بە بیركردنەوەی ئازاد ئازادیی ئایینی گەشە دەكات

بە بیركردنەوەی ئازاد  ئازادیی ئایینی گەشە دەكات

ئازادی لە بنەڕەتدا مافێكی خواپێدراوە بە گشت مرۆڤەكان، بۆیە نابێت كەس منەت بەسەر كەسێكی دیكەدا بكات، چونكە هەروەكو كەس ئازادی بە تۆ نەداوە، تۆش ئازادیت بەكەس نەداوە، كەسی دیكەش ئازادی بە كەسانی دیكە نەداوە.
ئازادی لەگەڵ لەدایكبوونماندا دێتەبوون، بۆیە خودا رێگەی بە كەس نەداوە خەڵكی دی بكات بە كۆیلە لەكاتێكدا ئەوان بە ئازادییەوە لەدایكبوون.
لە كتێبی (ئەلموغنی) (ئیبنو قودامەی مەقدیسی)دا، قسەیەكی جوان هەیە دەڵێت: «خودا ئادەم و نەوەكانی ئادەمی بە سەربەستی و بە ئازادی دروستكرد، بۆیە بۆ هیچ مرۆڤێك نییە خۆی بكات بە كۆیلە بۆ كەسێكی دی، تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندیی خۆیشی بێت، چونكە ئازادی مافێكە هی خودایە، یانی خودا بە تۆی داوە، تۆ ناتوانیت لەجیاتی خودا بڵێی من دەستبەرداری دەبم، هەموو خاوەن زانستە شەرعییەكانیش لەسەر ئەم خاڵە كۆك و هاوڕان.»
خودا ئازادی پێ بەخشیویت، بەم ئازادییەش دەكرێت پێشبكەویت، دەشكرێت دوابكەویت، چونكە كاتێك ئازادیت بە ئاراستەی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و پێشكەوتن و نیشتمانپەروەری و خزمەتكردنی ئینسانەكان و خاك و خەڵك دەبێت، ئەوسا بەرهەمی ئازادی وەك خودی ئازادی جوان دەبێت، بێگومان پێچەوانەی ئەمەش هەر راستە، چونكە ناكرێت بە ناوی ئازادییەوە، ئازادی ناشیرین بكەیت و یاساشكێنیی بكەیت، بۆیە گوتراوە: ئازادیی تۆ لەوێوە كۆتایی پێدێت، كە ئازادیی ئەوانی دی دەست پێ دەكات.
كاتێك ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان زۆر زیاد دەبن، ناكرێت هەمووبان لەیەك كاتدا لەهەر چوار لای چوارڕیانەكەدا دەربچن بۆ رۆیشتن، كەواتە چی بكەین بۆ رێكخستنی ئەوەی كێ بڕوات و كێ بوەستێت؟
دێین ئازادی بە لێپرسراویەتی و بەرپرسیاریەتی پەیوەست دەكەین و، بەپێی سیستەمی هاتوچۆ رێكیان دەخەین: كاتێك كە گڵۆپەكە سوور دەبێت، ئەو لایە دەبێت بوەستێت، ئەو كاتەی كە گڵۆپەكە سەوز دەبێت، دەبێت بڕوات.
ئەمە كێ دایهێنا؟ خۆمان دامانهێنا، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئاراستەی ئازادییەكانمان بەریەك نەكەون.
لەگەردوونیشدا ئەم هەموو مانگ و هەسارە و ئەستێرانە ئازادن لە جووڵەیاندا و هیچ كاتێكیش لە جووڵە نەكەوتوون، بەڵام جوانییەكەیان لەوەدایە كە ئازادییەكەیان ئازادییەكی بەرپرسیارانەیە، وەك بڵێی بزانن ئەگەر رۆژێك بەریەك بكەون، كۆتاییان پێدێت.
كەواتە لە ژیانی رۆژانەی ئێمەشدا بۆ ئەوەی ئازادیی هیچمان پێشێل نەكرێت، دەبێت بەپێی یاسا ئازادیی بەرپرسیارانە پیادە بكەین، بۆ ئەوەی كەس مافی كەس نەخوات. لە بواری ئایینییشدا چونكە زۆركردن لە دیندا نییە، دەبێت تۆ ئازاد بیت لە هەڵبژاردنی ئاییندا، واتە پێش ئەوەی ئایینت هەبێت، تۆ بە ئازادی بیردەكەیتەوە. ئەم پڕۆسەیە چیمان پێدەڵێت؟ پێمان دەڵێت: ئازادی لە پێش ئایینە، چونكە ناكرێت ئایین بە سەر كەسێكدا بە زۆر فەرز بكەیت، بەڵكو دەبێت خۆی بیری لێ بكاتەوە، تا دەگاتە ئەنجام.
ئەمە لە راستیدا ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم ئینسانە دوای هەڵبژاردنی ئایین عیبادەت ئەنجام دەدات، جا ئەگەر موسڵمان بێت، ئەگەر جوو بێت، ئەگەر مەسیحی بێت، ئەگەر بوزی بێت، ئەگەر هندۆسی بێت، ئەگەر هەر ئایینێكی هەبێت، دواجاریش هەر سروتێكی عیباداتی و پەرستنی خودا، دەبێت بە خۆشەویستیی خوداوە ئەنجام بدرێت، چونكە پێنلسی زۆرێك لە عاریفان بۆ عیبادەت بریتییە لە: ئەوپەڕی پەرستنی خودا، بە ئەوپەڕی خۆشویستنی خوداوە.
بۆیە لە جوانییەكانی ئایینی ئازادی ئەوەیە مرۆڤ ئازاد بێت، ئەگەر ئەم ئینسانە بە ئازادی خۆی رێگە و بڕوا و باوەڕی خۆی هەڵبژێرێت، باوەڕی هەمیشەیی و دامەزراو دەبێت، بەڵام ئەگەر بە زۆر و سەپاندن بێت، باوەڕی كاتی و لەرزۆك دەبێت. بۆیە هەمیشە گوتوومە و دەیڵێم جوانترین نموونەیەك بۆ تێگەیشتن لە ئایین لەم ناوچەیەدا، كوردستانە، لە كوردستاندا ئەوەی خۆی پۆشتە دەكات ئازادە و ئەوەشی كە پۆشتە نەبێت، هەر ئازادە، هەر ئایینێك هەڵدەبژێریت ئازادیت، وەزارەتەكەشمان لە هەرێمی كوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییە، تەنانەت نەمانگوتووە كاروباری ئیسلامی، بۆ ئەوەی جێگەی ئایینەكانی دی بكەینەوە.
هەرێمی كوردستان نە مەزهەب فەرز دەكات، نە ئایین، نە جلوبەرگ، بەڵكو نموونەیەكی جوانی بەرجەستەكراوی ئایین ئەمەیە كە ئێمە لە كوردستاندا دەیكەین، شیعە بیت، یان سوننە، موسڵمان بیت، یان مەسیحی، یان ئێزدی، یان جوو، یان سابیئەی مەندائی، یان بەهائی، یان زەردەشتی، یان یارسان بیت، هەموو ئەمانە لە هەرێمی كوردستاندا جێگەیان دەبێتەوە، چونكە بە بیركردنەوەی ئازادانە و بە تێگەیشتنی كوردانە، ئازادییە ئایینییەكانمان پاراستووە.

Top