11 ساڵە داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر دەكەم

11 ساڵە داوای  پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر دەكەم

زیاتر لە 11 ساڵ لەمەوبەرو لە بەرواری (19/2/2008) بابەتێكم نووسی لەسەر پێویستیی هەبوونی یاسای پاراستنی بەكاربەر و هەبوونی دامەزراوەیەكیش بۆ هەمان مەبەست، كە ئەمەی خوارەوەی نێوان هەردوو كەوانەكە دەقەكەیەتی وەك خۆی:
((لە راگەیاندنی یەكێتی نێودەوڵەتیی بۆ كۆمەڵەكانی پاراستنی بەكاربەر لە ساڵی (1960) لە (لەندەن) و دواتریش لە ساڵی (1962)وە بە ناساندنی (15/3)ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانیی پاراستنی بەكاربەرو، دواتر دەرچوونی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە (9/4/1984) و ئاشكراكردنی مافەكانی بەكاربەر لەهەشت خاڵدا كە بریتیی بوون لە: سەلامەتیی تەندروستی، دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان، ژینگەیەكی تەندروست، فێربوون، رادەربڕین لەسەر جۆرو نرخی كاڵاكان، هەڵبژاردنی شتومەك، زانیاری وەرگرتن لەسەر جۆری شتومەك، قەرەبووكردنەوە لە حاڵەتی زیانلێكەوتندا.
لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ زۆرێك لە پەرلەمانانی وڵاتان یاسایەكیان پەسەند كردووە بە نێوی یاسای پاراستنی بەكاربەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە بازرگانانی كەمتەرخەم و قۆرخكاری بازاڕ. هەروەها وەزارەتی بازرگانی لە حكومەتەكانی زۆربەی وڵاتاندا بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێیان كردۆتەوە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی بەكاربەر كە ئەركی سەرەكی بریتییە لە رێكخستن و چاودێریكردنی بازاڕ و وەرگرتنی سكاڵای هاووڵاتیان و سەردانی لەناكاو بۆ كۆمپانیا و كارگەكان و لێكۆڵینەوە و دەست بەسەرداگرتنی شتومەكی خراپ و سزادانی سەرپێچیكاران و.. هتد. هەروەها لە زۆربەی وڵاتاندا خەڵكی مرۆڤدۆست و خاوەن ویژدانی زیندوو چەندین كۆمەڵە و رێكخراوی ناحكوومی و سەربەخۆیان دامەزراندووە، بە مەبەستی پاراستنی بەكاربەر و پشگیریكردنیان و دەرخستنی كەموكوڕییەكانی بازاڕ و بەرەنگاربوونەوەی مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕ، بە جۆرێك كە ژمارەی ئەم رێكخراوانە زۆر لە زیادبووندان و، ساڵانەش چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە بەرژوەندیی بەكاربەر و لە چاودێریكردنی بازاڕ و بازرگانان.
لێرەوە دەزگاكانی راگەیاندن بەرنامەی تایبەتیان هەیە لە رادیۆ و تیڤی و هەروەها رۆژنامەكانیش پاشكۆی تایبەت بە پاراستنی بەكاربەر و سكاڵای هاووڵاتیان لە بازاڕ و تەنانەت بڵاوكردنەوەی تایبەت بەم باسە دەردەچێت و، ریكلامە بازرگانییەكانیش پاش رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و بازرگانی بڵاودەكرێنەوە، چەندین سایتی ئینتەرنێتیش هەن كە لە بەرژەوەندیی بەكاربەردا كار دەكەن، بە جۆرێك كە رۆژانە راگەیاندن لەم بوارەدا رێنمایی دەداتە هاووڵاتیان و بەكاربەران بۆ خۆدوورگرتن لە مەسرەفگەرایی و بۆ گۆڕینی شێوازی كڕین و بەكاربردن لە ژیاندا و فێركردنی هاووڵاتیان بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان لەپێش بۆنە و جەژنەكاندا و بۆ زانینی مافی سكاڵاكردن و خەبەردان لە شتومەكی خراپ و ئێكسپایەر و داوای قەرەبووكردنەوەش.
ئێمە ئەمڕۆ لە كوردستاندا لەپاڵ یاسای وەبەرهێناندا پێویستە یاسای پاراستنی بەكاربەر لەپەرلەمان پەسەند بكرێت و، لە وەزارەتی بازرگانیی حكومەتیشدا بەڕێوەبەرایەتیی، یان فەرمانگەی پاراستنی بەكاربەر دابمەزرێت، هاووڵاتیانی چالاكیش بیر لە دامەزراندنی چەندین رێكخراو بكەنەوە بۆ پاراستنی بەكاربەر، كە هەموو ئەمانەش پێویستییەكی بەرچاوی ئەم سەردەمەن)).
ئەمە تەواوی فسەكانم بوو پێش 11 ساڵ لەمەوبەر، بۆ دڵنیابوونیش بڕوانە هەفتەنامەی یەكگرتوو: ژمارە (677)، رۆژی سێشەممە، 19/2/2008
خۆشبەختانە دوای دوو ساڵ لەم بەروارە، واتە لە ساڵی 2010 پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2010)ی پاراستنی بەكاربەری پەسەند كرد، دواتریش پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (19)ی رۆژی (27/6/2010) بڕیاری جێبەجێكردنی هەمان یاسای پەرلەمانی عێراقی لەهەرێمی كوردستاندا پەسەند كرد، بەڵام لەوساوە تا ئەمڕۆ هێشتا ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر پێكنەهێنراوە كە یاسای ناوبراو داوای پێكهێنانی دەكات، بۆیە ئێستا لە (2019)دا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر بكات لە پێناوی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستاندا.

Top