مستەفا زەڵمی ئەستێرەیەكی گەش، لە شەوگارێكی رەش

مستەفا زەڵمی  ئەستێرەیەكی گەش، لە شەوگارێكی رەش

لە ئێستاو رابردوودا، لێرە و لەوێ روویداوە كە ئاسمانی سافی هزر و بیری گەش، بە پەڵەهەوری چڵكنی هزر و بیری رەش داپۆشرابێت و، ئەوساش مرۆڤایەتی كەوتۆتە نێو گێژاوی دواكەوتوویی و پاشكۆبوونەوە.
لە شەوگارێكی ئاوا رەشی هزر و بیری تاریكدا، هەمیشە كەسێك، یان چەند كەسانێك دێنە مەیدان و بە بیر و هزری گەشیان وەك مانگی چواردە رووناكی بە زەوی دەبەخشن و، وەك ئەستێرەش ئاسمانی شەو دەڕازێننەوە.
مامۆستا مستەفا زەڵمی یەكێك بوو لەو ئەستێرانەی لە ئاسمانی هزر و بیری كوردەواریدا دەركەوت و گەشایەوە.
ئەو بە بەرائەتیی رۆح و روخسارێكی نوورانی و بە دڵێكی ناسك و بە كۆڵێك كتێب و زانستی زەمانی خێرەوە، وەك فریادڕەسێك رێك لەو چاكسازانە دەچوو كە بۆ ئاشتی و ئارامی و رێنماییكردنی مرۆڤایەتیی رێگەیان كەوتبووە سەر ئەم هەسارە پڕ لە بیری چەوت و هزری ناپەسەندە و خۆیان حەشاردا و لە پەنا و بە بەرگی ئاییندا. ئەو پڕ لە نووری عەقڵ و زانستی بەسوود و، تەژی لە میهرەبانیی رۆح، خاكی و زۆریش خاكی بوو، وەكو مانگ لە ئاسماندا ژیا، هەرچەند وێنەی لە نێو ئاوی سەر زەویدا دەردەكەوت، حەیف زۆر جار ئاوە لێخنەكانی دنیای تێگەیشتنی دواكەوتووانە و پاشكۆیەتیی فیقهیی هەندێك لە بەناو زانا، وێنەی ئەویان دەشێواندو، وایان پیشانی ئەوانی دی دەدا، كە ئەو لە خەتی تەقلید لایداوە و بەوەش تۆمەتباریان دەكرد كە لە دەرەوەی شەرعزانانی كۆندا ئەسپی خۆی تاو دەدات.
ئەو چەند زانا بوو، دە هێندەش دڵپاك و دڵساف و بێ غەلوغەش بوو، ئەو وەك پەپوولە تەنیا و تەنیا عاشقی چرای زانست و نووری قەڵەم و دەنگی هەڵدانەوەی كاغەزی كتێب بوو.
چەند وێستگەیەك بۆ فێربوون لە مامۆستا (زەڵمی)یەوە
یەكەم: شێوازی خوێندنەوەی بۆ سەرچاوەكان تایبەت و زانستییانە بوو.
