لەیادی كۆچی دوایی مەلای گەورەدا

لەیادی كۆچی دوایی  مەلای گەورەدا

مەلای گەورەی كۆیە یەكێكە لەو كەسایەتییە ئایینییە كوردییانەی كە هاوكاتبوونی هاتنە دنیای، لەگەڵ كەسانی وەك محەمەد عەبدە و عەبدولڕەحمانی كەواكیبی و بەدیعوززەمان سەعیدی كوردی، گەورەترین شۆڕشی هزری نوێی ئایینییان هێنایە ئاراوە.
مەلای گەورە كە لە 12/10/1943 (دوازدەی تشرینی یەكەمی ساڵی هەزارو نۆسەدو چل و سێ) كۆچی دوایی كرد، زۆر نووسراو و نامیلكە و كتێبی ناوازەی بۆ بەجێهێشتین، لە سەرووی هەمووشیانەوە تەفسیری كوردی كە خۆی لە دە بەرگدا دەبینێتەوە.
زەحمەتە بتوانین لەم باسەدا لە كۆی سیفاتە بڵندەكانی مەلای گەورە بدوێین، زەحمەتیشە تەنیا سیفەتێكی باس بكەین و ئەوانی دی فەرامۆش بكەین. بەڵام لە بەر سرووشتی نووسینی گۆشە، هەر ناچار دەبین تیشك بخەینە سەر یەكێك لەو خاڵانەی كە مەلای گەورە لە رووی ئایینییەوە لەو سەردەمەوە بە پێویستییەكی كۆمەڵگەی كوردەواری زانیوە، كە ئەویش بایەخدانە بە پێگەی عەقڵ لە تێگەیشتنی دەقە ئایینییەكاندا، بۆیە لە بەرگی یەكەمی تەفسیرەكەیدا دەڵێت: «كە عەقڵ نەما، قسە لەگەڵ كێ بكەین؟ بیلئەخەس كە كەرامات هاتە گۆڕێ، بە جارێ عەقڵ و عیلم و حیكمەت دەفڕێ، نیزامی كائینات ژێر بەرەو ژوور دەبێ، حەق و حەقیقەت گوم دەبێ...خودایە تۆ شاهیدی، هەر دینێك هەر مەزهەبێك، هەر مەشرەبێك لەگەڵ عەقڵ موخالیف بێ، .. من لێی بەریم».
هەروەها دەڵێت: «دینێكم دەوێ، بە مەزهەبێك رازیم، كە بە ئیمتیزاجی عەقڵ و نبووەت رۆحێكی خاڵیسی تیا پەیدا بووبێ. زۆریش سەعی دەكەم كە عەوامیش بە راستی لە حەق و حەقیقەت بگا .. با لایشیان مەنفور و بێحورمەت بم».
ئەم بیركردنەوە باڵایە لە پێگەی عەقڵ بۆ ئەوسا و بۆ ئەو سەردەمە هەر لە كەسانی نوێكاری وەك خۆی جوانە، چونكە ئەوسا و تا رادەیەكیش لە ئێستادا، یەكێك لە رواڵەتە دیارەكانی ئەم سەردەمەی كوردەواری و جیهانی ئیسلامی بریتییە لە تێكەڵكردنی ئایین بە ئەفسانە و دەمارگیری، كە ئەمەش زۆر هۆكاری هەیە، وەك:
هۆكاری دەروونی: كە ئەمەش لە هەستكردن بە لاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە كاتێك باوەڕداران تێگەیشتنیان بۆ ئایین رێك بووبێت، هەمیشە هەستیان بە بەهێزیی خۆیان كردووەو، تێگەیشتنەكانیشیان رێك و جوانتر بووەو، خوداپەرستێكی گەشبین بوون لە ژیانداو، خاوەن پەیامێكی ئینسانییش بوون بۆ خەڵكی، بەڵام كاتێك باوەڕداران دواكەوتوو بوون و بەرگەی پێشكەوتنەكانی بەرامبەریان نەگرتووە، هەستیان بە لاوازی كردووە، ئەوسا پەنایان بردۆتە بەر ئەفسانە.
یان بە هۆكاری سیاسی، كە تێكەڵكردنی ئەفسانە و دەمارگیریی بە ئایین لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە زۆربەی نەتەوەكانی دەوروبەر بە فارس و رۆم و عەرەبەوە، پاڵپشتیی مەرامە سیاسییەكانیان كردووە، لە رێگەی بەكارهێنانی ئایینەوە، تەنانەت ئەگەر ناچاری هۆنینەوەی ئەفسانەش بووبن، بەمەش زۆرێك لە ئەفسانەی گەلان تێكەڵ بە خودی ئایین بووە و، بۆتە مایەی ئەوەی رێبازێكی ئایینی دیاریكراو لە بەرامبەر رێبازێكی دیكەی ئایینی دیاریكراودا ئەفسانە بۆ خۆی دروست بكات و بیخاتە ناو ئایینەوە، دواتریش كردوویانەتە مەسەلەیەكی ئایینی و خراوەتە ناو ئایینەوە.
بۆیە كە ئایین بە شێوەیەكی ئاسۆیی پەرەی سەندووە، زیاتریش بایەخی بە روخسار و شكڵی دەرەوە داوە و، پانتایی و رووبەرێكی ئاسۆیی گرتووە لە ژیانی تاكەكان و لە كۆمەڵگەدا، بەڵام لە رووی ستوونی و لە رووی تێگەیشتن و وردبوونەوە و تێگەیشتنی ورد لە دەقی ئایینیدا تووشی وەستان بۆتەوە.
بۆیە شێوازی دەرەكی ئایین و شتە رووكەشییەكانی ئایین و دەستگرتن بە شێواز و سرووتە ئایینییەكان، بە شێوەیكی ئاسۆیی زیاتر بووە، لە كاتێكدا دەبوایە تێگەیشتنی وردتر و قووڵتر دەربارەی دەقە ئایینییەكان هەبوایە.
بۆیە مەلای گەورە لە بەرگی نۆیەمی تەفسیرەكەیدا جارێكی دیكە دێتەوە سەر باسی گرنگیی زانست و داهێنان وەك بەرهەمێكی ناوازەی بەكارهێنانی عەقڵ و دووركەوتنەوە لە خورافات، بۆیە گلەیی لەو بەناو ئاییندارانە دەكات كە دژایەتیی زانست و عەقڵیان دەكرد، لەو بارەوە دەڵێت: «ئاگایان لە عیلم نەما، كەسێك لە علوومی تەبیعییە بدوایا، ئەیانوت كافرە.. پیاوی وەك ئیبن سینایان تەكفیر دەكرد، خەڵكی ترسان و روویان كردە حیكایات و خوڕافات».
لە بارەی زانایانی رۆژئاواشەوە دەڵێت: «عولەمای تەبیعەت كەوتنە سەعی، ئەسراری تەبیعەتیان گەلێ دەرخست، ئیختراعاتی مودهیشیان كرد، لە هەموو جیهەتەوە بە سەر موسڵماناندا غالب بوون».

Top