حەقیقەت وێنەیە تێگەیشتنی ئێمە لێی، وێناكردنە

حەقیقەت وێنەیە  تێگەیشتنی ئێمە لێی، وێناكردنە


ئەگەر پێناسەیەكی راستەقینەو حەقیقیمان بۆ حەقیقەت هەبوایە، ئێستا هیچ كێشەیەكمان نەدەبوو، بۆیە كێشەكە لەوەدایە كە پێناسەیەكی دیاریكراو و تەواوی سەد دەر سەد بۆ حەقیقەت لەلای مرۆڤەكان نییە، بە بەڵگەی ئەوەی كە هەر بیرو بۆچوونێكی سیاسی و ئایینی و ئایینزایی كە حەقیقەت بێت لەلای كەسێك، ئەوا لە لای كەسێكی دی حەقیقەت نییە!!
كەواتە پێناسەی جیا بۆ حەقیقەت هەیە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە حەقیقەت كێشەی نێوان وێنە و وێناكردنە، بە مانایەكی دیكە خودی حەقیقەت وێنەیەكە، بەڵام مرۆڤ وێنای دەكات.
لەبەر ئەوە دەشێت حەقیقەتێك لای من بێت، بەڵام ئەوی دیكە بە حەقیقەتی نەزانێت.
راستە موسڵمان بڕوای وایە ئەم قورئانە وەحیە، بەڵام دەبێت بزانێت كە تەفسیرەكانی قورئان كارێكی مرۆیین، بۆیە تەماشا دەكەین لە كتێبخانەكاندا سەدان تەفسیری قورئان هەن.
كە بۆ یەك قورئان یەك تەفسیر نییە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە قورئان وەكو قورئان حەقیقەتە لەلای موسڵمان، بەڵام تەفسیرەكەی رێژەییە و رەها نییە.
بۆیە ئەگەر بێت و هەر موفەسیرێك بڵێت ئەم تەفسیرەی من بۆ قورئان تەفسیری كۆتاییە، ئەوە كێشەمان بۆ دروست دەكات.
كەواتە حەقیقەت وەكو وێنە، كێشەمان لەسەری نابێت، بەڵام ئەم وێنەیە چۆن وێنا دەكەیت؟ كێشەكان لێرەوە دروست دەبن.
بەڵام با ئەوەش بزانین كە حەقیقەتی بینراو هەیە، حەقیقەتی بیستراویش هەیە.
لەحەقیقەتی بینراودا زۆر كێشەمان نابێت، چونكە ئەگەر بە یەكێك بڵێیت ئاو لەچی پێكهاتووە؟ دەڵێت لە هەردوو گازی هایدرۆجین و ئۆكسیجین، ئەمە وەكو حەقیقەتێك خەبەرە، بەڵام دەتوانین ئەم خەبەرە بەرین بۆ موختەبەر، كە چووینە موختەبەر ئەم تاقیكردنەوەیەمان كردو وا دەركەوت، ئەوسا بە شێوەیەكی زانستی دەبێت بە حەقیقەتێكی زانستی.
بەڵام وەرە سەیری حەقیقەتێكی بیستراو بكە: موحەمەد (درودی خوای لەسەر) پێغەمبەرە و وەحیی بۆ هاتووە لەلای خوداوە، ئەمە بیستراوە، چونكە من و تۆ پێغەمبەرمان نەبینیوە، تەنیا لە رووی خوێندنەوەوە بیستوومانە، بۆیە بۆ ئەو كەسەی بڕوا بكات، ئەم خەبەرە پێی دەوترێت حەقیقەتی بیستراو.
كەواتە ئێمە لە حەقیقەتە بینراوەكان زۆر كێشەمان نییە، بەڵام لە حەقیقەتە بیستراوەكان كێشەمان هەیە.
لێرەوە بۆت دەردەكەوێت كە یەكێك لەو شتانەی كە ئێمە زۆر قسەی لەسەر دەكەین ئایینە، چونكە ئایین موختەبەری نییە تا بتوانیت لەوێدا تێستی بكەیت، بەڵكو ئایین واتاییە، بڕوا و ئیمانە، بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی: (لا اكراە فی الدین)
چونكە دین خۆی حەقیقەتێكی بیستراوە، كە دەیبیستین لە رێی قورئان و فەرموودەوە دەیخوێنینەوە و لێی تێدەگەین، ئەمە حەقیقەتێكە و تۆ ئیمانت پێ هێناوە، یەكێكی دی هێشتا ئیمانی پێ نەهێناوە، بۆیە ناتوانیت فەرزی بكەیت، تەنانەت خوداش رێگەمان پێ نادات بیروبۆچوونی ئایینی بە سەر خەڵكدا فەرز بكەین.
ئەم پێشەكییە پێمان دەڵێت كە خودای گەورە خۆی داوای لێكردووین ئەوەی كە بە حەقیقەتی دەزانین، نابێت بە زۆر فەرزی بكەین بە سەر خەڵكی دیكەدا، بەڵكو دەبێت خۆیان قەناعەت بكەن كە ئەوە حەقیقەتە.
بۆیە هیچمان مافی ئەوەمان نییە زۆر لەوانی دیكە بكەین تا بە قسەی ئێمە بڕوا بكەن، چونكە ئەو قسەیەی كە هەر یەكێكمان دەیكەین، ئەوە تێگەیشتنی خۆمانە بۆ ئایین، تێگەشتنی كەسانێكی دیكەش بۆ ئایین هەیە، ئەم چەند تێگەیشتنە وەك چەندین خەبەر و هەواڵ وان كە وەك خەبەر لە موختەبەری ژیانی رۆژانەدا پیادەی دەكەین، ئەوسا دەزانین كام لەو تێگەیشتنانە دنیامان بۆ دەكاتە دنیای ئاشتی و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوە ژیان و ژیاندۆستی؟ كام تێگەیشتنیش دنیامان لێ دەكاتە مەیدانی شەڕ و گوتاری رق و قین و ئاژاوە و ماڵوێرانی و جەنگ و كوشتارگەی مرۆڤایەتی؟

Top