گەورەترین گرفتی بواری ئاییناسیی ئەمڕۆمان بریتی نییە لە نەخوێندنەوە، بەڵكو بریتییە لە خراپ خوێندنەوە و خۆ تەسلیمكردنی كوێرانە بە هەموو ئەو قسانەی كە نووسراون و دەنووسرێن، بۆیە مامۆستا زەڵمی فێری كردین، چۆن بخوێنینەوە، ئەوەتا لە كتێبی (كاروانی ژیانم)دا باس لە ئەزموونی خۆی دەكات لە خوێندنەوەدا و دەڵێت: «ئەگەر لەسەر كتێب بڕۆم خوێندنەكەی كۆلێجم هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ خوێندنی حوجرە نابێت، بە درێژایی ساڵ دەبێت هەر فێری كتێب ببم و دوور بم لە راست و چەوتی ئەم كتێبانە و، بیروباوەڕم وا بێت كە هەرچی نووسراوە هەمووی راستە، باوەڕم بە خۆم نەبێت، كە منیش بیروباوەڕێكی تایبەتیم هەبێت لەم بابەتەدا.. هەرچیم دەخوێندەوە لە كتێبەكانی یاسا لە هەموو جۆرە بابەتێك، پێشەكی لە دڵی خۆمدا بڕیارم دەدا كە ئەمە راست نییە، ئینجا دوایی دەستم دەكرد بە لێكۆڵینەوەی، تا چاك و خراپی بكەوێتە بەرچاوم بۆ ئەوەی چاكەكەی بگرم و خراپەكەی لە خۆم دوور بخەمەوە.. هەر شتێك بخوێنمەوە، یان ببینم، پێشەكیی تەماشای وتەكە دەكەم، تەماشای خاوەنەكەی ناكەم، بەپێی فەرموودەی پێشینان وتوویانە: (انظر الی ما قیل، ولا تنظر الی من قال) واتە تەماشای وتراوەكە بكە و تەماشای خاوەنی وتەكە مەكە، تاوەكو پێشەكی خۆت نەبەستیتەوە بەو وتەیەوە، راست بێت، یان چەوت بێت... هەر وەك ئێستا باوە لە نێوان مامۆستاكانی ئایینی ئیسلامدا كاتێك گفتوگۆی لەگەڵ دەكەیت، لە بارەی هەر شتێكەوە پێشەكی پێت دەڵێت: فڵان زانا، یان فڵان مەزهەب وای فەرمووە، ئەمەش گەورەترین هۆی دواكەوتنی نەتەوە موسڵمانەكانە لە ژیانی ئەم جیهانەدا».
دووەم: مامۆستا زەڵمی زانستەكانی دەخستە خزمەتی واقیع و ژیانی مرۆڤەكانەوە.
مامۆستا زەڵمی بڕوای وابوو كە ئەو زانستانەی پێیان دەوترێت علوومی ئالەت، ئەوانە ئامانج نین، بەڵكو هۆكارن بۆ گەیشتن بە ئامانج، كە تێگەیشتنە لە مەبەستەكانی ئایین.
ئەو لای وابوو كە دوازدە عیلمەكە وەك كلیل وان، ئامانج لە خوێندنیان وەك ئامانجە لە بوونی كلیل، كە ئەویش كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و دۆزینەوە و دەرهێنانی حوكمی زانستی و راست و سەردەمییانەیە بۆ پرسیارە زۆرەكانی مرۆڤی سەردەم.
ئەو دەیگوت: «زانستەكانی نەحو سەرف و مەنتیق و بەلاغە و ئوسووڵ و ئەوانی دی، زانستی گەورەن، بەڵام ئەگەر بەرهەمهێنەر نەبن، ئەوسا هیچ سوودێكیان نابێت، گەورەیی ئەو زانستانە لە بەرهەمهێنانە، نەك خولانەوە بە دەوری خۆیان.. ئەم زانستە ئالییانە لە خودی خۆیاندا سوودیان نییە، بەڵكو سوودە زۆر و گەورەكەیان لە بەرهەمهێنانەوە دەردەكەوێت».
سێیەم: كرانەوە و نوێگەری و هاوچەرخی و ژیانناسین.
مامۆستا زەڵمی نەوەی ژینگە و سرووشتی كوردستان بوو، بۆیە هەمیشە وەك سرووشت و ژینگەی كوردستان كراوە بوو. ئەو ئەگەرچی زادەی چارەكی یەكەمی سەدەی بیست بوو، كەچی لە چارەكی یەكەمی سەدەی بیست و یەكەمیشدا ژیانناس و سەردەمزان و هاوچەرخ بوو.
بۆ نموونە: دەیگوت: «لە هەندێك كتێبەكانی ئوسووڵی فیقهدا باس كراوە كە مەرجەكانی ئیجتیهاد بریتین لەوەی كە كەسی موجتەهید دەبێ ئازاد بێت و عەبد نەبێت، نێر بێت نەك مێ، موسڵمان بێت.
ئەو دەیگوت: ئەم پێناسە و مەرجانە هەمووی هەڵەن، چونكە:
أ: (حر) و (عبد) هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە نەماون.
ب: ژن هەندێك جار لە پیاو عاقڵترن.
