حزبی ئاینیی ئایینی حزبی بەرهەم دەهێنێت

حزبی ئاینیی  ئایینی حزبی بەرهەم دەهێنێت
خوای گەورە خودای هەمووانەو پێغەمبەرەكەیشی (درودی خوای لەسەر) رەحمەتە بۆ هەمووان و، خوداش بۆ بە یەكسان تەماشاكردنی گشت مرۆڤەكان لە دنیادا ناوی (حەكەم)ـی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، چونكە مەرجی بوون بە حەكەم بریتییە لە بە یەكسان سەیركردنی گشت لایەك و گشت مرۆڤەكان بە یەكسانی، بۆیە خوای گەورە پاداشت و سزای لەسەر پەیڕەوكردن، یان نەكردنی ئایینەكەی بۆ قیامەت هەڵگرتووە، بەڵام لە دنیادا ئازادیی بڕیاردانی بە مرۆڤەكان بەخشیوە و، ئایین بە زۆر ناسەپێنێت بەسەر كەسدا و خەڵكیش ئازادن لە بڕواهێنان، یان نەهێنان.
هەر بۆیە كاتێك خودی ئایین لە هەوڵی گێڕانەوەی رۆڵی حەكەمییانەی خۆیەتی، كەچی شوێنكەوتووە حزبییەكانی ئایین، زیاتر لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رۆڵی حاكمبوونی ئایین.
پەیامی رەحمەت و مرۆڤدۆستانەی ئایین لە رەحمانییەتی خوای گەورەوە سەرچاوە دەگرێت و، پاداشت و خەڵاتی خواپەرستی و عیبادەتیش لە رەحیمبوونی خواوە سەرچاوە دەگرێت و لە قیامەتدا دەبێت، نەك لە دنیادا.
بۆیە ئەمڕۆ جیهان ئاتاجی رۆحی یەكسانخوازیی ئایینە هەتا پێگەی مرۆڤ و گەورەیی گشت مرۆڤەكان لە ئاوێنەی ئاییندا نیشان بدات و، درەوشانەوەی ناوەكانی (الحكم) و (العدل)ی خوداش لە گوتار و رەفتاری مرۆڤەكاندا بەرجەستە بن.
ئەم پێشەكییە كورتەم بەپێویست زانی بۆ ئەوەی وردتر ئاماژە بە زۆر جیاوازیی لە نێوان كاری ئایینی و كاری حزبی بكەم، بۆ ئەوەش كە ماناكانی ئەو ناونیشانەی سەرەوەش جوانتر روون ببنەوە:
1. ئامانجی ئایین ئیسڵاحـە، ئامانجی حزب مەسڵەحەتە.
2. ئایین وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی رۆحە، حزب وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی جەستەیە.
3. ئایین لە چەمكە جێگیرەكان دەدوێت، حزب كار لەسەر چەمكە گۆڕاوەكان دەكات.
4. ئایین مێرگی ئاشتی و تەباییە، حزب مەیدانی شەڕو ململانێیە.
5. ئایین دڵی مرۆڤی دەوێت، حزب دەنگی مرۆڤی دەوێت.
6. ئایین رەزامەندیی خودای مەبەستە، حزب رەزامەندیی جەماوەری مەبەستە.
7. ئایین بە رەوشت و ئاكار مرۆڤ رادەگرێت، حزب بە یاسا و دیسپلین مرۆڤ كۆنتڕۆڵ دەكات.
8. ئایین بێ بەرامبەرەو پاداشتی دنیایی نییە، حزب پۆست و پێگەی دنیایی دەبەخشێت.
9. ئایین بایەخ بە چاودێریی خودیی دەدات، حزب كار بە چاودێریی مرۆیی دەكات.
10. ئایین بە شوێنكەوتووانی نوێنەرایەتی رێبازێك دەكات، حزب بە رێبازێك نوێنەرایەتیی خەڵك دەكات.
11. ئایین دەیەوێت دەقەكانی بكاتە واقیع، حزب دەیەوێت واقیع بكاتە دەقەكان.
12. ئایین پەرستگای هەیە بۆ هەمووان، حزب نووسینگە و بارەگای هەیە بۆ ئەندامان.
13. ئایین بە مەزهەبەكانی دابەشكردنی لەیەكچووەكانە، حزب بە پەیڕەوەكانی كۆكردنەوەی جیاوازەكانە.
14. خەمی سەرەكیی ئایین كۆمەڵگەیە، خەمی سەرەكیی حزب دەوڵەتداریی و حوكمڕانییە.
15. ئایین لە بازنەی كوفر و ئیماندا پۆلێنكاری دەكات، حزب لە بازنەی یار و نەیاردا پۆلێنكاری دەكات.
16. ئایین رێنمایی دەسەڵات دەكات، حزب هەوڵ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات دەدات.
17. ئایین دەیەوێت بێلایەن و حەكەم بێت، حزب دەیەوێت لایەندار و حاكم بێت.
18. ئایین هەوڵ دەدات رەفتار بگۆڕێت، حزب دەیەوێت ئەفكار بگۆڕێت.
19. ئایین زەمەن لە بەردەمیدا كراوەیە، حزب زەمەن لەكاریدا دیاریكراوە.
20. ئایین بانگەواز دەكات، حزب بانگەشە دەكات، بانگەواز و بانگەشەش جیاوازن:
أ: بانگەواز دەعوەیە، بانگەشە دیعایەیە.
ب: بانگەواز بیروباوەڕ و بەهای باڵایە، بانگەشە ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسییە.
ج: بانگەواز قەناعەت هێنانە بە گشت، بانگەشە قەناعەت هێنانە بە بەش.
د: بانگەواز درێژخایەن و هەمیشەییە، بانگەشە كورتخایەن و كاتییە.
Top