بنەما و بوارەكانی میدیای ژینگەیی

بنەما و بوارەكانی  میدیای ژینگەیی

پێدانی ناسنامەیەكی تایبەت و سەربەخۆ بە میدیای ژینگەیی وەك ناسنامەی میدیای سیاسی، یان ئابووری، یان هونەری، یان وەرزشی، پێویستی بە چەند مەرجێكی بنەڕەتی هەیە، لەوانە:
1. هەبوونی دامەزراوەیەكی میدیایی تایبەت بە خۆی.
2. هەبوونی میدیاكارانی پڕۆفیشیناڵ و پسپۆڕ لەبواری ژینگەدا.
3. توانای كارتێكردن لەسەر تێڕوانینی تایبەت بە پرسی ژینگە.
گرفت و ئاستەنگە گشتییەكانی بەردەم میدیای ژینگەیی
1. نەبوونی ستراتیژیەتێكی میدیایی تایبەت بە ژینگە، لای دامەزراوە گەورە و سەرەكییەكانی میدیا.
2. لاوازیی پسپۆڕێتی و پڕۆفیشیناڵیی ژینگەیی لای زۆرینەی میدیاكاران.
3. لاوازیی زمانزانیی بیانی، وەك زمانی ئینگلیزی، كە زۆربەی بابەتە نوێیەكانی ژینگە بەو زمانە بڵاو دەكرێنەوە.
4. گرانیی نرخ و تێچووی میدیای كاغەز.
5. كەمی، یان نەبوونی ئارەزوو لای خوێنەران بۆ باسی تایبەت بە ژینگە.
6. فەرامۆشكردنی باسی ژینگە لای زۆربەی كەناڵە میدیاییە بیستراو و نووسراو و بینراوەكان.
7. نەبوونی هۆكارە زانستییەكان بۆ پێوانی رای گشتی لەبارەی بایەخدان، یان بایەخ نەدان بە میدیای ژینگەیی.
8. نەبوونی میدیای خاوەن نەفەسی درێژ و بەدواداچوو بۆ كێشە ژینگەییەكان، كە لە چاو رووداوەكانی دیكەدا ئاسەوارەكانی درەنگتر دەردەكەون.
گرفت و ئاستەنگە تایبەتەكانی بەردەم میدیای ژینگەیی
1. نەبوون، یان كەمیی میدیاكارانی ژینگەیی پسپۆڕ لە بواری دۆزی ژینگەدا.
2. كەمیی پسپۆڕانی ژینگە لە بواری دەركەوتن لە بوارەكانی گەیاندن و راگەیاندا.
3. لاوازیی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری میدیای ژینگەییدا.
4. لاوازیی رۆڵی بڕیاربەدەست و لێپرسراوانی میدیایی لە بایەخپێدان بە ژینگە.
5. نەبوونی هاندەری ماددی و واتایی بۆ راگەیاندنكارە ژینگەییەكان.
6. نەبوون، یان كەمیی خولی میدیایی بۆ پێگەیاندنی میدیاكاری ژینگەیی.
7. كەمتوانایی میدیاكاران لە پێشكەشكردنی باسەكانی ژینگە بەشێوازێكی ورد و ئاسان لە یەك كاتدا.
8. پێشكەشكردنی هەواڵەكانی ژینگە وەك وەسف، نەك شیكردنەوەی قووڵ.
9. نەبوون، یان كەمیی داتاو ژمارە و زانیاریی ژینگەیی.
10. كەمیی سوودوەرگرتن لە هۆكارە نوێیەكانی گەیاندن.
هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی میدیاكاران لە بواری كاری ژینگەیی
1. پسپۆڕێتیی ژینگەیی تا راددەیەك شتێكی نوێیە لە نێو پسپۆڕێتییە زانستییەكاندا.
2. سرووشتی گرفتە ژینگەییەكان خەمی یەكەمی هاووڵاتییان نییە، لە چاو خەمە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا.
