كە شوێنی مێروو ناوی مێرووستان بێت، ئەی بۆچی شوێنی كورد ناوی كوردستان نەبێت؟

كە شوێنی مێروو ناوی مێرووستان بێت، ئەی بۆچی شوێنی كورد ناوی كوردستان نەبێت؟
ئەو ناونیشانەی سەرەوە پرسیارێكی رەوایە و پێویستە ئاراستە بكرێت بۆ وڵاتانی زلهێز بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی و بەتایبەتتریش ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، چونكە خودای گەورە لە قورئاندا و لە باسی سوپاكەی سولەیمانی پێغەمبەردا (سەلامی خودای لەسەر) لەئایەتی (18)ی سوورەتی (النمل)دا دەفەرموێت: (حتى إذا أتوا على واد النمل)، واتە: كاتێك گەیشتنە دۆڵی مێروو..
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە كە خودا شوێنی گردبوونەوەی مێرووەكانی ناو نا: «وادی النمل»، واتە لەبەر بوونی مێرووەكان لەوێدا، خودا ئەو دۆڵەی بە ناوی مێرووەكانەوە ناونا، بۆیە بوو بە مێرووستان.
سەیر لەوەدایە ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، كە ملیۆنەها كوردیان تێدان، كەچی پێیان ناخۆشە و لایان قبووڵكراو نییە بە شوێنی كوردان بڵێن كوردستان، لە كاتێكدا:
یەكەم: كوردبوون ناسنامەی نەتەوەیی گەلێكە كە خودا رێگەی بە بوون و بەردەوامبوونی داوە، وەك هەر ناسنامەیەكی نەتەوەیی دیكەی گەلانی جیهان. كوردبوونمان بژاردەیەكی خوداییەو مافی ئەوەی نەداوینەتێ تا بیگۆڕین، بەڵام باوەڕداربوونمان بە هەر ئایینێك بژاردەی ئازادانەی خۆمانە.
دووەم: هەڵبژاردنی (دەنگ) و (رەنگ)ی هەر نەتەوەیەكیش لە قورئاندا خراوەتە پاڵ نیشانەیەكی دیكەی باڵادەستیی خوای گەورە، كە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوییە، وەك بڵێی سڕینەوەی (دەنگ) و (رەنگ)ی هەر نەتەوەیەك وەك هەوڵدان بێت، بۆ سڕینەوەی ئاسمانەكان و زەوی، كە ئەمەش ئەوپەڕی وەستانەوەیە لە دژی ئیرادەی خودای گەورە.
سێیەم: نیشتمان و زێدی باب و باپیران لەلای هاووڵاتیان هەمیشە خۆشەویستەو مرۆڤ هیوای هەموو خێر و خۆشییەك بۆ نیشتمانی خۆی دەخوازێت، ناچاریش نەبێت، یان ناچار نەكرێت، زەحمەتە نیشتمانی خۆی بەجێ بهێڵێت، هەر كاتێكیش مرۆڤ لە نیشتمانی خۆی دەربكرێت، ئەوا هەموو ساتێك گەڕانەوە بۆ وڵات بە ئاوات دەخوازێت.
هەر لێرەوە موژدەیەكی گەورە هەیە بۆ هەموو ئەوانەی كە لەسەر خاكی خۆیان دەردەكرێن، كە رۆژێك دادێت بە ژوانگە و نیشتمانی خۆیان شاد ببنەوە، چونكە خودای گەورە ناوی ئەو شوێنەی كە مرۆڤ تیایدا لە دایك دەبێت بە (معاد) ناو دەبات، واتە ئەو شوێنەی كە دەركراوانی بۆ دەگێڕێتەوە.
چوارەم: ئەوە ویستی خودایە و ئیرادەی خودایە كە هەر مرۆڤێك لە شار و شارۆچكە و گوندێكی دیاریكراودا لە دایك دەبێت، بۆیە خۆشویستنی نیشتمان خواكردە، ئەوانەش كە خەڵكی لەسەر خاك و ماڵی خۆیان دەردەكەن، تاوانێكی گەورە بەم كارەیان ئەنجام دەدەن و، خۆیان لە قەرەی كارێك دەدەن، كە خودای گەورە حەرامی كردووە.
پێنجەم: چونكە گەلی بێ خاك و نیشتمان، گەلێكی روو لە مردنە، بۆیە دەرچوونی خەڵك لە خاكی خۆی یانی هەڵبژاردنی مردن، بۆیە بێنیشتمانكردن و دەركردنی خەڵكی لە خاكی خۆی، بەرامبەرە لەگەڵ كوشتنی ئەو كەسەدا، وەك بڵێی چ كوشتنی هاووڵاتی، یان دەركردن لە خاكی خۆی.
شەشەم: خودای گەورە داوامان لێ دەكات هەمیشە دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ ئەوانی دیكەدا بكەین، بەڵام لەیەك حاڵەتدا پێی گوتووین، لەگەڵ هەندێك كەسدا دۆستایەتی نەكەین، ئەوانیش ئەوانەن كە دەیانەوێت شەڕی دینمان لەگەڵدا بكەن، یان دەیانەوێت لە خاكی خۆمان وەدەرمان بنێن.


Top