ج: موسڵمان بێت بۆ كاروباری ئیسلام، دەنا بۆ كاری دنیا هەندێ جار كابرایەكی مەسیحی لە بوارێكی وەك ئابوورریدا خەبیرترە.
چوارەم: مامۆستا زەڵمی كوردێكی راستگۆ و ئازاد و ئازا بوو.
مامۆستا زەڵمی لە هەر شوێنێك، یان لە پلە و پایەیەك بووبێت، هەمیشە نەفەسی رەسەنی كوردەواری و هەناسەی خۆشویستنی كوردستان مۆرك و تایبەتمەندیی ئەو بووە.
ئەگەرچی لەبەر هۆكاری دوورە كوردستانیی و غەریبی، بە عەرەبی نووسیویەتی، بەڵام هەمیشە هەناسەی ئازادانە و ئازایانەی كوردی بە نووسین و قسەكانیەوە دیار بوون.
ئەو كوردانە بیری لە ئیسلام دەكردەوە و نەدەهات عەرەبییانە بیر لە ئیسلام بكاتەوە و، قسەو باسی ئەوان بكاتە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام، دەیزانیی كە هزری كوردییانەی هەرگیز كێشەی لەگەڵ خودی دەقە رەسەنەكانی ئیسلامدا نەبووە، بەڵكو كێشەی لەگەڵ هەڵەكانی نێو مەزهەب و داب و نەریتیی تێكەڵكراو بە ئایین بووە. لە رووی سیاسیشەوە بەردەوام دڵی لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد بووەو، وەك خۆی دەڵێت: «من هاوكاریم لەگەڵ حزبێك كردووە كە خزمەتی كوردی كردبێت، بەڵام هەرگیز نەچوومەتە حزبێكی بێگانەوە».
پێنجەم: حەزكردن بە دەركەوتنی ئەوانی دیكە و رێزگرتن لە زانایانی كورد.
لەوانەیە لە سەر ئاستی جیهان زانا و دانای هەڵكەوتوو زۆر بن، بەڵام زۆرێك لەوان بەكەم تەماشای زاناو دانای هاوتەمەن و زانای پێش خۆیان كردووەو، جۆرێك لە خودپەرستی و ئەنانییەتیان تێدا بووە، بەشێكی كەم لەو زانا و دانایانە نەبێت كە هەرچەند خۆیان لە پلە و پایەی بڵندی زانستیدا بوون، بەڵام بە چاوی رێزەوە تەماشای هەوڵ و ماندووبوونی زانای هاوپیشەی خۆیان، یان زانایانی پێش خۆیان كردووە.
مامۆستا زەڵمی وێڕای ئەوەی خۆی خاوەنی دەیەها كتێب بووەو، خاوەنی چەندین بڕوانامەی ئەكادیمی و فەخری بووەو، سەرپەرشتیی دەیان نامەی ماجستێر و تێزی دكتۆرای كردووەو، دەیان ساڵیش ئیمامەتی و وتاربێژیی كردووە و مامۆستای زانكۆش بووە، بەڵام زۆر رێزی لە زاناو دانای پێشین و هاوتەمەنی خۆی دەگرت، بە راددەیەك زۆر جار دەیگوت: «چەندین جار بە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسم گوتووە، مامۆستا تۆ تا ئەو پەڕی پلەی زانایی، زانایت و، فەقیهی بڵندی، نازانم بۆچی ئیجتیهاد ناكەیت؟».
یان زۆرجاری دەیكەش باسی شێخ محەمەد بالیسانی دەكردو، دەیگوت: «زۆر بە شێخ موحەمەد بالیسانی مورتاح بووم و، زۆریش بە جوانی لە یەكتر دەگەیشتین».
سڵاو لە مامۆستای پایەبەرز و دانا، یادی هەمیشە زیندوو بێت، رۆحی شاد و جێی ئارام بێت.
تێبینی: ئەم نووسینە بەشێكە لەو پێشەكییەی كە بۆ ئەو كتێبەم نووسیوە، كە لە بارەی پڕۆفیسۆر دكتۆر (مستەفا زەڵمی) و لەلایەن بەڕێز كاك زانیار سەردار قڕگەیی ئامادە كراوە.

Top