تیرۆر جێی نابێتەوە

تیرۆر جێی نابێتەوە

ئەو پەلامارەی لە ریستۆرانتەكەی هەولێر رویدا و دوو هاوڵاتیی كوردستان و دیبلۆماتكارێكی توركیای تێدا بوونە قوربانی، پەلامارێكی تیرۆریستی بوو، كە جگە لە زیانگەیاندن بە كوردستان و ئارامی پایتەختەكەی و دروستكردنی حەراجەتی سیاسی بۆ حكومەتەكەی و لێدانی بەرژەوەندیی گشتی هەرێم و بەرژەوەندی و كار و كەسابەتی خەڵكەكەی، هیچ ئامانجێكی دیكەی نەپێكا. تەوقیتەكەشی لە ساتەوەختی لەنوێ پێكهاتنی حزبەكان و پێكهێنانی حكومەتدا، ئاماژەی ئەنقەستی و مەبەستی روونی تێكدەرانەی لێدەخوێندرێتەوە.
لێدانی بێ دەربەست و خەمساردانەی بەرژەوەندییەكانی كوردستان لەو ئان و ساتە هەستیارەدا، جگە لە دژایەتی و دوژمنكاری، مانایەكی دیكەی نییە. بۆیە لە ئاست وەها دوژمنكارییەكدا، بەرژەوەندی باڵای هەرێم و خەڵكەكەی، هەڵوێستی توند و حازم لە حكومەت و هاوكاری و پشتگیریی كۆی هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەكان لە هەڵوێستی حكومەت دەخوازێ. دەستگیركردنی تیرۆریستەكەش بەو دەم و دەستە سەلماندی ئەو هاوكاری و پشتگیرییە لەئارادایە.
ئەم هەرێمە شاری بێ ساحێب و شەڕگە و مەیدانی بەتاڵی شەڕی هیچ لایەنێك نییە، خەڵكەكەشی بارمتەی دەستی كەس نین تا لە شەڕی خۆیاندا وەك قەڵغانی بەشەری بەكاریان بێنن و بە كوشتیان بدەن. لەم هەرێمە گەلێك دەژی و حكومەتێك ئةركداره بە پاراستن و دابینكردنی ژیان و گوزەرانی. هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەو ژیان و ئارامییە لە هەر كوێوە سەرچاوە بگرێ، ئەركی حكومەتە بەرەنگاری بێتەوە.
كاتێ حكومەت قبوڵ ناكات خاكەكەی سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ دەرو دراوسێكانی، قبوڵ ناكات دەستی جەنگ رابكێشرێتە نێو خاكەكەی، دیبلۆماتكار و میوان و بەرژەوەندییە مەشروعەكانی ووڵاتان لە قەڵەمڕەوی خۆیدا دەپارێزێ، بەرنگاریی تیرۆر دەبێتەوە بەهەر ناو و ناسنامەیەك بێت. لە رێی فەراهەمكردنی كەشێكی ئەمنیی لەبار و متمانەدار، سەرمایەگوزاری و جوڵەی ئابوری و بازرگانی هاندەدات، ئەمانە بەر لەوەی ئیلتیزامی یاسایی نێودەوڵەتیی بن لەسەر شانی حكومەتەكەمان و بەر لەوەی ببنە مایەی پێگەبەهێزیی و رێزلێگیراویمان لە دەرەوە، رێگەی دروستی پاراستنی بەرژەوەندی و ژیانی خەڵكی كوردستانن.
دەستی ئەمنیەتپارێزانی كوردستان خۆش بێ و هێندەی ئەوانیش ئافەرین و دەستخۆشیی بۆ هاوكاریی هاوڵاتیان..
Top