سێ رووداو، سێ وانە و پەند

سێ رووداو، سێ وانە و پەند
رووداوەكان هێندەی ژمارەی مرۆڤەكان و بگرە زیاتریش روودەدەن و چەند بارەش دەبنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە بریتییە لە سوودوەرگرتن لە ئەنجامی ئەو رووداوانە.
رووداوەكان لەوانەیە بەسەر خۆمان، یان بەسەر كەسانی دیكەدا هاتبن، لەوانەشە بیستبێتمان، یان بینیبێتمان، یان خوێندبێتمانەوە، لە هەموو بارەكانیشدا هەر مەبەست سوودوەرگرتنە لە خودی ئەو رووداوانە.
رووداوی یەكەم: بەڕێوەبەری كۆمپانیایەك زۆر خێرا حوكمی لەسەر هەڵسوكەوتی فەرمانبەرەكانی دەدا، رۆژێكیان لە رێڕەوی نێوان ژوورەكاندا بینی كەسێك وەستاوە، بۆیە بەڕێوەبەر لێی چووە پێش و گوتی: تۆ مووچەی مانگانەت چەندە؟
پیاوەكە گوتی: دوو سەد دۆلار.
بەڕێوەبەرەكە گوتی: بگرە ئەوە دووسەد دۆلار، بەڵام جارێكی دیكە لەم كۆمپانیایەدا نەتبینم، ئینجا رووی كردە فەرمانبەرەكانی دیكەو گوتی: ئەوە سزای هەر كەسێكە كە لە كاتی دەوامدا لە ژووری خۆی نەبێت و بێتە دەرەوە.
یەكێك لە فەرمانبەرەكان گوتی: جەنابی بەڕێوەبەر ئەو پیاوەی دووسەد دۆلارەكەت پێدا، كارمەندی ئێمە نەبوو، ئەوە پیتزای بۆ هێنابووین و پارەكەشی وەرگرتبوو، بەڵام وەستابوو چاوەڕێی وەسڵی گەیاندنەكەی دەكرد.
پەندێك لەم رووداوە ئەوەیە كە: تووڕەبوون و كاردانەوەی خێراو بێ راوێژ، زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.
رووداوی دووەم: سێ كەس چوون بۆ دامەزراندن لە كۆمپانیایەك، بەرپرسی لیژنەی دامەزراندن بەم پرسیارە تاقیی كردنەوە: ئایا راستە دوو كۆ دوو دەكاتە پێنج؟
یەكەم گوتی: بەڵێ دەكاتە پێنج.
دووەم گوتی: ئەگەر یەكی بخەینە سەر، بەڵێ دەكاتە پێنج.
سێیەم گوتی: نەخێر دەكاتە چوار.
بۆ رۆژی دواتر یەكەم و دووەم دامەزران، بەڵام سێیەم وەرنەگیرا.
یاریدەدەری بەرپرسی لیژنە گوتی: قوربان ئەمە چۆن وای لێهات؟
بەرپرسی لیژنە گوتی: كەسی یەكەم درۆزنە و دەشزانێت درۆ دەكات، بەڵام ئەم جۆرە كەسە پێویستن بۆ من.
كەسی دووەم زیرەكە و دەزانێت شتێك كە راست نییە، بەڵام لێت ناكات بە هەرا، ئەم جۆرەش پێویستن.
كەسی سێیەم: راستگۆیە و لە ئاست شتی ناڕاست و درۆ بێدەنگ نابێت، ئەم جۆرە كەسە ماندووت دەكات.
ئینجا بەرپرسی لیژنە بە یاریدەرەكەی خۆی گوت: باشە با لە تۆش بپرسم دوو كۆ دوو دەكاتە پێنج؟
یاریدەدەر گوتی: قوربان كەسی وەك من چۆن دەتوانێت وەڵامی پرسیاری پیاوی وەك جەنابتان بداتەوە؟
بەرپرسی لیژنە گوتی: تۆش لە جۆری مرۆڤی دووڕووی، ئەم جۆرەش خۆشەویستن لای من.
پەندێك لەم رووداوە ئەوەیە كە: بەداخەوە زۆرجار مرۆڤی راستگۆ، لە هەندێك كات و لە هەندێك شوێندا باجی راستگۆیی خۆی دەدات.
رووداوی سێیەم: راهێنەرەكە باڵۆنیكی دایە دەستی هەریەك لە ئامادەبووانی خولەكەو گوتی: لەماوەی یەك خولەكدا فووی تێ بكەن و پڕ لە هەوای بكەن.
پاش ئەوەی هەموویان ئەم كارەیان ئەنجامدا، راهێنەرەكە گوتی: خەڵاتێك دەدەم بەو كەسەی زۆرترین ماوە باڵۆنە پڕ هەواكەی بە دەستەوە مابێت.
ئامادەبووان لە پێناوی خەڵاتەكە كەوتنە پەلاماردانی باڵۆنەكانی یەكتر و تەقاندیان، تا هیچ كەسیان باڵۆنی پڕهەوای بە دەستەوە نەما، جگە لە یەكێكیان نەبێت كە بەخۆی و باڵۆنەكەیەوە لە دوورەوە وەستابوو و خەڵاتەكەی بردەوە.
راهێنەرەكە گوتی: ئەگەر لە ناوەرۆكی قسەكەی من گەیشتبان، خەڵاتەكە بۆ هەمووتان دەبوو، من گوتم خەڵات بۆ هەر كەسێك كە باڵۆنەكەی بە پڕی بەدەستەوە بێت، من نەمگوت كێ دەتوانێت باڵۆنی ئەوانی دی بتەقێنێت.
پەندێك لەم چیرۆكە ئەوەیە كە زۆرن ئەو كەسانەی وادەزانن سەركەوتنی ئەوان بە دۆڕاندنی خەڵكی دیكە دێتە ئەنجام.

Top