3. ئامادەكردنی باسە ژینگەییەكان كاتی زیاتری پێویستە، لەبەر داتا و وردەكارییەكانی.
4. ورووژاندنی باسە ژینگەییەكان لەگەڵ خاوەن بەرژەوەندییەكانی حكوومی و كەرتی تایبەتدا كێشەی لێ دەكەوێتەوە.
5. بەرپرسانی نێو دەزگا میدیاییەكان كەمتر پەیامنێرەكانیان بۆ ریپۆرتاژی ژینگەیی دەنێرن.
6. تەرخاننەكردنی بەرنامە و لاپەڕە و گۆشەی تایبەت بە ژینگە لە هۆكارەكانی راگەیاندندا.
7. چڕكردنەوەی رۆڵی دەزگا حكوومییەكانی پەیوەست بە ژینگە لە بواری كۆنفڕانس و بەیاننامە و لێدواندا.
8. نەبوونی لێژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە ژینگە لە نێو پەرلەماندا، یان تێكەڵكردنی ژینگە لەگەڵ تەندروستیدا، وەك یەك لێژنە كە زیاتر فۆكەسی لەسەر باسە تەندروستییەكانە نەك ژینگە.
9. نەبوونی بانكی زانیاریی ژینگەیی و داتا لە بەردەستی كارمەندانی راگەیاندندا.
10. نەبوونی هەماهەنگی و ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاریی ژینگەیی لە نێوان خەمخۆرانی ژینگەدا.
ئامانجەكانی گەشەپێدانی میدیای ژینگەیی
1. دروستكردنی هۆشیاریی ژینگەیی لای هاووڵاتیان و بەرپرسان.
2. گۆڕینی ئەو ستایل و نەریتانەی ژیان كە زیان بە ژینگە دەگەیەنن.
3. هەستكردنی هەستیارانەی تاك و كۆمەڵ بە بەرپرسیارێتییان لە بەرامبەر ژینگەدا.
4. بڵاوكردنەوەی زانیاریی ژینگەیی لە هەمووانەوە بۆ هەمووان.
هۆكارەكانی گەیشتن بە ئامانجەكانی گەشەپێدانی میدیای ژینگەیی
1. هاریكاریكردن لە نێوان سێكتەرە جیاوازەكانی وەك دامەزراوە گشتی و ئەهلی و زانكۆ و سەنتەرەكانی توێژینەوە، بۆ گواستنەوەی ئەنجامی كارە ژینگەییەكانیان بۆ هۆكارەكانی راگەیاندن.
2. بوونی پلانێكی میدیایی ژینگەیی لای ئەو دامەزراوانەی لە خاڵی پێشوودا ئاماژەمان پێدان.
3. ئاگاداركردنەوەی بڕیاربەدەستانی دەزگاكانی راگەیاندن لەبارەی گرنگیی میدیای ژینگەیی.
4. گەیشتن بە لای كەمی پسپۆڕێتی لە بواری میدیای ژینگەییدا.
5. كاركردن وەك یەك تیم لە لایەن رێكخراوەكانی تایبەت بە راگەیاندنی ژینگەیی.
6. ئاسانكردنی گەیشتنی میدیاكاری ژینگەیی بە زانیاری و راپۆرت و هەواڵە ژینگەییەكان.
7. بە گەورە تەماشاكردنی رای شەقام و وەرگرتنی بیروڕایان لەبارەی پرسە ژینگەییەكانەوە.
8. هەبوونی بەرنامەی ژینگەیی لە رادیۆ و تیڤی و رۆژنامەكان و كردنەوەی ئەكاونت و پەیجی تایبەت بە ژینگە.
9. بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكانی سەركەوتن و ئەزموونە سەركەوتووەكانی بواری ژینگە.
10. تەرخانكردنی خەڵاتێكی ساڵانە بۆ باشترین كاری بینراو و بیسترا و خوێندراوی میدیاكارە ژینگەییەكان.

Top