ئازادی بەخششێكی خوداییە، لەگەڵ لەدایكبوونی مرۆڤدا دێتە بوون

ئازادی بەخششێكی خوداییە، لەگەڵ لەدایكبوونی مرۆڤدا دێتە بوون
بیست و سێی ئابی هەموو ساڵێك، لە جیهاندا یادی رۆژی نێودەوڵەتیی (یادكردنەوەی قوربانیانی بەكۆیلەكردن و بازرگانیكردن بەكۆیلەكان) دەكرێتەوە، دیاریكردنی ئەم رۆژەش بەپێی بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو كە لە 17 دێسەمبەری ساڵی 2007 دەریكرد، وەك تەواوكردنێك بۆ رۆژی نێودەوڵەتیی هەمان بۆنە كە لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە درابوو.
هەڵبژاردنی ئەم رۆژەش وەك رێزلێنانێك بوو بۆ شۆڕشی كۆیلەكان كە لە دورگەی سانت دۆمینیكۆی فەرەنسی و هایتییەوە لە مانگی ئابی ساڵی 1791 سەریهەڵدا.
جێگەی خۆیەتیی لێرەدا ئاماژە بە چەند راستییەكی ئایینییش بكەین، كە لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە هانی خەڵكی داوە بۆ كۆتاییهێنان بە دیاردەی بەكۆیلەكردنی مرۆڤ.
خودای گەورە بۆ كۆتاییهێنان بە دیاردەی بەكۆیلەكردنی مرۆڤ، لە سەرەتاوە رزگاركردنی مرۆڤەكانی مەبەست بووە لە كۆیلایەتی، بۆیە دەبینین لە قورئاندا چەندین هەڵەو گوناه دێنەباسكردن، كە پاكبوونەوە لەو هەڵە و گوناهانە لە رێگەی ئازادكردنی كۆیلەكانەوە بووە.
قورئانی پیرۆز لە زۆر جێگەدا لە كاتی ئەنجامدانی هەندێك هەڵەدا لەلایەن مرۆڤەوە، بۆ پاكبوونەوە لەو هەڵانە، بە مرۆڤی هەڵەكار دەڵێت: كۆیلەیەك ئازاد بكە، بۆ نموونە:
یەكەم: لە كاتێكدا كەسێك بە هەڵە كەسێكی دیكەی دەكوشت، خودای گەورە بۆ ئەوەی لە تاوانبار خۆش بێت، وێڕای قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری زیانلێكەوتوو، داوا لە تاوانبار دەكات، بچێت كۆیلەیەكیش ئازاد بكات. ئیمامی نەسەفی لە تەفسیری ئایەتەكەدا قسەیەكی زۆر جوانی كردووە، دەڵێت: ئەگەر بەهەڵە كەسێكت كوشت، خودا كاتێك لێت خۆش دەبێت كە زیندووی بكەیتەوە، دیارە كە ناتوانیت زیندووی بكەیتەوە، بۆیە لەبری ئەمە خودا دەفەرموێت: بڕۆ كۆیلەیەك ئازاد بكە. ئیمامی نەسەفی دەڵیت: ئەوە وەك ئەوە وایە گیان بكەیتەوە بە جەستەی مردووەكەدا.
لەم قسەیەی پێشەوە و بەم شیكردنەوەیە هاوكێشەیەكمان دەستدەكەوێت كە پێمان دەڵێت: ئازادی یەكسانە بە ژیان، چونكە ئازادكردنی كۆیلەیەك، یەكسان بوو بە گیانی مردوویەك.
دووەم: حاڵەتێكی دیكە، كاتێك كەسێك سوێندێك دەخوات، بۆ نموونە: دەڵێت سوێند بەخودا، یان سوێند بە قورئان ئەو كارە دەكەم، بەڵام دواتر ناتوانێت بیكات و سوێندەكەی ناباتەسەر، خودا چۆن لێی خۆش دەبێت؟
خودا داوای لێدەكات یەكێك لەم سێ كارە ئەنجام بدات: یان دەبێت كۆیلەیەك ئازاد بكات، یان (10) كەسی برسی تێر بكات، یان سێ رۆژ بەڕۆژوو بێت.
ئەم نموونانە و هی دیكەش لە قورئاندا پێمان دەڵێن كە خودا زۆر مەبەستی بووە و مەبەستێتی كە كۆیلایەتی لە دنیادا نەمێنێت.
ئێمەی گەلی كوردستان لەیادكردنەوەی بۆنەیەكی جیهانیی وەهادا، پێویستە كارەساتی بەكۆیلەكردنی سەدان ئافرەت و منداڵی كوردانی ئێزدی زیندوو رابگرین و، دژایەتیی خۆشمان رابگەیەنین دژ بە گوفتار و رەفتارەكانی داعش كە لە سەدەی بیست و یەكدا دیاردەی بەكۆیلەكردنی مرۆڤی زیندوو كردەوە.
راستە داعش بۆ كردەوە قێزەونەكانی خۆی پشتی بە هەندێك لەو دەقانە دەبەست كە لەنێو هەندێك كتێبی كۆن و نوێی تەفسیر و راڤەی فەرموودەدا هەبوون، بۆیە لە رۆژی جیهانی و نێودەوڵەتیی یادكردنەوەی قوربانییانی بەكۆیلەكردن و بازرگانیكردن بە كۆیلەكانەوە، ئەركی لەپێشینەی زانایانی موسڵمانە كە ئەو سەرچاوە و كتێبانە پاك بكەنەوە لەو قسە هەڵانەی كە تێیاندان، ئەگەرنا، ئەوە دەبێت چاوەڕوان بین كە داعش و هاوشێوەكانی لە رووی خراپ بەكارهێنانی هزری ئایینییەوە، بە زۆر جۆری دیكە لەوانەیە لە داهاتوودا دروست ببنەوە و دروست بكرێنەوە.

Top