ژینگە: ماڵ و نەوای ئاشتی بۆ هەمووان

ژینگە:  ماڵ و نەوای ئاشتی بۆ هەمووان

كە ژینگە لەپێش بوونی مرۆڤەوە هەبووە، واتە ژینگە وەك ماڵ بۆ مرۆڤ ئامادەكراوە.
ژینگە بە پێكهێنەرە سەرنجڕاكێشەكانی هەمیشە بۆتە ئیلهامبەخشی مرۆڤ، بۆ گەڕان بەدوای ژینگەو ژیانی نەمرییدا، بۆیە مرۆڤ دوای بەسەربردنی هەزارەها ساڵ لەم ژینگەیەدا، زۆر درەنگ گەیشتە ئەو راستییەی كە پێویستە لەگەڵ سرووشت و ژینگەدا تەبا و هاوژین بێت، نەك دژایەتی بكات، بۆیە درەنگ بۆی دەركەوت كە شتێك بەنێوی تووڕەیی و شێتی و تۆڵەی سروشتەوە نییە، بەڵكو پیسبوونی ژینگە دەرئەنجامی رەفتارخراپیی مرۆڤ خۆیەتی، درەنگیش زانی كە ئاوەدانكردنەوەی زەوی و پاكڕاگرتنی، جۆرێكی بڵندی خوداپەرستییەو پیسكردنی زەوی و ژینگەش لە لیستی گوناه و خراپەكاندایە، چونكە ژینگەی پاك و جوان سوپاسگوزاریی خودامان لەسەر دەكات بە ئەرك و لێپرسراوێتیی، كاتێك زیادەڕەویی و ئیسراف هاوسەنگیی ژینگە تێكدەدەن، هەر ئەو كاتیش ژینگەی خاوێن بەهەشتی دنیایەو ژینگەی پیسكراویش دۆزەخی دنیایە. بۆیە دەبێت بزانین كە خودا ژینگەی بە ئەمانەت داوەتە دەستمان، نەك وەك موڵكی خۆمان، هەروەها ئێمە ژینگەمان لە باوانمانەوە بۆ ماوەتەوە، بەشێكیشمان لەو دەرامەتە ژینگەییانە لە نەوەكانمان قەرز كردووە، هەروەها ئێمە لەم ژینگەیەدا میوانین و میوانیش نابێت بە خراپی دەستكاریی ماڵی خاوەن ماڵ بكات.
پێویستە بزانین كە خودا زیاد لەژمارەی مرۆڤەكان دەرامەتی پێداوین، بەڵام ئەوە مرۆڤەكانن كە لە یەكدی قەدەغە دەكەن، خودا بەقەدەر پێویستیمان دەرامەتی پێ داوین، نەك بە قەدەر چاوچنۆكیمان، مرۆڤ بە دەستكاریكردنی بڕی نیعمەتەكانی خودا، جۆری نیعمەتەكانی خودا خراپ دەكات، بۆیە دەبێت بزانین كە ئەم ژینگەیە تا مردن تەنیا ماڵمانە، پەرستگاكانیشمان هەر لەم ژینگەیەدان.
یاسادانەران دەڵێن و دەستووری وڵاتانیش دەنووسن: ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەت و بێ زیاندا، مافێكی دەستووریی هەر مرۆڤێكە لە هەر وڵاتێكدا، بۆیە ئێمەی مرۆڤ پێویستە بزانین كە یەك هەسارە و یەك ژینگە و یەك ماڵی گەورەی هاوبەشمان هەیە، پیسكردنی ژینگەی ئەوانی دیكەش، پیسكردنی ژینگەی خۆمانە، چونكە وەك لە شەڕدا مووشەكی كیشوەربڕ هەیە، لە ئاشتیشدا پیسبوونی ژینگە كێشەیەكی كیشوەربڕە. هەروەها كە لەیەك ژینگەدا هەواو ئاوی هاوبەشمان هەیە، هەموو دۆستین و كەس دوژمنی كەس نییە، بۆیە هەر تەنیا ئاشتی پارێزەری ژینگەیە و جەنگ و شەڕیش دوژمنی ژینگە و پێكهاتەكانیەتی. لێرەوە جێگەی خۆیەتی كە لە دوای تاوانەكانی (جینۆساید، تاوانەكانی جەنگ، تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی، تاوانی دەستدرێژی) پێویستە شێواندن و وێرانكردنی ژینگەش بەهۆی جەنگەوە لەدادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان ببێتە پێنجەم تاوان.
لە كۆتاییشدا دەبێت ئەو راستییە بزاندرێت كە تەنیا پەرەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە دەبێتە هۆی زامنكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ مرۆڤایەتی، لە رووی ئابوورییشەوە بەهێزكردنی چینی ناوەند لە كۆمەڵگەدا و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و هەژاری و بەرقەراركردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە كە پرسی ژینگەپارێزی دەكاتە خەمێكی گشتی، چونكە لەدواجاردا ژینگە موڵكی ئێمە و نەوەكانی ئایندەو داهاتووشە، پێویستە بەخاوێنی رادەستیان بكەین، بۆ ئەمەش پێویستە لایەك و دەروازەیەك بەرە و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە بكەینەوە، كە سەرچاوەیەكی هەمیشەیین و هی هەموومانە و بەشی هەمووشمان دەكات.

Top