکتر دەڕوانن. ئەگەر ئەمە کاری بۆ نەکرێت، بە پرۆژە و ئەجندا و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دوور لە بەرژەوەنديی حزبی، ئەم قۆناغە تێنەپەڕێنین، کۆمەڵگەکەمان لە پاڵ ئەو بۆشایيانەی باسمان کرد، بەرەو کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە و داڕووخان دەبەین، لە روانگە کۆمەڵایەتیيەکەشيەوە، تاوان و توندوتیژيی زیاتر دەبێتە بەشێک لە سەرقاڵیى حکومەت ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى کێشە و ململانێ سیاسیيەکان، بەشەکەی ديكه‌شى په‌يوه‌ندى به‌ خراپيی گوزەرانی ئابووريی خەڵک و بێ ئومێدی بە دەسەڵات و چاکسازی و حکومەت و ئایندەی خۆی و وڵات هه‌ي هه‌يه‌. بۆیە زۆر گرنگە هەرچی زووتر ئەم لایەنانە نیيەتپاکی بۆ یەکتر رابگەیەنن و، له‌ يه‌كدى نزیک ببنەوە و دانوستانەکان بۆ تیپەڕاندنی ئەم قەیرانە دەست پێ بکەنەوە، تا بە شێک لەم جموود و بێمتامنەيیە دەڕەوێتەوە. ئەوکات دەبێت ئیتر ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى لە سەر بنەمای نیشتمانی و توانا و بە دامەزاروەییکردنی تێکڕای ئۆرگانەکان، وڵات بونیات بنریتەوە. چونکە تا لەسەر ئەم بنەما حزبیيه‌ و راگرتنی هاوکێشە حزبیيه‌كان و کارنەکردن بە دەرەنجامی هەڵبژاردن و هەر لە سەر پارسەنگی هێز و هاوکێشەکان لەسەر بنەمای دوو حزبی باڵادەست بڕوات و، کۆی کاری دەزگاکان بە راگرتنی باڵانس و دڵڕاگرتنی حزبی بێت، ئەوە فەزایەکی ڤیتۆیی دەڕەخسێنین بۆهەر یەک لەو لایەنەی كه‌ کارێکی بەدڵ نەبێت، بەردەوام بەربەست بۆ پلان و به‌رنامه‌ى کارەکان دروست بكات.
Top